کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

پیروز بێت چل و چوارەمین ساڵیادی ئاشکرا بوونی تیکۆشانی کۆمەڵە

80726603 4509137 1 5 150x150 1

له نووسینی کەریم ئەمانی
لە چل و چوارەمین ساڵیادی ئاشکرابوونی کۆمەڵەدا هەزاران سڵاو و دروورد دەنێرین بۆ یادی ئازیزی هاوڕێ حەمە حسێنی کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و پێنجسەد گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە لە پێناو بەختەوەری ئینسان و، لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا، گیانی ئازیزیان بەخت کرد. هەروەها سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانیان. سڵاو بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لە ناو ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامیدا، یان لە شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگانەدا، لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا کە هەن، بریندار و کەم ئەندام بوون و ئازاریان چەشتووە و بەشێک بوون لە مێژووی پڕ لە شانازی ئەم ڕێکخراوەیە و ڕێزیان لێ دەگرین. هەروەها سڵاو بۆ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە لەم چل و چەند ساڵەی ڕابردوودا بە پشتگیری و پشتیوانی بێ درێغی خۆیان لە کۆمەڵە، ئیمکانی ئەوەیان پێکهێناوە کە ئێمە ئەو شانازییەمان پێ ببڕێت، ئەمڕۆکە یادی ٤٤ ساڵەی بکەینەوە و خۆمان بە بەشێک لەو مێژووە و درێژەدەری رێبازی گیانبەختکردووانیان بزانین.
نزیکەی پێنج مانگ بەسەر بزووتنەوەی گەورە و شکۆداری خەڵکی ئێران لەدژی بەڕبەڕیەت و تووندوتیژی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی، واتا بزووتنەوەیەک کە بەدوای قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینیدا دەستی پێکرد، تێدەپەڕێت. چەخماخەی ئاخێزی شۆڕشی سەرتاسەری ئێران لە کوردستانەوە لێدرا و خەڵکی کوردستان لەو ماوەیەدا بەردەوام پێشەنگ و پەیگیری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بوون. بەڵام لە هەمانحاڵدا لەم ماوەیەدا کوردستانی شۆڕشگێڕ لەژێر تووندترین گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە. لە جەریانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا، بەداخەوه تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خەڵکی کوردستان و شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیانبەختکردووە، بە هەزاران کەس بریندار و زیاتر لە بیست هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون، بنەماڵەی بەشێکی زۆریان بەرەوڕووی زۆرێک کێشە و گرفت و کارەسات بوونەتەوە.
تووندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی خەڵکی کوردستان، ٤٣ ساڵە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا پەیڕەو دەکرێت. ڕژیمی ئیسلامی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە، لە کوردستان وەک هێزێکی داگیرکەر هەڵسووکەوتی کردووە.

خەڵکی کوردستان هەر لەیەکەم رۆژی هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامییەوە، ماهیەتی کۆنەپەرستانەی ئەو ڕژیمەیان بەدروستی ناسی و لە ڕیفڕاندۆمی درۆیینەی “ئەرێ، یان نا” بۆ کۆماری ئیسلامی، بە بایکۆتی یەکگرتووانەی ڕیفڕاندۆمەکە “نا”یەکی گەوەرەیان بە کۆنەپەرستی ئیسلامی و سەرتاپای ئەم دەسەڵاتە دایەوە.
چوار دەیە خۆڕاگریی جەماوەری لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا، ڕادەی دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان، گەیاندۆتە لوتکە. لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی لە هیچ جەنایەت و پیلانگێڕییەک لە کوردستان دەستی نەپاراستووە و بەم حاڵەشەوە بەردەوام بەرەو ڕووی شکست و ناکامی بۆتەوە.

بەڵام نەفرەت و تووڕەیی ئێستای حاکمیەت لە خەڵکی کوردستان دوای قەتڵی حکومەتی ژینا، ئاستێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرتووە. ناڕەزایەتی بەرین لە شاری سەقز و لە کوردستان بۆ یەکەم جار ئاوێتەی شەپۆلێکی بەربڵاو لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەراسەری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بۆوە. پیلانی دووبەرەکی نانەوەی حاکمیەت لە ماوەیەکی کورتدا پووچەڵ کرایەوە و خەڵک لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای هەر جیاوازییەکی زمانی، مەزهەبی، نەتەوەیی، عەقیدە و بیروبۆچوون، لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا وەستانەوە.

*****

دروشمی ژن. ژیان. ئازادی کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، بوو بە هێزی بزواندنی بزووتنەوەیەکی پێشڕەو و ئازادیخوازانە کە، بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەی لە بەرانبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕاگرت. ژنان و لاوان هاتنە مەیدان تا وێڕای داخوازی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەشترین و ئینسانیترین ئاسۆی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بە ڕووی خەڵکدا بکەنەوە.

ڕەتکردنەوەی سەرەڕۆیی، نەمانی هەڵاواردنە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان، دابینبوونی یەکسانی ژن و پیاو و کەمینە ڕەگەزییەکانی تر، ڕێز گرتن و پێبەندبوون بە مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، جیایی دین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و بارهێنان، دابینبوونی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و مافی خۆشبژیوی بەکۆمەڵ، بە فەرمی ناسینی مافی ڕێکخراوبوون و دەربڕینی ناڕەزایەتی، نەهێشتنی زیندانیی سیاسی و نەمانی ئەشکەنجە و ئێعدام، پەرەپێدان بە زانست و بەرەوپێشچوون و، دژایەتی کردن لەگەڵ خوڕافات و ناوەندەکانی پشتبەستوو بە نەزانی و دواکەوتوویی، بوون بە لانیکەمی داخوازییە هەنوکەییەکانی ئەم شۆڕشە.

لەم شۆڕشەدا ژنان، لاوان و خەڵکی تێکۆشەری ئێران و کوردستان بە كەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردووی خەباتکارانەیان و هەروەها كەڵک وەرگرتن لە مێدیا و ڕاگەیەنەرە کۆمەڵایەتییەکان، بە ملیۆن کەسیان لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات، بەرەنگاری کۆنەپەرستیی مەزهەبی کردەوە. دروشمی پێشکەوتنخوازانەی ژن، ژیان، ئازادی، توانی زۆر زوو سنوورەکانی ئێران ببەزێنێت و، پشتیوانی و هاوسۆزییەکی جیهانی و کەم وێنەی ملیۆنان کەس لە خەڵکی هاوچارەنووسی دنیا بۆلای خۆی ڕابکێشێت و، یەکگرتوویی و هاوخەباتییەکی پتەو، لەنێوان خەباتکارانی ناوەوە و دەرەوە لە دیاسپۆڕا شکڵ پێبدات. هاوکات ئەم شۆڕشە ڕژیمی هار و سەرەڕۆی ئیسلامیشی لە ناوخۆدا، بەجۆرێک تووشی داماوی، لاوازی و شپرزەیی کردووەتەوە کە، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بێ وێنە بووە. هەورەها توانیویە جێگە و پێگەی نێونەتەوەیی ڕژیم، بەڕادەیەکی زۆر لاواز بکات، بەجۆرێک کە ناچار بوون، ڕژیمی ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربکەن، بازنەی گەمارۆکان لەسەر ناوەند و بەرپرسە باڵاکانی ڕژیم چڕتر بکەنەوە و هەروەها پاڕلمانی ئورووپا بە زۆرینەی دەنگ پێشنیاری ناساندنی سپای پاسداران وەک هێزێکی تیرۆریستی پەسەند بکات.

بە واتایەکی تر، شۆڕشی ژینا بە کۆمەڵانی خەڵکی نیشاندا کە یەکگرتن ڕەمزی سەرکەوتنە و، تێپەڕبوون لە بارودۆخی ئێستا و، بنیادنانی نیزام و نەزمێکی نوێ و، دنیایەکی باشتر، ئەگەرچی بە مەسیرێکی گەلێک پڕ لە کەند و کۆسپ و هەوراز و نشیودا تێپەڕ دەبیت و، لە ڕاستیدا ڕێگایەکی نێوقەدبڕ بۆ گەیشتن بە ئامانج بوونی نییە، بەڵام بابەتێکی ئیمکان پەزیرە و مەحاڵ نییە.

