بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی “ئیعتماد” چاپی تاران، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە ٣٢ هەزار مامۆستای گرێبەست لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم زانکۆیە دوورخراونەتەوە و لە جێگەی ئەوان ٢٠ هەزار خوێندکاری دکتۆرای وەرزی یەکەم یان دووەم لەم زانکۆیە دامەزراون. دامەزراندنی ٢٠ هەزار خوێندکاری دکتۆرا بۆ جێگرتنەوەی مامۆستایانی گرێبەست لە زانکۆی ئازاد لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک مامۆستای گرێبەست لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لە پرۆسەی وانەوتنەوە لە زانکۆی ئازاد دوورخراونەتەوە. ئەوان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی “ئیعتماد” ڕایانگەیاندووە کە تاکە سەرچاوەی داهاتەکەیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هیچ شانسێکیان بۆ دۆزینەوەی هەلی کاری نوێ لەبەردەمدا نییە. مامۆستا دوورخراوەکان دەڵێن ئەم سیاسەتەی بەرپرسانی زانکۆی ئازاد هاوکات سەرپۆشێکە بۆ دوورخستنەوەی مامۆستایانی پابەند و جێگرەوەیان لەلایەن کەسانی بەسیجی و بێ ئەزموون و بڕوانامەی ئاکادیمی وانەوتنەوە لە زانکۆدا. بەڵام ئەم پڕۆسەیە تەنیا مامۆستایانی پابەندی زانکۆی ئازاد ناگرێتەوە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندن، شەپۆلێکی نوێی پاکتاوکردن و دەرکردنی مامۆستایان و بیرمەندە ناسراوەکان لە سەرجەم زانکۆکانی ئێران دەستیپێکردووە. گوشار هێنان بۆسەر زانکۆکان دووبارەبوونەوەی سیاسەتی بەدناوی “شۆڕشی فەرهەنگی“یە کە لە سەرەتای هاتنەسەردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەچوو، لەو کاتەدا بە فەرمانی خومەینی، وێڕای داخستنی زانکۆکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە سەرانسەری وڵاتدا، ئەو ناوەندە زانستیانەیان لە خوێندکار و مامۆستای “نا ئەهل ” پاککردەوە. بەڵام سەرەڕای ئەم بەناو “پاککردنەوە“یە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا زانکۆکان سەرکەنوێ بوونەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زانست و خوڕافات. هەوڵەکانی ڕژیم بۆ درووستکردنی“یەکگرتوویی نێوان حەوزە و زانکۆ” لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووەوە. ئەوان پێیانوابوو که دەتوانن لەنێوان زانست و خوڕافاتدا ئاشتی و پێکەوە ژیان درووست بکەن. بوونی خوێندکارانی زانکۆکانی سەرتاسەری وڵات لەپەنای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەجۆرێک ئەم وەهمەی تێشکاند کە دەسەڵاتی تووشی سەرلێشێواوی و کاردانەوەی نالۆژیک کردووە. دەرکردن، گرتن و زیندانیکردن، بانگهێشتکردن، هەڵوەشاندنەوەی وەرزی خوێندن، پەروەندەسازی و دەرکردن لە بەشەناوخۆییەکان، ئەو سیاسەتەیە کە ڕژیم بەرامبەر بە زۆرێک لە خوێندکاران گرتویەتیەبەر. ئێستا ئەم سیاسەتە بە دەرکردنی بەربڵاوی بەناو مامۆستایانی “نا ئەهل” و جێگرەوەیان بە کەسانی حزبوڵڵایی دەستیپێکردووە. ئەوان وادەزانن بە پێدانی بڕوانامە و نازناوی مامۆستا بە بەسیجییەکان، دەتوانن لە پێگەی زانستی مامۆستایانی بیرمەند دا، مێشکی خوێندکاران بە خوڕافاتە بێبنەما و سەدە ناوەڕاستەکانی خۆیان بشۆنەوە.
