کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

   شەپۆلی نوێی کۆچی بەرەو هەندەرانی پەرستاران و دوکتۆرەکانی ئێران

203716

  شەپۆلێکی نوێ لە کۆچی پەرستاران لە ئێران لە ئارادایە. دەبیری خانەی پەرستار، یەکێک لە ناوەندەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەیسازەندەگیچاپی تاران وتویەتی:” ساڵانە زیاتر لە ٣ هەزار بەرستار لە ئێران کۆچ دەکەن و دەڕۆن بەرە وهەندەران. جێگری سەرۆکی سازمانی نیزام پزیشکی دەڵێ:” ساڵی ڕابردو ٣ تا ٤ هەزار پزیشک ئێرانیان جێهێشتوە.”

  ئەم کۆچە لە بنەڕەتدا هۆکاری ئابووری هەیە. لە خوارەوەبوونی ئاستی حقوقەکان کە زۆربەیان بەشێوەی ڕیکوپێک نادرێن، گوشاری کاری زۆر، نەبوونی ئامێر و ئیمکاناتی پزیشکی، و هیتر لە زومڕەی هۆکارەکانی کۆچ کردنی پەرستاران لە ئێرانن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی کاربەدەستانی ڕژیم، ئێران بۆ ئەمساڵ پێویستی بە ١٠٠ هەزار پەرستاری نوێ هەیە.

  ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی یەکێک لە کانونەکانی کۆچبەری لە دنیا دایە. هەرچەند هێشتا زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن لە پەنابەرانی سیاسی، لاوانی بێکاری بە شوێن کارەوە پێک دێن، بەڵام ئێستا تەنانەت کاربەدەستانی ڕژیم باس لە کۆچ کردنی دوکتۆرەکان، پەرستاران، رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، وەرزشکاران، ئەو کەسە بە توانایانەی زانکۆیان تەواو کردوە و تەنانەت خاوەنانی سەرمایە دەکەن. ئاماری دروستی ژمارەی کۆچبەران لەبەر دەستدا نییە و ئەو ئامارانەش لەبەردەستدان ژمارەی ٥ ملیۆن کۆچبەر لە دەورانی حکومەتی ئیسلامیدا نیشان ئەدەن.

  کۆچبەران و پەنابەرانی سیاسی لەبەر ئیستبداد، سەرکوت، هەڵاواردن، نەبوونی بارودۆخێکی ئینسانی بۆ ژیان، بەشوێن ئەمنیەت و بارودۆخێکی باشتردا بۆ ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ئێران جێدێڵن. چوونە دەرەوە لە ئێران لە کاناڵی ناڕەسمیەوە بابەتێکی زۆر دژوارە. زۆربەی ئەو کەسانە دارونەداریان  دەفڕۆشن و هەزینەی هەڵاتن و چوونە دەرەوە لە وڵاتی پێ دابین دەکەن، و بە سەدان هەزار کەس لەم جەمعیەتە کۆچبەرە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران لە وانە لە تورکیە، عێڕاق، گورجستان، هێندوستان، پاکستان و تەنانەت لە ئەفغانستان لە بارودۆخێکی زۆر دژواردا چاوەڕێی چوون بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوایین. ژمارەیەک لەو کۆچبەر و پەنابەرانە بە داخەوە ناگەنە شوێنی مەبەست و بەرەوڕووی مردن لە دەریاکاندا و، لە ژێر ئەو ماشێنە گەورانەدا کە خۆیانی بە ژێرەوە هەڵدەواسن و دەشارنەوە و تەنانەت لە یەخچاڵی گواستنەوەی مەوادی خۆراکی و یان لە بیابان و دارستانەکاندا، دەبنەوە.

  بەڵام بەشێک لە جەمعیەتی کۆچبەری ئێران هێزی خوێندەوار و پسپۆڕن، کە پێیان دەوترێت فەراری مەغزەکان و نوخبەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان. تەنیا لە وڵاتی ئامریکا زیاتر لە ٩ هەزار دوکتۆری ئێرانی خەریکی کارن، ژمارەی پسپۆڕانی بەشەکانی تر دەگاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس. لەسەر بنەمای تازە ترین ڕاپرسی شیرکەتی دادەکانیئیستاتیس، یەک لەسەر سێی ئێرانیەکان ئەگەر دەرفەتی کۆچیان بۆ بڕەسێ لە ئێران دەچنە دەرەوە. ئەم ڕەقەمە لەنێو لاواندا، واتە ئەو کەسانەی ١٨ تا ٢٩ ساڵن، ٤٩ لەسەدە.

  ڕژیمی ئیسلامی، ئێرانی کردۆتە دوزەخێکی ڕاستەقینە بۆ بەشێکی گەورە لە جەمعیەتی ئێران. گەشەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری کۆچی سەرچاوە گرتوو لە وەرشکست بوونی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی مۆدێلە حکومەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانە. بە ڕوخاندنی ئەم حکومەتە کۆنەپەرستە بە ملیۆن کۆچبەر کە بە هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ناچار بە کۆچکردن بوون، بە کۆمەڵێک ئەزموونی بەنرخ و ئیمکاناتێکی بەرین کە دەستەبەریان کردوە دەتوانن لە بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد بەرابەر و پڕ لە ڕیفاه بۆ داهاتوو، دەورو نەخشێکی جیدی و کاریگەریان هەبێت.

  کازم موسەوی، جێگری یەکەمی کۆموسیۆنی ئابووری مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ سایتیدیدەبانی ئێرانوتبووی:” ئەو کەسانەی کە بەشوێن ئاوات و ئارەزووی شەخسیی خۆیانەوەن، وڵاتانی دیکە هەن، دەتوانن لە ئێران بچنە دەرەوە“. لە وڵام بەم کۆنەپەرستە دژەی خەڵکیە دەبێ بوترێت: کرێکاران و زەحمەتکێشان، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان، خەڵکی کوردستان، هونەرمەندان و شاعیران، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، و هیتر کە بە گشتی لە ڕژیم بێزارن، لە ئێرانەوە بۆکوێ و چۆن و بۆچی بڕۆن؟ ئەم وڵاتە هی خەڵکەکەیەتی و ئەگەر کەسێک دەبێ لە ئێران بڕوات ئەوە داگیرکەران و جەنایەتکارانی وەک کازم موسەوین، ئەمانەی کە خەڵکی ئێرانیان تووشی هەژاری و فەلاکەت و بێ مافی کردوە دەبێ لەبەردەم دادگای جەماوەری خەڵکی ئێراندا محاکەمە بکرێن و سزای شیاوی خۆیان وەربگرن. وەک ئەوەی کە ئێران هی بنەماڵەی سەڵتەنەتی نەبوو، شاو دارودەستەکەی ناچار بە هەڵاتن بوون لە ئێران، ئەم وڵاتە هی ئاخوندە گەندەڵ، دز و کۆنەپەرستەکان و حاکمانی جەنایەتکاری ئیسلامیش نییە و زۆری نەماووە ئەو ڕۆژەی کە باندی دەسەڵاتداری ئێستای ئێران لەترسی خەڵکی وەگیان هاتووی ڕاپەڕیو و ستەم دیتووی ئێران ناچار بە هەڵاتن بن لە ئێران و یان هەزینەی قورسی نزیکەی نیو سەدە جەنایەت و وەحشیگەری خۆیان بدەن .