کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامادەکاریی کۆماری ئیسلامی بۆ گرانتر کردنی هەنگاو بە هەنگاوی نرخی نان

1615320 829

ڕۆژنامەی هەم مەیهەن ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەر، ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناویچیرۆکی پڕلە خەمی نانبڵاو کردەوە کە گەلێک بە ئازارە. زەهرا جەعفەرزادە ئەم ڕاپۆرتەی بە کەڵک وەرگرتن لە نانەواکان لە ١٥ نانەواخانە لە ناوچە بێبەشەکان، ئامادە کردووە. لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرپرسی یەکێتی نانەوا نەریتییەکانی تاران، دوایین گۆڕانکارییەکانی نرخی نانیان لە ١٩ی خەرماناندا ڕاگەیاند. نرخێکی کە بە ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاری بەسەردا هات. بە پێی ڕاگەیاندنی ئەم یەکێتییە، نرخی نانی لەواش نزیکەی ٤٠٪ و نرخی نانی سەنگەکیش نزیکەی ٦٦٪ بەرز بووەتەوە. بەهۆی زیاتربوونی بەکارهێنانی نان، کوالێتیەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لەو ڕاپۆرتەدا یەکێک لە نانەواکان گلەیی لە نزمی کوالێتی نان و کەمبوونەوەی کڕیارەکانی و هەروەها ڕانتێکی کە بۆ کڕینی نان بوونی هەیە، دەکات و دەڵێت: “سەیری ئەم نانە بکەن، کوالێتی زۆر خراپە، نابێت نان بەمشێوەیە بێت“. ئەو، ئەو نانانەی کە تازە لە تەنوورەکەی دەرهێناون نیشان دەدات و دەڵێت: “ئاردی بێ کوالێتیدەبێ بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لەناو ئامێرەکەدا بمێنێتەوە تا بتوانین بەکاری بێنین، ئەمەش ئاکامەکەیەتی”. یەکێکی تر لە نانەواکان بەرامبەر بە کەمبوونەوەی پشکی ئارد، ناڕەزایەتی دەردەبڕی و دەڵێ: “بە بیانووی جۆراوجۆر ٣٠ فەردە ئاردیان لە هەر نانەواخانەیەک کەمکردۆتەوە، ئێمە لە تاران ١٠ هەزار نانەواخانەمان هەیە، خۆتان بەراوردی بکەن بزانن چەند فەردە کەمکراوەتەوە؟نانەوایەکی دیکە وێنایەکی بابەتیی لە هەژاریی دەهێنێتە بەرچاوی خۆی و بەم شێوەیە دەدوێت: ئێستا دۆخی ئابووری خراپە، فرۆشی ئێمەش کەمی کردووە، خەڵک لە خواردن کەوتوون. پێشتر ڕۆژانە سێ ژەمیان دەخوارد، بەڵام ئێستا دوو ژەم دەخۆن. نەخواردنی ئەو ژەمە، فرۆشی ئێمەی کەم کردووەتەوە.

