کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مانگرتن و ناڕەزایەتی، یەکێکە لە شێوازەکانی بەردەوامبوونی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، لە هەلومەرجی نوێدا

mahsa

شەپۆلێکی نوێی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاریی و جەماوەریی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەستی پێکردووە. لە حاڵێکدا کە کرێکارانی گرووپی میللی پیشەسازیی فولادی ئەهواز سێهەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیان دەستپێکردووە، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شوێنی کۆبوونەوەی کرێکاران جێگیر کراون. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرمی پیشەسازی نەوت و گاز و کارمەندانی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی سیری، ناڕەزایەتییەکانی شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی بێهرەگان و شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ناوچەی عەمەلیاتی لاوانیش هەروا بەردەوامە و پەرستارانی کرماشان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم پارێزگاری ئەو شارە بەڕێوە برد. کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی خانەنشینان لە تاران، ئەهواز، ئیسفەهان، کرماشان، شووش و چەند شارێکی دیکە لە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بەفرانبارەوە سەرلەنوێ دەستی پێکردووەتەوە. خانەنشینان ڕایانگەیاندووە کە تا وەدیهاتنی خواستەکانیان شەقام مەیدانی خەباتیان دەبێ و لە هیچ بارودۆخێکدا پاشەکشە ناکەن. بە گوێرەی هەواڵەکان بازاڕیانیش لە چەندین شاری ئێران لەوانە قوم، تاران، ئیسفەهان، تەورێز، شیراز، ئەردەبیل، مەلایر و هەمەدان، لە ناڕەزایەتی  بە سیاسەتی باجی دەوڵەت خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، ئەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییانەی ئێستا کە ڕۆژانە لە هەموو گۆشە و کەنارەکانی ئێران سەرهەڵدەدەن، لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیاندا، درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادییە لە بواریژیاندا. لە بەرامبەر شەپۆلی خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی بۆ دابینکردنیژیانێکیئینسانی، تاکتیکەکانی ڕابردووی ڕژیم کارایی خۆیان لەدەست داوە. چیتر ناکرێ بە بەڵێنی هەڵبژاردن و لە چوارچێوەی ململانێی باندەکانی ڕژیمدا پۆتانسێلی تەقینەوەی کۆمەڵگا و بزووتنەوە ناڕەزایەتی و داواکاریی تەوەرەکان بەتاڵ بکرێتەوە. تەنانەت جێگیرکردنی هێزی تایبەتیش لەبەرامبەر جەماوەرێکی برسی کە لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی مەمرە و مەژیدا دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزکردووەتەوە، کاریگەریی نابێت.

 درێژەدان بە شۆڕشی ژینا بە شێوەی خۆڕاگریی لە بەرامبەر جل و بەرگی زۆرەملێ، خۆڕاگریی لە بەرامبەر دەستدرێژیی مەئموورانی ڕژیم بۆ سەر ژیانی تایبەتیی خەڵک، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی گشتی و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، تێکدانی ژینگە، داخرانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، گەندەڵی بەربڵاو، بەرتەسکبوونەوەی بازنەی دەسەڵات و جێهێشتن و دوورکەوتنەوەی بەرچاو لە ئاستە باڵاکانی ڕژیمدا، سنووردارکردنی توانایی مانۆڕدان لە کەلێنی نێوان زلهێزەکان و کەمبوونەوەی بەرچاوی کاریگەری و هێزی ڕژیم لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای شەڕی غەززە، هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە لەسەریەک وایانکردووە کە کۆماری ئیسلامی بکەوێتە دژوارترین بارودۆخی ژیانی خۆیەوە. پەیوەندی نێوان  دەسەڵاتداران و جەماوەر گەیشتووەتە خاڵی بێگەڕانەوە. ئێستا ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک مەینەتبارتر لە جارانە و هەژاری و بێکاری و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بەربڵاوتر بووە. بە هۆی هەڵسوکەوتەکانی ڕژیمەوە، داخوازییەکانی چینی کرێکار و توێژە ناڕازییەکان هەنگاو بە هەنگاو سیاسی دەبنەوە و تەواوەتی ڕژیمیان لەگەڵ ئاڵەنگارییەکی گەوەرە بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەم مانایە قەیرانی سیاسیی دەسەڵات لەم قۆناغەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵکەوە هەیە. دۆخی دژواری ئابووری، گەندەڵی دارایی و حکوومەتی، لەخوارەوەبوونی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاری، لێڵبوونی ئاسۆی ژیانی لاوان، هەژاریی لە ڕادەبەدەر و کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، لە هەموو شوێنێک کاکڵی قەیران و داواکاریی جەماوەری ناڕازی پێکدەهێنن. هەر بەو پێیەش کۆمەڵانی خەڵکی بەشدار لە ئاخێزەکانیشدا، لە زومرەی بێبەشترین بەشی کۆمەڵگا واتە بێکاران، کرێکاران، مامۆستایان، پەرستاران و موچەخۆرانی کەم داهات و پەراوێزنشینانن.

