زیاتر لە مانگێک بەسەر دەستبەسەرکرانی پێنج چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان به ناوهكانی “ئازاد ڕۆحی”، “لایق ئەحمەدی”، “سەرکەوت عیبادی”، “دلێر محهممهدی” و “ئالان ئهردهشێری” تێپەڕ دەبێت و ئێستا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ماوەی بهندكرانیانی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کردووەتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، “ئازاد ڕۆحی” و “لایق ئەحمەدی” لە گرتووخانهی ئیتلاعاتی سنە بەهۆی نەخۆشیی سییەکان کە بەهۆی کوژاندنەوەی بەردەوامی ئاگری دارستانەکانی مەریوان لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی بوون، لە دۆخێکی دژواردان و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکانیانی لێ کەوتووەتەوە. “ئازاد ڕۆحی”، “لایق ئەحمەدی” و “سەرکەوت عیبادی” ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ و “دلێر محەممەدی”، خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی کارەبا و دانیشتووی گوندی “باڵک”ی سەر بە شاری مەریوان و هەروەها “ئالان ئەردەشێری”، تەمەن ٣٢ ساڵ ڕۆژی ١١ی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون. شایانی باسه كه دایکی “ئالان ئەردەشێری” لهكاتی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی دا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و باری تهندرووستی ناجێگیره.
