هاتوچۆ بەردەوامەکانی کاربەدەستانی رژیم بۆ کوردستان، درێژەی هەیە. یەکێک بەڵێنی بێ ناوەرۆکی عومڕان و ئاوەدانی و قەرەبوی دواکەوتویی کوردستان ئەدات و باس لە خسڵتە بەرچاوە فەرهەنگیەکانی خەڵکی کوردستان دەکات و یەکی تریش شمشێر لە کالان دەردێنێ و هەڕەشە دەکات و خەت و نیشان دەکێشێ. تازەترینیان، سەفەری حسێن ئەشتەری، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە رۆژی ١٠ ی ئەم مانگە، چوو بۆ شاری سنە. ئەو هەرکە گەیشتە ئەم شارە لە سوخەنڕانیەکدا وتی: “هێزی ئینتیزامی لەپاڵ باقی هێزە نیزامیەکانی وڵاتدا بۆ دیفاع و پارێزگاری کردن لە ئەرزشە ئیسلامیەکان، لە بەرانبەر دەستدرێژی دوژمناندا، هاوڕێ و هاوهەنگاو بووە و هەروا لەم راستایەدا شێلگیرانە درێژە بە هەوڵەکانی و خزمەت کردنی تا ئاخر ئەدات. “وادیارە ئەمەیان بۆ تەکمیل کردنی مەئموریەتە فریوکارانەکانی ئەوانیتر هاتوە تا بە کاروباری ئەمنیەتی ئەم ناوچەیە رابگات و وەعدە و وەعیدیش لە کاریدا نییە.دابین کردنی ئەمنیەت، هەمیشە و لەمرۆدا زیاتر لە هەر کاتێکی تر، دڵەڕاوکێی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئێراندا و بەتایبەت لە کوردستاندایە. رژیمی ئیسلامی لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە تا بەمرۆ، قەت لە هەوڵدان بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی خۆی لە کوردستان غافڵ نەبووە. ساڵی ٥٨، وێڕای سەرکوتی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی جێی سرنجی خۆی، لەشکر کێشی کرد بەرەو کوردستان و شار و دێهاتەکانی ئەم ناوچەیەی کە لە ئێستادا بەردی دواکەوتو مانەوەیان بۆ لە سینگ ئەدات، بۆمباران و تۆپ باران کرد و ژمارەیەکی زۆری لە دانیشتوانە بێ دیفاعەکەی خەڵتانی خوێن و ئێعدام و تیرباران کرد. دوای ٣٦ ساڵ حاکمیەتی رژیم ئەم داستانە، هەروا درێژەی هەیە و کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی، هەروا وەک ناوچەیەکی ئەمنیەتی بۆ رژیم، بەحیساب دێت.لەدرێژە و پەیگیری ئەم سیاسەتەدایە کە رژیم، هێزێکی زۆری لە بەکرێگیراوانی خۆی لە کوردستان جێگیر کردوە و لە راستیدا کوردستان، زیاتر رواڵەتی سەرزەمینێکی داگیرکراوی بەخۆیەوە گرتوە، بەهەر بیانویەک حکومەتی نیزامی رانەگەیەندراو لە شارەکاندا بەرقەرار دەبێت، هەڵسوڕاوانی کرێکاری و مەدەنی دەکەونە بەر تاقیب و ئەزیەت و ئازار و هەرکاتێک کە هەستی کرد، دابین بوونی ئەمنیەتەکەی توشی گرفت هاتوە، دەست ئەداتە ئێعدام کردنی ژمارەیەک لە زیندانیانی ئەسیر لە سیاچاڵەکاندا، تا لەم رێگایەوە، پێچ و مۆرەکانی ئەمنیەتی جێی سرنجی، توند بکاتەوە. بەم جۆرە، ئەمنیەتی جێی سرنجی رژیمی ئیسلامی لە کوردستان لە رێگای لەشکهر کێشی و سەرکوت، زیندانی کردن و ئەشکەنجە و خوێن رشتن و هەڕەشە و خەت و نیشان کێشانەوە، دابین کراوە.