ئەمڕۆ ٢١ی سپتامبر هاوکات لەگەڵ ٣٠ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢، لە ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک ڕۆژی جیهانی ئاشتی دەستنیشان کراوە. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٨١دا لە پەنجا و حەوتەمین کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دیاری کرا. لە نێو ئەو حکوومەتانەی کە خاوەنی مافی ویتۆن، جگە لە جۆبایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هیچ کام لە سەرۆکەکانی چین، ڕووسیا، فەڕانسە و سەرۆکوەزیری بریتانیا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نین. هەموو ساڵێک هاوکات لەگەڵ دەستپێکی کۆبوونەوەی گشتی ڕێکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ڕۆژە بەناو بەرز ڕادەگیرێت. بەڵام خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ئەوانەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەناو ڕێز لە ڕۆژی جیهانی ئاشتی دەگرن، لە هەمان کاتدا خۆیان هاندەر و هەڵگیرسێنەری شەڕ و سەبەبکاری ئاوارەیی و هەژاری و توندوتیژین لە جیهاندا . ئەوان لە کاتێکدا ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن و قسە لە ئاشتی دەکەن کە هەوڵدەدەن قەیرانە ئابوورییەکانی خۆیان لە ڕێگای پەرەپێدان بە پێشبڕکێی بەرهەمهێنانی چەک و چۆڵی کۆمەڵکوژ کۆنتڕۆڵ بکەن، جبەخانەکانیان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پڕدەکەن و لەژێر سێبەری شەڕدا و یان ترس لە شەڕ ژیانی خۆیان درێژە پێدەدەن. تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی کۆبوونەوەی گشتی ئازەربایجان، حکوومەتی ئازەربایجان قەرەباغی بۆردومانکرد و بووەهۆی پێکهێنانی مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا.
ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە کاتێکدایە کە لە ئاکامی شەڕ و توندوتیژی و تیرۆر و هەروەها هەژاریی و ئاوارەیی و دیکتاتۆریی، جەستەی مرۆڤایەتی برینی قووڵی تێکەوتووە. شەڕی وێرانکەری ئۆکرانیا هێشتا بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هاتنی بەدیناکرێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاگری شەڕی ئیمپریالیستی و ناوچەیی و شەڕی بە وەکالەتدا دەسووتێت. شەڕی سوریا سەدان هەزار کوژراو، چەندین هێندەی تر بریندار و کەمئەندام و دە ملیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە. ئەرتەشی فاشیستی توركیه لە سێ بەش لە چوار پارچەی کوردستان خەریکی سەرکوتی خەباتی ڕەوا و دادپەروەرانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. لە یەمەن تەنیا بەهۆی بۆردومانەکانی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا نزیکەی ٢٠ هەزار کەسی ئاسایی کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون کە زۆربەیان منداڵن. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا، ٢ هەزار و ٨١٧ کەسی مەدەنی لە ئەفغانستان کوژراون و ٧ هەزار و ٩٥٥ کەسیش برینداربوون. کە نزیکەی نیوەی ئەو قوربانیانە منداڵانن. جگە لە شەڕ، قات و قڕی و نەخۆشی و ئاوارەییش، یەخەی وڵاتی هەمیشە برسی ئەفریقا بەرنادات. ڕۆژی جیهانی ئاشتی لە کاتێکدا بەرز ڕادەگیرێت کە ٦٥ ملیۆن کەس لە ئەنجامی شەڕ و توندوتیژی و هەژاریی و نائەمنی، لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. لە زۆر شوێنی جیهان، سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە بێبەزەییانەترین شێوە پێشێل دەکرێن. براوەی خەڵاتی ئاشتی جیهانی، هۆکار و پاساوکەری دڕندانەترین کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ئایینی لە میانمارە. زۆربەی ئەوانەی کە ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە و زەنگی ئاشتی لە حزووریاندا لێدەدرێت، ڕێکخەرانی ئەرتەش و سپای پڕچەک، بەرهەمهێنەر و خاوەن کۆگای چەکی کۆمەڵکوژ، بنیاتنەری زیندان و ناوەندی ئەشکەنجە و تەنانەت داری ئێعدام، پێشێلکارانی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، سەبەبکارانی چەوسانەوەی منداڵان، سەردەستەی مافیاکانی سامان و دەسەڵات و لە یەک کەلامدا تاوانبارانی سەرەکی سەرجەم نەهامەتی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانن. ئەوان پاسەوانانی نیزامێکن کە حاسڵی کار و ڕەنجی میلیاردها ئینسان هەڵدەلوشن و ڕێگای خۆیان بەناو ئاگر و خوێندا و بە قیمەتی زەوتکردنی ئەمنییەت و مافی ژیان لەو خەڵکە خۆش دەکەن. پاسەوانانی نیزامێکن کە بەهۆی قازانجپەرستی و چاوچنۆکی خۆیانەوە، نە ڕەحم بە مرۆڤ دەکەن و نە بە ژینگەی مرۆڤەکان. لە سەرووی ئەوانەوە کەسانی وەک دۆناڵد ترامپ هەن کە تەنانەت حازر بە ڕێککەوتنێکی فۆڕمالیتەش نین سەبارەت بە پاراستنی ژینگەی مرۆڤایەتی.
