کۆماری ئیسلامی کە سەرلێشێواوانە لە پێناو مانەوەی خۆیدا هەوڵدەدات، بنەماڵەی دادخوازانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”ی خستۆتە ژێر گوشارێکی لەڕادەبەدەر. ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، مەهسا توانا، خوشکی گیانبەختکردوو مێهران توانا، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی براکەی، بۆ جاری سێهەم لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر و گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری ڕەشت. ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەزەڵوەر جەلەسەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی “ئارمین ڕۆستەمی”، برای گیانبەختکردوو دوکتۆر “ئایدا ڕۆستەمی”، یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” بەڕێوەچوو. مەئموورانی ڕژیم لە ماوەیەکی زۆر بەر لە ٢٥ی خەزەڵوەر، ساڵیادی قەتڵی حکوومەتی کیان پیرفلەک، مناڵێکی تەمەن ٩ ساڵ، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە مەراسیمێک گوشارەکانیان لەسەر بنەماڵەکەی چەند هێندە زیاتر کرد. بنەماڵەکەی و لەوانە دایکی، واتە ماە مونیر، بەگوێرەی نەریتی خەڵکی ناوچەکە هەفتەیەک پێشتر ڕێوڕەسمی جگەرگۆشەکەیان دوور لە چاوی بەکرێگیراوانی ڕژیم بەڕێوە برد، بەکرێگیراوان هەڕەشەیان کرد لە بنەماڵەی یەلدا ئاغا فەزلی، گیانبەختکردووی تەمەن ١٩ ساڵی شۆڕشی ژینا، کە ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو گیانی بەختکرد، کە نابێت ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بۆ ئازیزەکەیان بەڕێوەببەن. بەڵام ئەو بنەماڵە بوێرە هاوڕێ لەگەڵ کەسوکارەکانیان لە ڕۆژی دیاریکراودا چوونە سەر گڵکۆی یەڵدا و یادی ئازیزیان بەرز ڕاگرت. ڕۆژی دواتر دایکی، بۆ ڕوونکردنەوەی مەراسمەکە نووسی: “ڕۆڵە ئازیزەکەم! ئێمە مەئموورەکانمان فریودا و هاتین. نازانم بۆچی ئەوەندە لە ئێوەی قارەمان دەترسن؟ شەرمەزاری بۆ ئەم حکوومەتە منداڵ کوژە”. دڵنیابە تا ئەو کاتەی هەناسە دەدەم دادخوازتم.” ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەر بنەماڵە و دۆستانی ئەردەلان قاسمی لە کرماشان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوڕەشەی بەکرێگیراوانی ڕژیم، چوونە سەر گڵکۆکەی و ڕێزیان لە یادی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا گرت. هەر ئەو ڕۆژە لە پیرانشاریش، بنەماڵە و کۆمەڵێک لە دۆستان و
ئازادیخوازان، لە پێش چاوی بەکرێگیراوان، گڵکۆی تاهیر عەزیزی یەکێک گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینایان گوڵباران کرد. بنەماڵەی مێهرشاد شەهیدی کرێکارێکی لاو کە ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر لە ناڕەزایەتییەکانی ئەراکدا تەقەی لێکرا، “بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاستەنگەکان، ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادەکەیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەر، لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردووی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”، فایق مام قادری، ڕێوڕەسمێک لەسەر گڵکۆکەی لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو. ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەر، بنەماڵە و کۆمەڵێک لە ئازادیخوازان لە شاری مەهاباد لە سەر گڵکۆی شەماڵ خدرپوور، گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا، کۆبوونەوە و یادی ناوبراویان بەرز ڕاگرت. ڕێکەوتی ١٣ی خهزهڵوهر، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەریوان، سەرەڕای هەڕەشەی مەئموورەکانی ڕژیم، یادی نەسرین قادری گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینایان لە سەر گڵکۆکەی بەرز ڕاگرت. ڕژیم بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات پێشبگرێت لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردووان. بۆ نموونە گوشارەکان لەسەر بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی ١٤٠١ تا ڕادەیەک زیادی کردووە کە کاربەدەستانی دەزگای قەزایی، بەمەبەستی چاوترسێن کردنی دایکانی دادخواز و خەباتکار، سزای ١٣ ساڵ زیندانیان بەسەر مەهسا یەزدانی دایکی گیانبەختکردوو محەممەد جەواد زاهیدیدا سەپاند. بەڵام بەڕێوەچوونی بەردەوامی ڕێوڕەسمەکان دەریخست کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕژیم نەیانتوانیوە بە ئامانجە دژە ئینسانییەکانی خۆیان بگەن. سەرەڕای ئەوەش ڕژیم بە چەند هۆکارێک هەوڵەکانی خۆی لەبەرامبەر بزووتنەوەی دادخوازی و بە تایبەتی دایکانی دادخوازدا زیاتر دەکات. چونکە دەزانێت ئەگەر خەبات و چالاکییەکانی دادخوازان هەروا بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکان یەکتر بناسن و زیاتر یەکبگرن، زانیاری زیاتر سەبارەت بە منداڵەکانیان ئاشکرا بکەن و بە بەهێزکردنی بزووتنەوەی دادخوازان، کەشوهەوای خەباتکارانە لە کۆمەڵگادا زیندووی ڕابگرن.
بزووتنەوەی دادخوازی لە ماوەی چل و چوار ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بە هۆی بوێری بنەماڵەی گیانبەختکردووان و ڕەوایەتی ڕزگاربووانی ئەشکەنجەگا و قەتڵگاکانی ڕژیمی ئیسلامی و بە دانپێدانانی بەشێک لە پاسەوانانی زیندانەکانی ڕژیم، بووەتە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و هەر ئەوەش ڕژیمی تووشی ترس و نیگەرانی کردووە. خەباتی شوێندانەری بنەماڵەی گیانبەختکردووان و بە تایبەتی دایکان لە چەند دەیەی ڕابردوودا، زەمینەی کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوونی ئەوانی لە ژێر ئاڵایەکدا ئامادە کردووە کە نموونەکانی کەم نین. ئەو بزووتنەوەیە توانایی ئەوەی هەیە کە هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکە ڕۆڵێکی بەرجەستە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێت.