ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٧ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، مووچه‌خۆرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ جارێكی دیكه دژبه جێبه‌جێ نه‌كردنی داخوازییه‌كانیان له شاری سلێمانی ڕژانه سه‌ر شه‌قام و خۆپێشاندانیان كرد.
لە وەڵامی گوشاره‌كانی حكوومه‌ت، هەزاران موچەخۆر و مامۆستای ناڕازی لە شاری سلێمانی کارتی سوریان بەڕووی حکومەتی هەرێمدا بەرزکردهوە و بەدروشمی “بایکۆت بەردەوامە” خوازیاری بایه‌خدانی حكوومه‌ت به كێشه و گرفته‌كانیان بوون. ناڕازیان ڕایانگه‌یاند كه تا ئه‌و كاته‌ی داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كرێت، درێژه به مانگرتن و خۆپێشاندان ئه‌ده‌ن. شایانی باسه كه چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر “جیهان ته‌ها” نوێنه‌ری مامۆستایانی ناڕازی كه داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی كردبوو، له ڕووداوێكی هاتووچۆدا له سه‌ر ڕێگای بارزان گیانی له‌ده‌ستدا.
