کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

7f

لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە خەبات و خۆڕاگریی لە کوردستان، گەلێک نەریتی پێشکەوتنخوازانەی بەنرخ لەم کۆمەڵگایەدا جێکەوتووە. یەکێک لەو نەریتانە، بریتییە لە ڕۆژی جیهانی کرێکار. ئەم نەریتە لە دژوارترین ڕۆژەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لە دۆخێکدا کە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، هەموو بوارەکانی ژیانی ئەم کۆمەڵگایەی خستبووە ژێر کاریگەری خۆی و تەنانەت لەژێر نووکی سەرنێزەی دوژمندا، بەرزڕاگیراوە. لەم ڕێگەیەدا گەلێک گیانبازی و فیداکاری کراوە، زیندانی و ئەشکەنجە و دەربەدەری و هەروەها بێکاری و لەسەرکار دەرکران و هتد، تەحەمول کراوە، بەڵام ئاڵای یەکی ئایار لە کوردستان بەردەوام شەکاوەتەوە. ڕژیمی دژە کرێکاریی کۆماری ئیسلامی، لەم پێوەندییەدا تەنانەت کرێکارانی خەباتکار و  تێکۆشەری وەک “جەماڵ چراغ وەیسی” و “عەبدوڵڵا بیۆسە”ی لەسێدارە دا، بەڵام بێ ئاکام بوو. ئەم خۆڕاگریی و کۆڵنەدانە ڕژیمی ناچار کردووە کە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی پشوو بە فەرمی بناسێت. ئەگەرچی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سەربەخۆی کرێکاریی، ڕێوڕەسمی دەوڵەتی بەڕێوەبردووە، بەڵام لە کوردستاندا وەک نەریتێکی جێکەوتوو، ئەم ڕێوڕەسمە دەوڵەتیانە بایکۆت دەکرێن. ١١ی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ لە بارودۆخێکدا کە هێشتا دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر کوردستاندا زاڵ نەببوو، ڕۆژی جیهانی کرێکار لە هەموو شارەکانی کوردستان بەشێوەیەکی شکۆدار بەرز ڕاگیرا. لەو ڕۆژەدا ڕێپێوانێکی شکۆدار لە شاری مەهاباد بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوەچوو، کە نمایشێک بوو لە هێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو شارە. ساڵی ١٣٦٢ لە کەشێکی تەواو نیزامی و شەڕدا و لە لوتکەی سەرکوت و خەفەقاندا، ڕۆژی جیهانی کرێکار لە شاری مەهاباد لە ئاستێکی بچووک بەڵام هێندە پڕ جۆش و خرۆش و خەباتکارانە بەڕێوەچوو کە لە یادەوەرییەکاندا هەروا دەمێنێتەوە. ئەو بزاڤە سەرەتاییە لەو سەردەمی گوشار و خەفەقان و سەرکوتەدا، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی هەبوو لە زیندوو ڕاگرتنی ئەم نەریتە کرێکارییەدا، کە هیچکات لەبیر ناکرێت.

نموونەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، بریتی بوو لە ڕۆژی ١١ی گوڵانی ١٣٦٦ لە شاری سنە. لەو ڕۆژەدا، سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە زووەوە خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆڕ و کۆبوونەوە کرێکارییەکان ئامادە کردبوو و بە کۆکردنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی و وەڕێخستنی تەبلیغاتی جەنگی، کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان، گەمارۆدانی گەڕەکە کرێکارییەکان و پشکنینی جەستەیی بەربڵاو، هاتبووە مەیدان و پێشوەختە ڕایانگەیاندبوو کە نابێت هیچ ڕێوڕەسمێکی سەربەخۆ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە ڕۆژێک بەر لە ١١ی گوڵانەوە کرێکاران و زەحمەتکێشانی شاری سنە دەست بەکار  بوون و بانگەوازی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەم ڕۆژەیان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گەڕەکە کرێکارییەکاندا بڵاوکردەوە. سەرەنجام چەندین مەراسم لە “پاساژی عێزەتی، کارگەی جلوبەرگ، کارگەی شاهۆ” و لە نێو کرێکارانی “قەناد” و بنەماڵە کرێکارییەکان بەڕێوەچوو. بڕیارنامەی یەکی ئایاری ١٣٦٦ی کرێکارانی سنە، جگە لە داخوازی بە فەرمی ناسینی ڕۆژی کرێکار و ڕاگەیاندنی ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی پشوو، داخوازی مافی ڕێکخستن و مانگرتن، ٤٠ کاتژمێر کار لە هەفتەیەکدا، حەقدەستی گونجاو لەگەڵ ئاستی هەڵاوسان، قەدەغەکردنی کاری منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، گرنگیدانی تایبەت بە ژنانی کرێکار و چەندین ویست و داواکاری دیکەشی لەخۆ گرتبوو.