فەرماندەی هێزی ئینتیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، وای پیشان ئەدات کە گۆیا، ئەمنیەتی رژیم لە دەرەوەی سنورەکانی ئێرانەوە، هەڕەشەی لەسەرە و ئەو ناچارەبوە بۆ بەهێز کردنی سنورەکان، بێتە ئەم ناوچەیە و ئەو گرفتە چارەسەر بکات. گومان لەوەدا نییە کە حاکمیەتی نا مەشروعی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، بەردەوام لەژێر هەڕەشەدا بووە، بەڵام بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی ئەشتەری و کەسانی وەک ئەو، ئەم هەڕەشەیە نەک لەودیوی سنورەکانەوە، بەڵکو لە نێوخۆی کۆمەڵگای کوردستانەوە سەری هەڵداوە. لە کوردستان نە هێزی دەرەکی و نە هێزی بێگانە بوونی نییە، ئەوەی کە هەیە خەڵکێکن کە داوای مافی پێشێل کراویان دەکەن، خەڵکێكن کە لە توندوتیژی بێزارن، لەشەڕ و خوێن رشتن و ئاوارە بوون و دەربەدەری بێزارن، خەڵکێكن دەیانەوێ ژیانیان لە سەربەرزی و ریفاه و ئەمنیەت و ئاسایشدا بەڕێبکەن. ئەم خەڵکە کاتێک کە مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل دەکرێت، کاتێک ئەمنیەتیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بەپێی سوننەتی جێکەوتوی خەباتیان لە بەرانبەر توندوتیژی بێ ئەوپەڕی رژیمدا، دەست ئەدەنە خۆڕاگری و ئەوەی کە ئەمنیەتی رژیمی ئیسلامی خستوەتە مەترسیەوە، بوونی ئەم رۆحیەی خۆڕاگریەیە.لەم ناوچەیەدا، خەڵکێک دەژین کە وەک باقی خوشک و براکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا لە حاکمەیەتی ئەم رژیمە بێزارن، لە هەمان رۆژی یەکەمەوە بە دەنگی بەرز ” نا “یان بەم رژیمە وتوە و داواکاری دابین بوونی مافە بنەڕەتی و حاشا هەڵنەگرەکانیان بوون، خەڵکێک حوزوری هەیە کە لەبەرانبەر دەستدرێژی رژیمدا خۆڕاگری کردوە و لەمرۆدا و دوای تێپەڕ بوونی ٣٦ ساڵ، ئەگەرچی لە ئاکامی ئەم سیاسەتی دابین بوونی ئەمنیەت و سەرکوتگەریەی رژیمی ئیسلامیدا، گەلێک مەحدویەتیان بەسەردا سەپاوە، بەڵام خەبات و خۆڕاگری لە شێوەی جۆراو جۆردا، بۆ دابین بوونی ویست و داواکاریەکانیان، بەردەوام درێژە پێئەدەن. خەڵکی کوردستان نایانەوێ لەوە زیاتر باری بێبەشی و دواکەوتویی بەکۆڵەوە بگرن و دەیانەوێ هاوڕێ و هاوهەنگاو لەگەڵ زۆربەی خەڵکی ئێران، مافە پێشێل کراوەکانیان دابین بێت و لە ڕێفاه، ئاسایش و ئەمنیەتدا بژین. ئەم داواکاریانە لە هەموو جێیەکی ئێران و لە کوردستاندایە کە لەگەڵ درێژەی حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا نایەنەوە. کاتێک ئەشتەری خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی کوردستان بەودیوی سنورەکانەوە دەبەستێتەوە، خۆی لەپێش هەرکەسێکی تردا دەزانێ کە درۆدەکات، و بەم هۆیەوەیە کە لە کۆتایی قسەکانیدا بەناچاری دەڵێ: ” هێزە نیزامی و ئینتیزامیەکان، ئامادەیی تەوایان هەیە و ئیجازەی هیچ جۆرە جوڵەیەک لەسەر سنورەکان بە هیچ گروپ و دەستە و کەسێک نادەن”، و لەدرێژەدا دەڵێ: “دوژمنان و کەسانی فریوخواردو کە دەیانەوێ بارودۆخی ئەمنیەتی تێکبدەن، باشترە بگەڕێنەوە باوەشی خەڵک. “کەوایە دەردەکەوێ ئەوەی کە ئەشتەری لێی نیگەرانە و بۆ لاچونی ئەم نیگەرانیانەش لەشکرە نیزامی و ئینتیزامیەکانی لە کوردستان بەهێز دەکات، هیچ پێوەندیەکی بە “تەجاوزی خاریجی” و “دوژمنانی دەرەوەی سنورەکان” و هیترەوە نییە، بەڵکو ئەم نیگەرانیە راستەقینەی رژیم لە ناخی شار و دێهاتەکانی کوردستان و لە رۆحیەی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان و سوننەتەکانی خۆڕاگری، لەم ناوچەیە دایە.