کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خۆڕاگریی ناو زیندانەکان، ڕەنگدانەوەی خەبات و  تێکۆشانی دەرەوەی زیندانە

سخن روز 2

کۆماری ئیسلامی دوای هەڵوێستی ترسنۆکانە سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لاوازبوونی هەرچی زیاتری، پتر لە هەمیشە پەنای بردووەتە بەر ئامرازەکانی سەرکوت، لەوانە زیندان، دەستبەسەرکردن، تووند کردنەوەی گوشارەکان بۆسەر زیندانیانی سیاسی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیان. چاوخشاندنێک بەسەر هەواڵەکانی هەفتەی ڕابردوودا ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەردەخات.

مەهسا یەزدانی، دایکی گیانبەختکردوومحەممەد جەواد زاهیدیو یەکێک لە دادخوازانی بوێر، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، ڕایگەیاند کە ئاگادارییەکی پێگەیشتووە بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ١٣ ساڵ زیندانییەکەی. هەر لەو ڕۆژەدا باس لەوە کرا کە چارەنووسی تۆماج ساڵحی دوای دوو هەفتە لە ڕفاندنەکەی هەروا نادیارە. هەر هەمان ڕۆژە محەممەد مەهدی حوسێنی بە دوو تۆمەتیتێکدانی ئەمنییەتی گشتیوبەشداریکردن لە کوشتنی بە ئەنقەستدا  تۆمەتبار کرا. بە پێی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، سزای هەردوو ئەم تۆمەتانە ئێعدامە. ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەز، شەهاب نەزەری بە تۆمەتی بێ بنەمای وەکسووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانوبڵاوکردنەوەی درۆ لە فەزای مەجازیدا، حوکمی ساڵێک زیندانی و جەریمەکردنی بەسەردا سەپێندرا. ڕۆژی ٢١ی سەرماوەز، سیامەک سادقی چێهرازی، هەڵسووڕاوی سنفیی فەرهەنگیان، لە ڕێگەی ئاگادارییەکەوە، بانگهێشتی لقی سێی دادگای ڕژیم لە شاری ئەهواز کرا. ناوبراو بە تۆمەتی بێ بنەمای وەکبڵاوکردنەوەی درۆ، چالاکی تەبلیغی لەدژی نیزام، کاری ڕێکخستن و پلاندانان بۆ ئەنجامدانی تاوان لەدژی ئەمنییەتی ناوخۆ و دەرەوە، ئەندامبوون لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیم و بانگەشە و هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتارتۆمەتبار کراوە.ڕۆژی ١٢ی دێسامبر سێ زیندانی سیاسی ژن بە ناوەکانیمەرزییە فارسی، فروغ تەقیپوور و نەسیم غوڵامی فەردلە دادسەرای ئێڤین بە تۆمەتی هەڵبەستراو و بێ بنەمای وەکخیانەتو هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان تۆمەتبار کران، تۆمەتێک کە دەتوانێت سزای قورس و لەوانە لەسێدارەدان لەخۆ بگرێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل دا، هەواڵی حوکمی لانیکەم ٥٤١ ساڵ زیندانی و ٥٧٧ زەربە شەللاقی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە دژی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بڵاو کردەوە. هەر لەو ڕۆژەدا موعید سەعیدی برای سارینا سەعیدی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بانگهێشتی لقی ١٠٨ی دادگای تاوانەکانی سنە کرا. ڕۆژی ٩ی دێسامبر بەرامبەر لەگەڵ ١٧ی سەرماوەز، شەش هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری کەرەج، بە بیانووی پووچ و بێ بنەما دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کران.

