“زەکەریا کەریمی“، برای “ئەیووب کەریمی“، بەندکراوی بیرمهندی خەڵکی مەهاباد کە سێ ڕۆژ لەوەوبەر لە زیندانی قزڵحهساری کەرەج ئێعدام کرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی سەرماوەز، “زەکەریا کەریمی“، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سەردەشت دەستبەسەر کرا. پاش بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەکی دایکی تەمەن ٧٠ ساڵی “ئەیووب و زەکەریا کەریمی“، کە ڕوو بە ڕای گشتیی خەڵک و بەتایبەت دەزگای قهزایی کۆماری ئیسلامیی داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانی کوڕەکەی کردبوو، بنەماڵەی کەریمی کەوتنە ژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات. دەستبەسەرکردنی زەکەریا لە کاتێکدایە کە سزای سێدارەی “ئەیووب کەریمیی” برای، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لە بەندیخانەی قزڵحهساری کەرەج جێبەجێ کراوه.
