ڕۆژی سێشه‌ممه ٥ی مانگی به‌فرانبار، مه‌راسمی ناشتنی ته‌رمی یه‌كێك له تێكۆشه‌ره دێرینه‌كانی شاری مه‌ریوان به ناوی “عومه‌ر نادری” ناسراو به”عۆمه‌ر حاجی حه‌سه‌ن خه‌یات” به به‌شداری به‌رینی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌چوو.
ڕۆژی دووشه‌ممه ٤ی به‌فرانباری ١٤٠٢، كاك “عومه‌ر نادری” به هۆی نه‌خۆشیه‌وه له شاری مه‌ریوان گیانی له‌ده‌ستدا. كاك عومه‌ر له ده‌یه‌ی ٥٠ی هه‌تاویه‌وه به‌شداری خه‌باتی خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی مه‌ریوان دژبه هه‌ر دوو ڕژیمی پاشایه‌تی و كۆماری ئیسلامی بوو. له خۆپێشاندانی ڕۆژی موعه‌لیم له مه‌ریوان و له كاتی كۆچی مێژوویی خه‌ڵكی مه‌ریوان له ٣٠ی پووشپه‌ڕی ١٣٥٨ی هه‌تاوی به‌شدار بوو. پاش سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و داگیركردنی دووباره‌ی شاره‌كان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه، له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی له ئامووزش و په‌روه‌رش دا دوورخرایه‌وه و ناچار به كۆچكردن بۆ شاری سلێمانی له عێراق بوو. ناوبراو هه‌موو كات جێی متمانه و ڕێزی هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌وانه موعه‌لیمان، كرێكاران و چالاكانی مه‌ده‌نی و ژینگه‌یی بوو. كاك عومه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی له ژیان كرد و ڕۆژی سێشه‌ممه مه‌راسمی ناشتنی ته‌رمه‌كه‌ی، به‌به‌شداری به‌رینی خه‌ڵكی مه‌ریوان به‌ڕێوه چوو. یادی ئازیزی به‌رز و به‌ڕێز بێت.
