کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خۆڕاگری ژنان لە کوردستان لە بەرامبەر حیجاب و پۆشینی زۆرەملی

لەگەڵ دەست پێکردنی وەرزی هاوین و گەرما و بە بیانوی حەفتەیەک بەناوی “حەفتەی عیفاف و حیجاب”، ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئیداری، ئینتیزامی، ئیمامانی جەماعەت، ناوەندی تەبلیغاتی و مورەویجینی “فەرهەنگی دژە ژنی” کۆماری ئیسلامی لە کەمپەینێکی سازمان دراودا، خۆڕاگری ژنان و کچانی ئازادیخوازی کوردستانیان لەبەرانبەر حێجاب و پۆشینی ئیجباریدا کردوەتە نیشانە. وێڕای کاربەدەستانی ئیداری، دینی و بەناو ئاموزشی، ناوەندەکانی وەک “ئیدارەی گشتی تەبلیغاتی ئیسلامی”، “جامیعەی بەسیجی ژنانی کوردستان”، “حەوزەی عیلمیەی خاهەران”، “ستادی ئەمر بە مەعروفی ئوستان” و هەواڵنێری فارسی سەر بە سپای پاسداران،لە بەکردەوە دەرهێنان و بەرەوپێش بردنی ئەم کەمپەینە دژبە ژنەی کۆماری ئیسلامیدا بەشدارن.498لە یەکێک لەو کۆبونەوانەدا کە بەم بۆنەیەوە لە حەفتەی ئاخری مانگی پوشپەڕدا بە بۆنەی نزیک بوونەوەی حەفتەی “عیفاف و حیجاب” لەژێر ناوی ” تەڵایەدارانی عیفاف و حێجاب” لە موجتەمەعی فەرهەنگی نور لە شاری سنە بەڕێوەچوو، قەتعنامەیەک دەرکرا. چاوگێڕان بەسەر هێندێک لایەنی ئەم قەتعنامەدا، شکۆداری خۆڕاگری ژنان و کچانی کوردستان و چوونە ژێر پرسیاری پایەی ئیدئۆلۆژیک و ترسی کۆماری ئیسلامی لەم مەیدانەدا پیشان ئەدات.
لەم قەتعنامەیەدا هاتووە: “بێ حیجابی و بەد پۆشین لە کوردستان گەیشتۆتە ئاستی هۆشدار و ئاسەوار و کاریگەریە فه‌رهەنگی و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی بە خێرایی لەحاڵی زیاد بوون دایە و ئەمنیەتی ئەخلاقی خەڵک کەوتۆتە مەترسیەوە. داوا لە بەرپرسانی فەرهەنگی و ئەمنیەتی ئوستان دەکرێت وێڕای دەرکی دروست و قوڵی مەسەلەکان تایبەت بە موهەندیسی کردنی فەرهەنگی ئوستان بەپێی بنەماکانی قانونی ئیسلام و ئاڕمانەکانی نیزامی موقەدەسی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرگرتن لە بەرەنگار بوونەوەی فەرهەنگی و ئەگەر پێویست بوو، بەرخوردی جیدی لەگەڵ ئەم دیاردە شومەی بێ حیجابی و مۆدگەرایی ئیفراتی ئێقدامی جیدی و خێرا ئەنجام بدەن.”ناوەرۆکی ئەم قەتعنامەیە لە لایەکەوە ئاستی بەرینی خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستان، بە تایبەت ژنانی ئازادیخواز و هەم لە ئاستی گشتی تردا لاوان، لە بەرانبەر فەرهەنگی دژبە ژنی کۆماری ئیسلامی و بێ ئیعتینایی ئەوان سەبارەت بە باوەڕە ئیدئۆلۆژیکیەکانی ئەم نیزامەی پیشانداوە. لە لایەکی ترەوە ترسی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و زەرفیەتی بەکارهێنانی زیاتری ئامرازەکانی سەرکوت بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم خۆڕاگریە زەق دەکاتەوە.ئەم دژ کردوەوە ئاوێتە بە ترسە سەبارەت بە دیفاعی ژنانی ئازادیخواز لە ئەرزشە ئینسانیەکان و ئازادی جل پۆشین بەم قەتعنامە و کۆبونەوانە بەرتەسک نابێتەوە. لە چەند حەفتەی رابردودا شاهیدی بەڕێوەچوونی گەلێک کۆبونەوە و ڕادەربڕینی تر بووین کە دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە سیاسەتی رژیم لە بواری داسەپاندنی پۆشین بەسەر لاوان و ژناندا توشی شکست و ناکامی بۆتەوە. بەمجۆرە لە راستیدا یەکێک لە سەرەکی ترین پایەکانی ئیدئۆلۆژیکی رژیم واتە کۆت و بەند کردنی ژنان لەم بوارەدا توشی گرفتی جیدی بووە. لە کوردستان مزگەوت و تەکیەکان لە خەڵک چۆڵن و سەرەڕای سەرفی هەزینەی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمە مەزهەبیەکان ناتوانن خەڵک لەم مەڕاسمانەدا بەشداری بدەن. ئاستی ناکامی رژیم لەمرۆدا لە ئاستێکدایە کە خویان ناچارن دان بە خۆڕاگری ژنان لە بەرانبەر ئەرزشە ئیدئۆلۆژیکیەکانی رژیمی ئیسلامیدا بنێن.