لە ئاوا بارودۆخێکدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لەوەی کە یان ملکەچی ئەو چارەنووسە دەبێت کە بەسەریاندا سەپاندوون، کە لەم حاڵەتەدا جگە لە لەناوچوونی شارستانییەت و فەرهەنگ و سەرجەم دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشدا مرۆڤەکان، هەڵبەتە ئەگەر مرۆڤێک بوونی بمێنێت، دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی بەربەرییەتی هەزاران ساڵی ڕابردوو، یان کۆمەڵگا لەو دۆخە دژوارە تێپەڕ دەکات و بەرەو جیهانێکی دوور لە شەڕ و توندوتیژی، لێوانلێو لە ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی، واتە جیهانی سۆسیالیزم هەنگاو دەنێت. جیهانێک کە تێیدا هەموو ئەو هەڵاواردنە ئابووری و جێندەری و ڕەگەزی و نەتەوەییەی کە هۆکاری شەڕ و توندوتیژین، هەڵدەوەشێنەوە، کۆمەڵگایەک کە بەربڵاوترین ئازادییە کەسی و سیاسییەکانی تێدا جێگیر دەبێت. کۆمەڵگایەک کە خوڕافات و دواکەوتوویی فەرهەنگی دەخاتە زبڵدانی مێژووەوە و هەلومەرجێک دابین دەکات کە تێیدا “گەشەی ئازادی هەر تاکێک، مەرجێ گەشەکردنی ئازادانەی هەمووان بێت”.
بەڵام کۆمەڵگایەکی لەوچەشنە هەروا لەخۆیەوە لەدایک نابێت. ناکۆکی و قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەم نیزامە و چەوساندنەوە و شەڕ و هەژاریی لەخۆڕا نابنە هۆی لەناوچوونی. ئەم گۆڕانکارییە چارەنووسسازە پێویستی بە هۆشیاری و ڕێکخستن و ڕێبەریی، خەباتی ئامانجداری کرێکاران، ئەوانەی کە هیچ بەرژەوەندییەکیان لە مانەوەی نەزمی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێستادا نییە و هەروەها بە تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتوویی سەرجەم ئەو مرۆڤەنە هەیە کە مەترسییەکانی ئەم نیزامە ژیانی ئەوانیش بەرو لەناوچوون دەبات. چاوەڕوانی ئاشتی جیهانی لە ئافرێنەرانی شەڕ ناکرێت، دەبێت دەست لەناو دەستی یەک و بەپشتبەستن بە هێزی خۆمان، ئاشتیی ڕاستەقینە دابین بکەین. ئەم ڕێکخراوەیە لەو ماوەیەدا کە جیهان گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، نەک هەر نەیتوانیوە لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ناکۆکی و دژبەیەکییەکانی جیهانەوە ئاشتی دابین بکات، بەڵکوو لە خزمەت بەرژەوەندیی حکوومەتەکانی خاوەن مافی ویتۆ بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکادا بووە و زۆریەک لەشەڕ و دەستدرێژیکارییەکانی پاساو کردووە.
شەڕ یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرمایەداران و حکوومەتەکانیان بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان. هەربۆیە نەک هەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو بە گشتی ڕێکخراوەکە نەیتوانیوە و ناتوانێت هیچ چەشنە ئاشتییەک لە جیهاندا دابین بکات. ئاشتی ڕاستەقینە تەنیا بە دامەزران و هاتنەسەرکاری حکوومەتێکی سۆسیالیستی دەستەبەر دەبێت. ئابووریی جیهانیی پتر لە هەرکاتێکی تر، بە پەرەپێدان و بەکارهێنانی سیستەمی جەنگی و کۆنتڕۆڵ و سەرکوتکردنە کۆمەڵایەتییەکان پشتبەستووە، تا لەو ڕێگەیەوە بەردەوام بێت لەسەر قازانج پەرستی و کەڵەکەکردنی سەرمایە، سەرەڕای هەڵاوسانی درێژخایەن و پڕبوونی بازاڕە جیهانییەکان. ئەم بابەتە بە “کەڵەکەبوونی نیزامی” ناودەبرێت و ئاماژەیە بۆ ئەو هەلومەرجەی کە ئابووریی جیهانی لەسەر بنەمای شەڕی هەمیشەیی دەوڵەتیی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و سەرکوتکردن پایەدار دەبێت، کە ئێستا ئەم بابەتە بە تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی نوێش، بەهێزتر بووە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەو ساڵدا، شاهیدی جەمسەرگیرییەکی سیاسی لە سەرتاسەری جیهاندا بووین، کە لەلایەکەوە بەرەیەکی ڕاستی توندڕەو و لە لایەکی دیکەوە، ڕەوتێکی نوێی چەپی خەباتکار و ڕاپەڕیو لەناو پێکهاتەی کۆمەڵگا سەریان هەڵداوە. قەیرانە پێکهاتەییەکانی ئێستای سیستەمی سەرمایەداریی، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی چین و توێژە چەوساوە و ستەمدیتووەکان. کرێکاران و وەرزێڕانی هەژار و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش، بەشێوەیەکی گشتی لە سەرانسەری جیهان دەستیانکردووە بە مانگرتن و دربڕینی ناڕەزایەتی جۆراوجۆر. لە ئێرانەوە تا شیلی، لە سودانەوە تا سریلانکا، لە ئەمریکای لاتینەوە تا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەیلێکی ڕادیکاڵ و چەپ بە خشکە دەستی پێکردووە و لە شوێنێکی وەک ئێراندا، خۆی لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” یان شۆڕشی ژینادا دەبینێتەوە. شەڕ یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرمایەداران و حکوومەتەکانیان بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان. لەمڕووەوە هەر چەشنە ئیدیعایەکی ئاشتی، کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە وتارەکەی جۆ بایدن لە ٧٨هەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، جگە لە دەستەواژەیەکی بێ بنەما و دووڕوویی و فریوکارانه، هیچی تر نییە. ئاشتی تەنیا بە مەرجی دامەزران و هاتنەسەرکاری حکوومەتێکی سۆسیالیستی دەستەبەر دەبێت.