ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ٧ چالاكی مه‌ده‌نی له شاره‌كانی ڕه‌شت، زاهیدان و ئێرانشار له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه‌كانی حكوومه‌ت له شاری ڕه‌شت سێ چالاكی مه‌ده‌نیان به ناوه‌كانی “نی‌نا گوڵستانی”، “ئاناهیتا حێجازی” و “ڕۆزیتا ڕه‌جایی” ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستۆته‌وه. هه‌روه‌ها له گوندی “ڕه‌سووڵ ئابادی” ئێرانشار ژنێكی به‌لووچیان به ناوه‌ی “مریه‌م سپاهی” به بیانووی به‌ردبارانكردنی ماشێنی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و كاتێك باوكی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕێوه، ئه‌ویشیان ڕفاندووه. هه‌روه‌ها دوو لاوی به‌لووچ به ناوه‌كانی “مێسباح ئیسماعیلزهی” ته‌مه‌ن ٢٠ ساڵ و “عهبدۆلمهتین ئیسماعیل زهی شه‌هبه‌خش” ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ به‌بێ هۆكار له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه له شاری زاهیدان ڕفێندارون و هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر چاره‌نووسیان له‌به‌رده‌ستدا نییه.