تاکتیکی مانگرتنی یەک لە دوای یەک و بەردەوام دەتوانێت دوژمن ماندوو و زەمینگیر بکات. لەم ڕووەوە بەردەوامبوونی بزووتنەوەی داواکاریی زۆر گرنگە. ئەم بزووتنەوەیە هەم دەتوانێت ببێتە هۆی ڕێکخستن و هەم بەستێنێک بۆ نفووز و کاریگەریی هێزە سۆسیالیستەکان لە شوێنەکەدا. ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ئاشتیانە و مەدەنین. خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان، کۆبوونەوە و مانگرتن، لە زومرەی شێوازە سەرەکییەکانی ڕاپەڕینەکانن. بەڵام ڕێگاچارەی ڕژیم بەرامبەر بەم ناڕەزایەتیانە بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و پشتگوێخستنی داواکارییەکان.

پێویستە بە گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو و نەرم و نیان کاریگەرییەکانی سیاسەتی سەرکوتکردن کەمتر بکرێتەوە و سیاسەتی پشتگوێخستن بە درێژەدان بە ناڕەزایەتی و بەدەستهێنانی پشتیوانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا پووچەڵ بکرێتەوە و بە هەر ڕادەیەک کە مومکین بێت، تەنانەت ئەگەر بۆ یەک هەنگاویش بێت، دەسەڵات ناچار بە پاشەکشە بکرێت. بەرپرسانی ئەم ڕژیمە هەمیشە پێیان وابووە کە نیشاندانی هەر نەرمییەکی مومکین بەرامبەر بە داخوازییەکانی ناڕازییان، بەردەوام ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بەرز دەکاتەوە و ئەو پڕۆسەیەش سەرەنجام دەبێتە هۆی لاواز بوون و ڕوخانی دەسەڵاتەکەیان. ئەوان دەزانن کە ئەگەر هەر بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن لەناو وڵاتدا ئیمکانی پێکهێنانی یەکگرتوویی و ڕێکخراو و تەشکیلات و ڕێبەریی هەبێت، دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر مانەوەیان. ڕەفتارەکانی ڕژیم لە ڕەوتی شۆڕشیژینادا نیشانی دا کە لە بەکارهێنانی هیچ ئاستێک لە سەرکوت و توندوتیژی درێغ ناکات. لەمڕووەوە جەماوەریش بۆ ئەوەی بتوانێت لەم نەبەردەدا سەربکەوێت و زیانی گیانی کەمتر بێت، پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتر و بەهرەمەندبوون لە ئامرازی کاراتر و تاکتیکی خەباتکارانەی گونجاوتر هەیە. لەمەودوا نابێت دوژمن کات و شوێنی نەبەرد دیاری بکات و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پێشوەختە بسەپێنێت. لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ساڵانی ڕابردوودا، هەردوو لایەنی ئەم نەبەردە، واتە بەرەی شۆڕش و بەرەی دژە شۆڕش، هێز و توانایی خۆیان تاقیکردۆتەوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆیان ناسیوە. کۆی ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی ئەم قۆناغە، کە بە بەهای گەلێک فیداکاریی و گیانبازیی بەدەست هاتوون و هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەو ئەرکانەی کە لەم نەبەردە چارەنووسسازەدا دەکەوێتە سەرشانی پێشڕەوان و تێکۆشەرانی کۆمۆنیست، بۆ بەرەی شۆڕش، بابەتێکی گرنگ و حەیاتییە.