زانکۆکان هەر لە سەرەتای سەپاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێراندا، دڕکی چاوی ئەم ڕژیمە بوون. خومەینی لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩دا زانکۆکانی بە ناوەندی فیتنە ناوبرد و وتی: “پێویستە شۆڕشێکی بنەڕەتی لە هەموو زانکۆکانی سەرتاسەری ئێراندا ڕووبدات، بۆ ئەوەی زانکۆ ببێتە ژینگەیەکی تەندروست بۆ فێرکردنی زانستە باڵاکانی ئیسلامی“. لەسەر ئەم بنەمایە، یەکەم هێرش بۆ سەر زانکۆکان دەستیپێکرد، خوێندکارانی چەپ و دژبەری ڕژیم غەڵتانی خوێن کران و زانکۆکان لەلایەن هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامییەوە دەستی بەسەردا گیرا و داخران. ڕاسپاردەکانی خومەینی بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵ کاتی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بە کتێبەکان، دەرکردنی سەدان مامۆستا و هەزاران خوێندکار کە بەشی هەرە زۆریان چەپ بوون، تەرخانکرد تا بەقەولی خۆیان زانکۆکان پاکسازی بکەن و ئامادەیان بکەن بۆ بە ئیسلامیبوون. بەڵام لەو ڕووەوە کە زانکۆکان لەژێر کاریگەری کەشوهەوای کۆمەڵگادان و کۆمەڵگاش هەرگیز ڕێوشوێن و شێوازەکانی ژیانی ڕژیمی ئیسلامییان قەبووڵ نەکرد، ئەم بەناو پاکسازی و بە ئیسلامیکردنەش سەرکەوتوو نەبووە. خومەینی سەرەنجام بە حەسرەتی بە ئیسلامی بوونی ناوەندەکانی خوێندنی باڵاوە سەری نایەوە. ئێستا و لە دوای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” شەپۆلێکی نوێی دەرکردنەکان بە ئامانجی بە ئیسلامیکردنی زانکۆکان دەستی پێکردووەتەوە. چونکە بەرپرسانی ئەم ڕژیمە هەر چەشنە جموجۆڵێکی پێچەوانەی خۆیان لە زانکۆکاندا نەک هەر ناگەڕێننەوە بۆ شکستی ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگا و حکومەتەکەیاندا، بەڵکوو بە پرسی بە ئیسلامی نەبوونی زانکۆکانیەەوە دەبەستنەوە. بەرپرسانی ڕژیم لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، دەرکیان بەو ڕاستییە کرد کە بەشێکی زۆر لە خوێندکاران بە شێوەیەکی بوێرانە هاوشانی مامۆستایانی پێشڕەو لەو شۆڕشەدا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان بینی. کەواتە، لەو ڕووەوە کە هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەیان نییە و هەروەها قۆناغێکی نوێی شۆڕشیش لە ڕێدایە، سەرلێشێواوانە و بە ترس و لەرزەوە سەرلەنوێ گۆپاڵی سەرکوت و ئامرازی دەرکردنی بەکۆمەڵیان بەدەستەوە گرتووە و بەربوونەتە گیانی مامۆستایانی پێشڕەو و خۆینداکارانی خەباتکار.
بەرپرسانی ڕژیم و دارودەستەکانیان لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩دا و لە بارودۆخێکدا هێرشیان بۆسەر زانکۆکان دەستیپێکرد کە شۆڕش تا ڕادەیەک دامرکابووەوە. بەڵام فەزای سکۆلاری کۆمەڵگا و نەریتی چەپ لە ناوەندەکانی پەروەردەدا، هەرگیز ڕێگەی نەدا کە ئەوان لە زانکۆکان بە تەواوی بە ئامانجە دژە ئینسانی و دژە زانستیەکانی خۆیان بگەن. ئێستا کە سەرلەنوێ کەشێکی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا هاتووەتە ئاراوە، پێشبینی ئەو ڕاستییە دژوار نییە کە بڵێین ئەم هەوڵانەی ئێستاش زۆر زووتر لە هەر کاتێکی تر لەگەڵ شکستێکی سەرشۆڕانە بەرەوڕوو دەبێتەوە و زانکۆکان بەردەوام وەک ناوەندێکی پڕجۆش و خرۆشی شۆڕش دەمێننەوە.