رۆژی ١٧ ی مانگی ڕێبەندان، بەرابەر لەگەڵ ٦ ی فوریە ی ٢٠٢٣ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧،٨ دەهومی ڕیشتێر باشوری تورکیە و باکوری سوریەی هەژاند. دوای نزیک بە ٩ کاتژمێر بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٧،٥ ڕیشتێر مەودای ٩٥ کیلۆمیتری بومەلەزکەی پێشوتری هەژاند. تا ڕۆژی ٢٥ ی مانگی ڕێبەندان هەزار و دوسەد و شەش دوالەرزە لەو ناوچەیەدا ڕوویانداوە.
ناوەندی یەکم بومەلەرزە لە ناوچەی مەرعەس، لە کوردستانی تورکیە، بووە کە بە هەزاران پەنابەری سوری و ڕێکخراوەکانی یارمەتی گەیاندن لەوێدا جێگیر کراون. لە ئاکامی بومەلەرزەکەدا ١٠ شاری کوردنشین لەم ناوچەیەدا توشی زورەر و زیانی جیدی بوون. ڕەجەب تەیب ئەردوغا، سەرۆک کۆماری تورکیە، دوای ٢٤ کاتژمێر لە ڕودانی ئەم موسیبەتە گەورەیە باری لە ناکاو و ئاوارتەی ڕاگەیاند و هێزەکانی دەوڵەتی نە تەنیا دوای ئەم ڕاگەیاندنە، بەڵکو لە هێندێک ناوچەی زیاندیتو دوای ٤٨ کاتژمێر و زیارتریش ئینجا گەیشتنە شوێنەکە. ئەوە لە حاڵێکدابوو کە سازمانی داوتەڵەبینی ناوچەیی و ئوروپایی لە هەمان سەرەتای بڵاو بوونەوەی هەواڵی بومەلەرزەکەوە دەست بەکار بوون.
ڕاگەیاندنی بارودۆخی لەناکاو ئیمکانی دا بە کابینە تا بڵاو کردنەوەی ئاماری قوربانیەکان و برینداران بخاتە ئیختیار ناوەندە دەوڵەتیەکانەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئەو ناوەندانە تا ئێستا ٣٣ هەزار کەس لە تورکیە و نزیک بە ٨ هەزار کەس لە باکوری سوریە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی پێشبینیەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتوەکان قوربانیانی ئەم ڕووداوە ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس بەرئاورد کراوە. ئەحزابی ئوپوزسیۆنی تورکیە وەک( هە،دە، پە)ش ڕەخنەیان لە دەوڵەتی ئەردوغان گرتوە کە ئاماری ڕاستەقینەی شاردۆتەوە. تا ئێستا چەند پەیمانکاری بینا سازی گیراون کە بەگشتی لە کەسانی نزیک لە حیزبی دەسەڵاتدار و شەریکی بیلال ئەردوغان گوڕی گەندەڵی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەن. تەنیا لە دوو بورجی چەندین تەبەقەدا کە ساڵی ٢٠١٣ ی زاینی لە لایەن ئەوانەوە دروست کراوە بە هەزاران کەس گیان بەخت کردوە. هەرچی کات تێپەڕ دەبێت لاوازی یارمەتی گەیاندن و هەڵاواردنی ساختاری لە نیزامی فاشیستی تورکیەدا زیاتر خۆی نیشان ئەدات، ئەو ناوچانەی کە زیاتر کوردنشین و بێبەشن زۆر ترین زیانیان بەرکەوتوە. چەند شارێکی چکۆلە بە جەمعیەتی ١٠ تا ١٥ هەزار کەسیەوە بە تەواوەتی وێران بوون و هێشتا هیچ گوروپێکی یارمەتیدەر و ڕزگاریدەر نە چوونەتە بەشێکی زۆر لەو شوێنانە و ئاواییەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان. قوڵایی کارەساتەکە بە جۆرێکە کە ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوی ماڵە ڕوخاوەکاندا ماونەتەوە بە تێپەڕ بوونی چەندین ڕۆژ و کەم بوونی ئۆکسیژێن، ئاو و خواردن بێگومان گیانیان تەنیا لەبەر نا کارایی سیستمی حکومەتی لەدەست ئەدەن.
