بەگوێرەی هەواڵەکان ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکان، ئۆتۆمبیلەکانی گەشتی ئیرشادیان سەرلەنوێ هێناوەتەوە سەر شەقامەکانی شاری سنە. ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ هێمایەکیان نییە و خەڵک لە ڕووی ڕەفتاری ئازاردهری ئەو مەئموورە ژنانەوە ئاگاداری ئەم بابەتە بوون کە بەرامبەر بەو ژن و کچانە دەکرێت کە بە ئازادی جل و بەرگ دەپۆشن. بەرپرسان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە مەئمورەکان یەکەمجار لە حاڵەتە پێویستەکاندا هۆشداری زارەکی دەدەن. هەروەها لیباس شەخسییە بەکرێگیراوەکانیش بە ڕوخساری داپۆشراوەوە شانبەشانی هێزە ئینتیزامییەکان بوونیان هەیە.
ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕ وتەبێژی فەراجا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، بەبێ ئاماژەدان بە گەشتی ئیرشاد پشتڕاستی کردەوە کە گەشتەکانی پۆلیس بە ئۆتۆمبێل و پیاده لە شەقامەکاندا جێگیرکراون. ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە مەئموورەکان لە سەرانسەری وڵات بەرخورد بەو ژنانە دەکەن کە بە وتەی ئەو نۆرم شکێنن. جەختی لەوەش کردەوە کە تووندتر کردنەوەی کردەوەکانی دژ بە ژنان بە فەرمانی بەرپرسانی هێزی جێبەجێکردن و دادوەری ئەنجامدراوە. ئەم هەواڵە کە بە واتای سەرلەنوێ گەڕانەوەی بەبێدەنگی گەشتی ئیرشادە بۆ تاقیکردنەوە و لەڕووی ترسەوە، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە شارەکاندا وروژاند کە لە خۆڕاگری ژنان و جەماوەری ئازادیخواز لە بەرامبەر بەکرێگیراوانی ڕێژیم و هەروەها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگیدایەوە. بەهۆی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ناو کۆمەڵگا، بەشێک لە بەرپرسانی حکومەت لە پەیوەندیدا لەگەڵ تەسنیم بەترسەوە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕەئیسی فەرمانی گەڕانەوەی گەشتی ئیرشادی نەداوە.
ترسی دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم، لە خۆڕاگری بوێرانەی خەڵک و بەتایبەت ژنان، واقیعییە. بڵاوبوونەوەی فیلمی شەڕ و تێکهەڵچوونی کچێک لەگەڵ مەئموورێکی ژن لە ناوچەی گیشای تاران، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبوو. هەر بەو هۆیەشەوە پۆلیس گەشتی ئوتۆمبێل و پیادەی تەنیا لە چەند شوێنێکی تاران جێگیر کرد. هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک خەڵک لە بورجی میلاد لە تاران لە فێستیڤاڵی “لیدۆما” سەمایان کرد و خۆشییان دەربڕی. سەما و هەڵپەڕکێی ژنان بەبێ حیجابی زۆرەملێ بەڕێوەچوو.
کاربەدەستانی حکومەتی بە کوژاندنەوەی بەرقی هۆڵەکە، ترسی خۆیان لەو حەرەکەتەی ئامادەبووان نیشاندا. ڕاپۆرت و هەواڵی سەما و شادی ئازادانە لەو فێستیڤاڵە کە بۆ ستایشکردنی هونەر و مۆسیقای ناوچەی لوڕستان بەڕێوەچوو، لە کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازییان لێکرا.
ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕیش ژمارەیەک ژن و پیاوی ئازادیخواز لە شاری ڕەشت لەگەڵ مەئمورانی گەشتی ئیرشاد تێکهەڵچوون. لەو ڕۆژەدا بەکرێگیراوان دەیانویست سێ ژنی ئازادیخواز و ئازاد پۆش دەستگیر بکەن، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی و خۆڕاگری جەماوەرەوە سەرکەوتوو نەبوون. لە درێژەی ئەو دۆخەدا بەکرێگیراوانی لیباس شەخسی هەوڵیاندا بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە بەو خەڵکە بکەن و خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ خامنەیی ناچار بە پاشەکشەیان کردن. بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ، مەئموورانی گەشتی ئیرشاد لە ئیسفەهان، بە بیانووی نەپۆشینی حیجاب، لە هەوڵی دەستگیرکردنی ژنێکی ئازادیخوازدا بوون کە ئەو هەوڵەش بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵکەوە شکست دەهێنێت. هەندێک لەو لایەنانەی کە خۆیان بە “دڵسۆزی نیزام” ناودەبەن، هێزە بەناو تووندڕەوەکان بە پاڵنەر و هۆکاری گەڕانەوەی بە بێدەنگی و بەخشکەی گەشتی ئیرشاد دەزانن. ئەوان قبووڵیان کردووە کە خەڵک بەربەست و سنوورەکانی حیجابیان بەزاندووە و چیتر ناگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێشوو. ڕۆژنامەی ئیعتماد نووسیویەتی: گەشتی ئیرشاد ئەوەندە کاریگەری خراپی لەسەر بیروڕای گشتی هەبووە کە دووبارە دەرکەوتن و گەڕانەوەی، لەگەڵ هیچ لۆژیک و عەقڵێکی تەواودا ناگونجێت. ڕیفۆرمخوازانی حکومەتیش هۆشدارییان داوە سەبارەت بە مەترسی گەڕانەوەی گەشتی ئیرشاد. “جەماران” ڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ نووسیویەتی، محەمەد خاتەمی ئەمڕۆ لە نێو ڕاوێژکارەکانیدا گەڕانەوەی گەشتی ئیرشادی بە خۆ لەناوبردن، ناوبردووە.
بەرپرسانی ڕێژیم کە توانایی هیچ چاکسازییەکیان نییە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری و بێ ماڵ و حاڵی و هەروەها بەهۆی ناڕەزایی بەربڵاو لەهەمبەر نەبوونی ماف و ئازادیی دێموکراتیک، لەم ڕۆژانەی سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“، هەوڵی سەرکوتگەرانەی خۆیان بەڕادەیەکی زۆر پەرەپێداوە، کە گەڕانەوەی بەخشکەی گەشتی ئیرشادیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
دەسەڵاتدارن درکیان بەوە کردووە کە هەر سازشێک لەگەڵ کرێکارانی خەباتکار (لەوانەش مامۆستا و کرێکارانی خانەنشین)، زەحمەتکێشانی تێکۆشەر، ژنانی ئازادیخواز، دادخوازان و لە سەرووی هەمووشیانەوە دایکانی بوێر، خوێندکارانی ڕادیکاڵ و هونەرمەندانی ناڕازی، تەواوەتی ڕژیمی ئیسلامی ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون دەکاتەوە. هەربۆیە ئەوان لەگەڵ خەڵکدا چوونەتە ناو نەبەردێکی چارەنووسسازەوە. هەموو ئەو مانگرتن و خەبات و ناڕەزایەتییانەی کە بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنن، دەیسەلمێنن کە ژنان و پیاوانی تووڕە و خەباتکار بۆ سەرکەوتن لەم نەبەردەدا، هەموو هێز و ئەزموونێکی خۆیان بەکار دەهێنن و لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی لە واقیعییەت نزیک دەکەنەوە.