خۆڕاگری و خەباتی ژنانی کوردستان لەدژی حیجاب و پۆشینی ئیجباری کێشراوەتە مەیدانی ئابووری و بازاڕیشەوە. لیباسەکانی مۆدێلی ئیسلامی لە کوردستان کڕیار و موشتەریان نییە. فرۆشیارانی ئەمجۆرە جل و بەرگانە بە هۆی کەساد بوونی بازاڕ دەستیان کردوە بە فرۆشتنی مۆدێلی جل و بەرگی غەیرە ئیسلامی و یان کەمتر ئیسلامی مه‌وردی عەلاقەی ژنان و کچان لە کوردستان. یەکێک لە گوزارشگەرانی هەواڵنێری فارس بە ئامادە کردنی راپۆرتێکی مەیدانی لە پاساژەکانی فرۆشیاری جل و بەرگی ژنانە لە شاری سنە دەنوسێت: “رەوتی روو لە زیاد بوونی بەد حیجابی لە کوردستان بۆتە نیگەرانیەکی گەورە.” ئەم گوزارشگەرە وێڕای لایەنگر بوونی، بەڵام ناتوانێ راستیەکە بشارێتەوە و لە درێژەی راپۆرتەکەیدا دەنوسێت: “بە دەورێک گەڕان بە فروشگاکانی فرۆشیاری جل و بەرگدا وێڕای بینین و بوونی لیباسی کورت، بێ قۆڵ، ساپۆرتی رەنگی و جل وبەرگی نەگونجاو لەگەڵ فەرهەنگی ئیسلامیدا لەگەڵ فرۆشیارێک کەوتمە قسە کردن و لەگەڵ خۆ پێناساندن داوام لێکرد کە سەبارەت بە هۆکاری فرۆشتنی ئەمجۆرە جلانە کە لە لایەن کڕیارانیەوە ناوی نراوە مۆد و ئەوەیکە بۆچی رۆژ بە رۆژ شێوەی دورینی جلەکان لە حاڵی گۆڕان دایە پرسیارم لێکرد و ئەو وتی: “سەلیقەی مشتەریەکان بۆتە هۆی ئەوەیکە فرۆشیارانی جلوبەرگ بۆ پاراستنی موشتەریەکانیان ئەو کاڵایانە بفرۆشن کە موشتەری زیاتریان هەیە.”بەڵام تەنیا سەلیقە و مۆد نییە کە ژنان و کچانی لە کوردستان بەرەو هەڵبژاردنی ئەم جلوبەرگانە راکێشاوە. ئەمە دەرکەوتەکانی خۆڕاگری بەرەیەک لە ئینسانەکانە لە بەرانبەر پۆشینی زۆرەملیدا. ٣٦ ساڵە کۆماری ئیسلامی بە هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و فریوی خۆیەوە، لە هەوڵی داسەپاندنی پۆشینی ئیجباریدا بووە بەسەر ژنان و لاواندا، کە ئەمرۆ خۆی ئیعتیراف بە شکستی هەوڵەکانی دەکات. بەکارهێنانی زمانی زۆر و هەڕەشە کە لە قەتعنامەی کۆبەنەوەکەدا بینیمان، لەپاڵ کەمپەینەکانی رەواجدانی فەرهەنگی دژبە ژن و سەرفی هەزینەی زۆر، نیشانەی شکستی ستراتیژیکی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی، لە بەرانبەر ژنان و لاوانە.بابەتی پۆشینی ژنان و لاوان، گۆڕەپانی نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی هەم لە لایەن رژیمەوە و هەم لە لایەن ژنان و لاوانەوە لە خودی مەسەلەی پۆشین واوەتر دەچێت. پێداگری لەسەر داسەپاندنی شێوە پۆشینی ئیسلامی لە لایەن رژیمەوە لە هەمان حاڵدا بیانویەکە بۆ هێز نواندن، توند کردنەوەی فەزای ئیختناق و سەرکوت و چاوترسێن کردنی کۆمەڵگایه‌ بەگشتی و لە لایەن ژنان و لاوانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە، هەوڵێکە بۆ دەرچون لە مەوقعیەتێکی سوکایەتی ئامێز و ژێر چەپۆکە کە ئەم رژیمە بەسەریدا سەپاندون. گومانی تێدا نییە کە خۆراگری ژنان و لاوان لەم مەیدانەدا تا شکستی یەکجارەکی ئەم سیاسەتانە بەتایبەت لە بواری سیاسەتی داسەپاندنی پۆشینی ئیجباری بەسەر ژناندا درێژەی دەبێت.