گەلێک ڕاپۆرت باس لە نەبوونی ئیمکانی نیشتەجێ بوون، خواردن و دەرمان لەو ناوچانە، بە تایبەت ناوچە کورد نشینەکان، دەکەن و خەڵکی ئەو ناوچانە لە سەرمای دژواری زستاندا هێشتا لەنێو ماشێندا لەسەر سەقامەکان دەمێننەوە. ڕەنگە ئیدیعا نەبێ ئەگەر بڵێێن نەسڵ کوژیەکی بێدەنگ لە لایەن حیزبی حاکم و فاشیستی تورکیەوە لە ناوچەکانی باشور خەریکە بەڕێوە دەچێت. دژواتر لەوە ئەوەیە کە جەمعیەتی پەنابەرانی ئافغانی، پاکستانی، بنگلادێشی و سوری لە باشوری توریە یەکجار زۆرە و تا ئێستا ٦٠ پەنابەری فەلەستینی، نزیک بە ٢ هەزار پەنابەری سوری و چەند سەد کەس لە پەنابەرانی باقی وڵاتانی تر لەم بومەلەرزیەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەردوغان، کابینە و حیزبەکەی خەریکن لەم کارەساتە ئینسانیە لەسەرودەمی هەڵبژاردندا و ئەگەری شکست هێنانی حیزبەکەی، کەڵک وەردەگرن. نووسیویانە کە ئەو بە شوێن چەند ئامانجەوەیە. یەکەم ئەوەیکە کوردە نەیارە عەلەویەکان لە ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی مەرعەش دەربکات. دوهەم ئەوەیکە ٣ مانگ هەڵبژاردن وەدابخات و هەڵڵایەکی گەورەی بە یارمەتی ڕاگەیەنرەکان دەست پێکردوە. سێهەم مەسەلەکە پەنابەرانی سورین کە مانگێک لەوەپێش لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی تورکیە، ڕوسیە و سوریەدا هێندێک پێکهاتن سەبارت بە گەڕاندنەوەی پەنابەران و ڕادەست کردنەوەی ناوچە داگیر گراوەکان بە دەوڵەتی سوریە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی تورکیەوە ڕاگەیەندرا. چوارەم کێشەی گەورەی ئابووری تورکیەیە. ئەردوغان هەوڵ ئەدات بە کەڵک وەرگرتن لە یارمەتیە ماڵی و لۆجستیەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئامریکا گەشەی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی لیرە کۆنتڕۆڵ بکات.
هەڵسوکەوتی حاکمانی تورکیە و سوریە لەگەڵ بومەلەرزە لێدراوان بە تەواوەتی لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بومەلەرزە لێدراوانی ڕودبار و مەنجیل، بەم، کرماشان و لەم دواییانەدا خۆی، دەچێت. ئێران یەکێک لەو ناوچانەیە کە لە دنیادا گەلێک بوومەلەرزەی تێدا ڕووئەدات. لە وەها بارودۆخێکدا ئەم ڕوداوە زەنگی مەترسیەکی گەورەیە بۆ خەڵکی ئێران. بە لەبەرچاو گرتنی قوڵایی گەندەڵی و نا کارئایی کۆماری ئیسلامی بە دروست کردنی شارۆچکە لەسەر ئەم گوسەلانە و مەسکەنی ناستاندارد. هەروەها بوونی ناوچەی حاشیەیی بەرین بە پێکهاتە و بافتی کۆنەوە لە دەوری شارە گەورەکان کە ئەگەری تەلەفاتی ملیۆنی بۆ ئەگەری ڕودانی بومەلەرزە لە ئێران وەبیر دێنێتەوە.
سێلاوەکان، بومەلەرزەکان، هەورە بروسکە، باهۆز و سۆنامیەکان ئەو ڕوداوە سروشتیانەن کە بەردەوام ئەگەری ڕودانیان هەیە. کارەساتی گەورە تر ئەوەیە کە دەوڵەتانی سەرمایەداری لەسەر ئەو چەکانە سەرمایە گوزاری گەورەیان کردوە کە بتوانن موسیبەتە سروشتیەکان بە شێوەی دەست کرد بخوڵقێنن. ئەگەر سیستمی سود مێحوەری سەرمایەداری بە شۆڕشی کرێکاری لە هەموو وڵاتێکدا لەگەڵ سیستمی ئینسان مێحوەری سۆسیالیستی جێگا بگوڕنەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتە گەورەکانی فەنئاوەری دەکرێت ڕوداوە سروشتیەکان وەها کۆنترۆڵ بکرێن کە کەمترین زەرەر و زیان بە خەڵک بگەیەنن. لە وەها بورودۆخێکدا هەر چەشنە سەرمایە گوزاریەک لەسەر چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ بە شێوەی سروشتی ڕادەگیرێت.