نموونەیەکی تر لەو ڕێوڕەسمە شکۆدار و خەبکارانەی کە لە مێژووی خەباتی کرێکاریی کرێکارانی ئێراندا جیگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بریتییە لە ڕێوڕەسمی یەکی ئایاری ١٣٦٨ لە شاری سنە. لەو ڕۆژەدا کۆبوونەوەیەکی بەرینی کرێکاران لە هۆڵی وەرزشیی تەختیی شاری سنە بەڕێوەچوو. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ دەستی پێکرد و دواتر بە وتاری گەرم و گوڕ و پڕ جۆش و خرۆشی کرێکاری کۆمۆنیستی گیانبەختکردوو “جەماڵ چراغ وەیسی” درێژەی پێدرا. ناوبراو لە وتارە تێر و تەسەلەکەیدا، وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی دژواری ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لەسەر پێویستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی و هەروەها پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و بەهێزکردنی ڕیزەکانی خەبات لە دژی سیستەمی سەرمایەداری و هەلومەرجی نایەکسانی ناو کۆمەڵگا، جەختی کردەوە. دیمەنی پڕشکۆی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی یەکی ئایاری ١٣٦٨ی شاری سنە هەرگیز لەبیر ناچنەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا بڵێسەی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە شاری سنە هەرگیز خامۆش نەبووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، هەر ساڵە و نەریتێکی نوێی، لەخۆی بەجێهێشتووە. کرێکاران و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی شاری سەقزیش بەردەوام لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، لە زومرەی پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی بوون. لە ساڵەکانی ١٣٦٩ و ١٣٧٠ و ١٣٧١دا شاهیدی بەڕێوەچوونی گەلێک نموونەی شکۆدار و بوێرانەی ڕێوڕەسمی کرێکاریی بووین. پڕ جۆش و خرۆشترین نموونە لە ساڵی ١٣٨٤دا بەڕێوەچوو. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا هەڵسووڕاوانی کرێکاریی ئەم شارە، بەردەوام زیندان و ئەشکەنجە و هەڕەشەکانی ڕژیمیان بە گیان کڕیوە، بەڵام هەرگیز نەیانهێشتووە ئاڵای ئەم ڕۆژە مێژووییە وەک هێمای هاوپشتی چینی کرێکار، بکەوێتە سەر زەوی. ئەم نەریتە لە لایەن کرێکارانی پێشڕەو و بنەماڵەکانیانەوە هەموو ساڵێک لە زۆربەی شارەکانی کوردستان، لەوانە کرماشان، شنۆ، بۆکان، مەریوان، بانە، کامیاران و دیواندرە و ڕەبەت و سەردەشت، بە شێوازی جۆراوجۆری وەک ڕێپێوانی سەر شەقام، کۆڕ و کۆبوونەوە لە ناو شار و هەندێک جار لە دەرەوەی شارەکان، بەردەوام زیندوو ڕاگیراوە. تێکۆشەرانی کرێکاریی لەم بۆنەیەدا بەربەستەکانی سەرکوت و خەفەقانی ڕژیمیان تێپەڕاندووە و هەموو ساڵێک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لەم ڕۆژە جیهانییەی خۆیان کردووە. ئەم نەریتانە و بوونی هەڵسووڕاوان و کرێکارانی پێشڕەو، ئەو هیوایە بەهێزتر دەکات کە ئەمساڵیش سەرەڕای هەر ئاستەنگێک، جەماوەری کرێکاران، لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە مێژووییە غافڵ نابن و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت، ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.