کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەردەوامبوونی خەبات لەپێناو زیادکردنی حەقدەست

download 12

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژ نەبووە کە کرێکاران لە پێناو زیادکردنی داهات و باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانی خۆیان و بنەماڵەکانیاندا، دەستیان نەدابێتە یەکێک لە شێوازەکانى خەبات و ناڕەزایەتی و بەتایبەت مانگرتن. ڕۆژی شەممە، یەکەمی مانگی ڕەزبەر، کرێکارانی کارخانەی سیمانی ورمێ بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەستەکانیان دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ئەوان دەڵێن لە کاتێکدا بەڕێوبەرانی کارخانەکە مانگانە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن تمەن حەقدەست وەردەگرن، کرێکاران تەنانەت بە حەقدەستی ١٢ ملیۆن تمەنی ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە کرێکارانی پەیمانی بە ٢٥ ساڵ پێشینەی کارەوە تەنیا ٧ ملیۆن تمەن حەقدەست وەردەگرن. لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە چەند نموونە خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاری دەکەین لە هەفتەی ڕابردوودا.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، بۆ هەشتەمین ڕۆژی بەردەوام، کرێکارانی “ئەبنییەی فەننی” هێڵی ئاسنی دروود بە مەبەستی پلانی پۆلێنکردنی پیشەکان و گەرنتی ئەمنییەتی پیشەیی لە شوێنی کار و لە بەردەم ئوستانداری لوڕستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەر لەو ڕۆژەدا، کارمەندانی پاڵاوگەی هوەیزە لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانیان و دامەزراندن و هەروەها باشترکردنی ئیمکاناتی بژێو و خۆشگوزەرانی، کۆبوونەوە. ئەوان خوازیاری زیادکردنی حەقدەستەکانیانن. ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕەزبەریش، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەشی ئامێرە کارەباییە فشار بەرزەکان، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پلانی پۆلێنکردنی بەڕێوەبەرانی وێستگەی کارەبایی فشار بەرز، کە زیاتر لە سێ ساڵە لە ڕێکخراوی بەشی کاروباری دامەزراندن چاوەڕوان ماونەتەوە، دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. ڕۆژی شەممە ١ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە کرێکارانی ئابفا لە شاری شووش بەمەبەستی بەدواداچوونی داواکارییەکانیان، لەوانە پلانی پۆلێنکردنی پیشەکان و گۆڕینی دۆخی خۆیان، لەبەردەم ئەو  ئیدارەیە کۆبوونەوە.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کرێکارانی “ئەبنییەی فەننی” هێڵی ئاسنی میحوەری بافق-زەرەندی کرمان، بۆ دووهەمین ڕۆژی لەسەریەک، لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٨ ساڵ پاداشت و پلانی پۆلێنکردنی پیشەکان، دەستیان لە کار کێشایەوە و لەبەردەم ئوستانداری کرمان کۆبوونەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کرێکارانی کارخانەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئیسفەهان لە درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە زیادنەکردنی حەقدەست، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. جگە لە کرێکارانی لەسەرکار، کرێکارانی خانەنشینکراویش، لە درێژەی خەبات و ناڕەزایەتی چەند ساڵەی خۆیان لەپێناو زیادکردنی حەقدەستی خانەنشینی و باشترکردنی ئاستی ژیان و بیمەی تەندروستی، بە دروشمی “تەنیا لەسەر شەقام بەدەست دێت  مافەکانمان” درێژەیان بە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیاندا”.

لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی خۆی لە گەمارۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتی-داواکارییەکاندا دەبینێتەوە، بەڵام هەروا بەردەوامە لە دەستدرێژی بۆسەر ئاستی حەقدەست و گوزەرانی خەڵک. ئەمە لە بارودۆخێکدایە کە ئیمپریالیزمی ئەمریکا بە ئازادکردنی چەند ملیارد دۆلاری بلۆککراوی خەڵکی ئێران، بە هانای ڕژیمەوە هاتووە. بەڵام بەردەوامبوونی سیاسەتە دژە کرێکارییەکانی کابینەی ڕەئیسی ئەوە دەردەخات کە نەک هەر بڕیار نییە بچوکترین ئاڵوگۆڕ و باشتربوونێک لە توانایی کڕینی کرێکاراندا پێک بێت، بەڵکوو ئەم تواناییە لە داهاتوودا کەمتریش دەبێتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا، عەلی حسێن ڕەعیەتیفەر، جێگری وەزیری هاوکاری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر، وادە و بەڵێنییە فریوکارییەکانی نوێنەرانی دام و دەزگای دەوڵەتی دەستکردی شۆڕای ئیسلامی کاری کە بریتی بوو لە دیاریکردنی حەقدەست، لە شۆڕای باڵای کار ڕەتکردەوە. نوێنەرانی دەستکردی کرێکاران بە درۆ ڕایانگەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی شۆڕای باڵادا لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانیش بە ڕێژەی بەرزبوونەوەی حەقدەستی کارمەندان زیاد دەکات. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار وتی تا ئێستا هیچ خەبەرێک لە زیادکردنی حەقدەستی کارمەندانی دەڵەتی نییە و هەربۆیە هیچ بڕیارێکیش سەبارەت بە لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران نەدراوە. ناوبراو بەڕوونی وتی کە خاوەنکارەکان توانایی هیچ ئاستێک لە زیادکردنی حەقدەستیان نییە. لە ئێران بە پێی ئامارە فەرمییەکان لانیکەم ٢٦ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادان. نوێنەرانی مەجلیس دەڵێن ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٢٨ ملیۆن کەس. بەڵام بەبڕوای حسێن ڕاغفەر، یەکێک لە مامۆستایانی ئابووری، نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران هەژارن. بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی نان بە ڕێژەی ٥٠%  و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی خانووبەرە و پێداویستییەکانی دیکەی ژیانی کرێکاران، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕۆژ بەڕۆژ هەژارتر دەبن، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. لەمڕووەوە ئەو ئاراستە خەباتکارانەی کە کرێکاران لەپێناو زیادکردنی حەقدەست و ئاستی داهاتیان گرتوویانەتە بەر، ڕێگایەکی درووستە، بەڵام خەباتی کرێکاران دەبێت لەم پرش و بڵاوییەی ئێستا بێتەدەرەوە. لە بارودۆخێکدا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” حکوومەتی ئیسلامیی لاواز و بێتوانا کردووە، بە خەباتی ڕێکخراو و یەکگرتووانە، دەتوانرێت دەوڵەت و خاوەنکارەکان ناچار بکرێن کە لە دزی و ڕانتخۆری و خەرجکردنی هەزینەی زۆر بۆ سەرکوت کەم بکەنەوە و لەپێناو بردنەسەرەوەی ئاستی داهات و حەقدەستی کرێکاراندا بەکاری بهێنن. کرێکارانی لەسەرکار لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی حەقدەست و مزایاکانیان، هاوکات دەتوانن ڕۆڵێکی چالاکانەتر لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بگرنە ئەستۆ. دابینکردنی داهاتی پێویست و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی شایستەی ئینسان، سەرەنجام بەستراوەتەوە بە نەهێشتنی سەرەڕۆیی و دەستەبەربوونی مافە دێموکراتیکەکان، کە ئەوەش بە ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتێکی سۆسیالیستی مومکین دەبێت.