تۆمەتباران، زیندانیانی سیاسی و دۆست و کەس و کارەکانیان، بەردەوام لە ئاست ئەو بێ عەداڵەتیانەدا خەبات و خۆڕاگرییان کردووە. ڕۆژی ١٤ی دێسامبر بەرامبەر لەگەڵ ٢٣ی سەرماوەز، نێرگس محەممەدی، هەڵسووڕاوی زیندانیکراوی مافی مرۆڤ، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤ بە دایک و باوکی ژینا، نووسیویەتی: دەزانم ئێوەش دڵنیان لەوەی کە سەرکەوتن مسۆگەرە، هەرچەندە ئاسان نییە”. موژگان ئیفتخاری دایکی ژینا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی نۆرویژیئاڕکی، وتبووی، نەرگس محەممەدیهێمای ئازایەتییە و جێگای شانازیمانە“. هەر ئەو ڕۆژە، جەلادانی دانیشتووی سەر کورسی دادوەری، ناچاربوون عوسمان قادری ئازاد بکەن، لەبەر ئەوەی کە سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاریێکی زۆر، حازر نەبوو دان بە تۆمەتە درۆ و بێ بنەماکانی دەزگای هەواڵگریی سپای پاسداراندا بنێت.

ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز، سێ زیندانی سیاسیی پێشوو لە سوئیس، ساکاڵایان لەدژی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەوڵەتی سێزدەهەمی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێک لە ئەندامی هەیئەتی مەرگی ساڵی ١٩٦٧، تۆمار کرد. ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا چەند پۆستەرێکیان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای زیندانی سیاسیی، سپیدە ڕەشنوو و هەروەها ئەو حوکمە هەڵپەساردنانەی کە بۆ باقی خوێندکارانی زانکۆ دەرچووە، بڵاوکردەوە. هاوکات ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخ و خۆڕاگرییەکانی زەینەب جەلالیان بڵاوکرایەوە کە تیایدا داوای ئازادکردنی ناوبراو کرابوو. ئەو کە تاکە ژنی زیندانی سیاسییە کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی دەبوو دوای تێپەڕبوونی ١٦ ساڵ لە حوکمەکەی، ئازاد بکرایە. مەئموورەکان بێهودە هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن کە ئەم قارەمانەی ناو زیندان ناچار بکەن تۆبەنامە بنووسێت بۆ ئەوەی ئازاد بکرێت. ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز، پارێزەرەکەی جەواد ڕۆحی، خەباتکاری گیانبەختکردوو، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک ڕایگەیاند کە سەبارەت بە مەرگی جەواد، سکاڵای لەدژی بەرپرسی زیندانی نەوشار و یەکێک لە پاسەوانەکانی ئەو زیندانە تۆمار کردووە. هەر لەو ڕۆژەدا محەممەد حسێن ئاجرلوو، هاوسەری نیلوفەر حامیدی، ڕۆژنامەنووسی بوێری بەندکراو، لە بابەتێکدا هەواڵی سکاڵای هاوسەرەکەی لە دژی دادوەری مەرگئەبولقاسم سەلەواتیبڵاوکردەوە.

لە درێژەی ئەو خەبات و تێکۆشانانە دا کە ئاماژەمان پێکرا، دەتوانرێت زەمینەیەکی بەهێز بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی خۆش بکرێت. بەتایبەت کە حکوومەتی ئیسلامی پاش ئەو گورزەی لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەدا بەریکەوتووە، زیاتر لە جاران لاواز بووە و پێویستە لەم دۆخە کەڵک وەربگیرێت. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە زیندانیانی سیاسی ژن و پیاو، بەشێکی دانەبڕاون لە شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی“. ئەم شۆڕشە خەریکە هێواش، هێواش بناغەی پێشکەوتنەکانی داهاتووی خۆی پتەو دەکات. پێویستە لە سەروبەندی نزیکبوونەوە لەم شۆڕشەدا، پرسیئازادی زیندانیانی سیاسیلە سەرەوەی هەموو داواکارییەکاندا بێت و سەرەنجام شۆڕشگێڕان، دەرگای زیندانەکان تێک بشکێنن و ئەم ڕۆڵە قارەمانانەی جەماوەر، بگەڕێننەوە باوەشی هاوڕێیان و بنەماڵەکانیان.