پەیامنێرەکە لە سەر زاری کۆمەڵناسێکەوە دەڵێت: “ئێمە کەم تا زۆر ئاماری فەرمیمان سەبارەت بە دۆخی هەژاریی لە وڵاتدا لەبەردەستدایە، تەنانەت خودی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە کە لانیکەم ٢٥ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاری موتڵەقدان“. هەژاریی موتڵەق واتە مرۆڤ توانایی دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئەم ژیانەی، لەوانە نان و ئاوی خواردنەوە، بێهداشت، جل و بەرگ و شوێنی نیشتەجێبوونی نییە. ڕاپۆرتەکەی هەم مەیهەن بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە بوونی مافیای بەهێزی گەنم و ئارد دەکات و دەڵێت، داهاتی ڕۆژانەی مافیای نان، دەگاتە نزیکەی ٦٠ ملیارد تمەن. ئەمەش واتە ڕۆژانە بە ئەندازەی نرخی پێنج هەزار تۆن ئارد، پارەی هاووڵاتیان دەچێتە گیرفانی مافیاکانەوە. سەبارەت بە مافیای ئارد لە مازەندەران، دەوترێت کە ١٣ هەزار فەردە ئاردی یارانەیی، لەبری ئەوەی بکرێت بە نان بۆ خەڵک، بە نرخی ئازاد لە بازاڕدا فرۆشراوە. مافیای ئارد، جگە لە دزینی بەشە ئاردی خەڵک، بە وەرگرتنی ئیمتیاز، کارێک دەکات کە بە ئاشکرا جینایەتە، ئەویش بریتییە لە جیاکردنەوەی ڕیشاڵی ناو ئاردەکە. بەم کارە ڕیشاڵی ناو نان بەڕادەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە و خواردنی ڕادەی کەمی ڕیشاڵیش، مەترسی تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شەکرە و شێرپەنجە زیاد دەکات، بە وتەی پسپۆڕانی خۆراک، لە ئێستادا بڕی وەرگرتنی ڕیشاڵ لەناو کەسانی هەژاردا، تەنها ١٣ گرامە لە ڕۆژێکدا، ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی پێشنیارکراوی خواردنی ڕیشاڵ بەپێی ستانداردی جیهانی، بڕی ٢٨ گرامە لە ڕۆژێکدا.

ئەگەر بە شێوەیەکی نەریتی نان لە سفرەی خەڵکی ئێران و خۆراکیاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەژارییە لەڕادەبەدەری کە بەسەر زۆرینەی ئەو خەڵکە دا سەپێنراوە. بۆ نموونه به پێی ڕاپرسییەکی ڕادیۆی دەنگی ئاڵمان، ئەگەرچی ڕێژەی دانیشتوانی ئێران و ئاڵمان یەکسانە، بەڵام بڕی بەکارهێنانی نان لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە، دوو هێندە و نیوی شارۆمەندانی ئاڵمانە، بەپێچەوانەوە خواردنی گۆشت و شیرەمەنی لە ئاڵمان ١٣ هێندەی ئێرانییەکانە. هەڵبەت بێگومان هەمووان لەگەڵ کاریگەرییەکانی خواردنی بڕێکی کەم لە پرۆتئین بەتایبەت لەسەر تەندروستی منداڵان، ئاشنان. ئەو ڕاپۆرتانە گەلێک ناخ هەژێنن. بەڵام بابەتەکە لەوەش ناخ هەژێنتر دەبێت کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە پارێزگاری ژمارەیەکی زۆر لە پارێزگاکان، کۆچبەرە هەژار و کەمداهاتە ئەفغانستانییەکان لە مافی کڕینی تەنانەت ئەو نانە گران و بێ کوالیتی و بێ ڕیشاڵەش، بێبەش کردووە. بێ نانی لە نێو ئەو هاوڵاتییە هەژار و بێبەش لەو ماددە خۆراکییە سەرەتاییانەی کە پەنا دەبەنە بەر خواردنی نان، تەنها یەکێکە لە کێشە و گرفتەکانی بژێوی ژیان لە پەنای بێمافی سیاسیی موتڵەقدا. گومان لەوەدا نییە کە کۆماری ئیسلامی، زۆربەی هەرەزۆری چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بەشی خوارەوەی چینی مامناوەندی لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێراندا، بەرەو لێواری لەناوچوون بردووە. بەشی ئارد و نان، هەر لە کۆنەوە لەژێر کۆنترۆڵی ژمارەیەک بەرپرسی گەندەڵدا بووە. چارەسەری کۆتایی کێشەی نان، پرسێکی جیاواز لە چارەسەری کێشەکانی تری بژێوی خەڵک نییە و ئەویش بە خەبات و تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی مسۆگەر دەبێت، بەڵام هەر مڕۆش دەتوانرێت بە پێکهێنانی ڕێکخراوە گەلێکی وەک پشتیوانی لە کڕیاران، لە هەر شوێن و گەڕەکێک، ئاستی ئەم کێشەیە تا ڕادەیەک کەم بکرێتەوە.