*****

لە حاڵێکدا کە لە سایەی ئەو شۆڕشەی چەخماخەکەی لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا، خەڵکی ئێران لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلوچستان، لە سنەوە تا تەورێز و شوێنەکانی تر، شان بەشانی یەکتر دروشمی ئازادی و یەکسانی دەڵێنەوە و عەزمیان جەزم کردووە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە تێیدا ئاسەوارێک لە ستەمکاری و، دیکتاتۆری و، پێشێلکرانی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوونی نەبێت، ئوپوزسیۆنی ڕاستی کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئێرانیەکان، کە پڕۆژەی بەناو ئاڵترناتیڤ سازی و، گاڵتەجاڕی وەکالەتە تاکەکەسی و مەجازییەکەیان، لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بۆتەوە و، ناوەرۆک و ماهییەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن، بە مەبەستی تێکدانی یەکگرتوویی خەڵک و بەلاڕێدا بردنی ئەو شۆڕشە، لە خۆپیشاندان و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات و، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و، تەلەویزیۆنە فارسی زمانەکانەوە، بەشێوەیەکی دوژمنکارانە، لەدژی خەڵکی کوردستان قسە دەکەن و بە پێچەوانەی ئاڕاستەی خەڵک لە مەیدانەکانی بەرەنگاربوونەوەیەکی چارەنووس ساز لە نێوخۆی وڵاتدا، لە دەرەوەی وڵات خەریکی چاندنی تۆوی نەفرەت و دووبەرەکین.
لە حاڵێکدا کە لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا هەردوو نیزامی پاشایەتی و ئیسلامی، هەرچییەکیان لەدەست هاتووە، دژ بە خەڵکی کوردستان درێغیان نەکردووە. لەشکرکێشی نیزامی، میلیتاریزەکردن، ئەمنیەتی کردنی سەرجەم بوارەکانی ژیان، دەستبەسەرکردنی بەرین، ئەشکەنجە و ئێعدام، تیرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا، هەژارکردنی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو، پێشێلکردنی سەرجەم مافە دیموکراتیک و نەتەوەییەکانی خەڵک، لەوانە، مافی سەرەتایی فێر کردن و بارهێنان بە زمانی دایکی و هیتر… بریتیین لە کارنامەی هەردوو حکومەتی جینایەتکاری سەڵتەنەتی و ئیسلامی.
ئەوان لەم تەبلیغاتە ژاراوییە ڕێکخراوەدا، بوونی نەتەوە و ناسنامەی جۆراوجۆر لە جوگرافیای ئێراندا ڕەت دەکەنەوە، زمانی کوردی بە لەهجە و شێوەزار پێناسە دەکەن و فەرهەنگ و مێژووی خەڵکی کوردستان ئاوەژوو نیشاندەدەن. واتە ڕێک ئەو کردەوانەی کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی رابردوودا بەڕێوەی بردوون. ئاشکرایە کە ئەگەر قەرار بێت کەسانی وەک ئەم کۆنەپەرستانە، کاربەدەستانی حکومەتی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بن، لە هیچ ڕادەیەک لە جەنایەت و وەحشیگەری، وەک ئەوەی کە لە هەردوو ڕژیمی سەڵتەنەتی پەهلەوی و ئیسلامیدا دژ بە خەلکی کوردستان ئەنجام دراوە، خۆ نابوێرن و، بۆ سەرکوتی نەتەوە مافخوازەکان لە ئێراندا ڕوباری خوێن دەخەنەڕێ. بەڵام ئەوەی کە مایەی هیوا و دڵخۆشییە، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگی ئەم جۆرە ڕەگەزپەرستانە، لە نێوخۆی وڵاتدا، دەنگدانەوەیەکی نییە و جەماوەری یەکگرتوو، شان بەشانی یەکتر، تا گەیشتن بە سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانیان و، دابینکردنی ئازادی و یەکسانی، دامەزراندنی یەکێتیەکی دڵخوازانە و ژیانێکی باشتر، درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان ئەدەن.
ئەگەرچی هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێکرد، بەداخەوە ئەزموونەکانی ئەم زیاتر لە چوار مانگ و نیوە، ئاسان و بێ هەزینە دەستەبەر نەبوون. بەڵام لە هەمانحاڵدا شاهیدی هاوپشتییەکی کەم وێنەی خەڵکی هاوچارەنووس لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، ژنان، لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، هونەرمەندان و ڕووناکبیران، نووسەران و وەرزشوانان، پزیشکان و پەرستاران و هیتر بووین و، هەر ئەم هێزە گەورە و بەرینەیە کە هیوای بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی، لە دڵی هەموواندا زیندوو ڕاگرتووە. ئەم شۆڕشە سەلماندی کە ڕووخانی حکومەتی ئیسلامی حەتمی و ناچارییە و، خەڵکی شەریف و ئازادیخواز، زیاتر لە پێشوو لە گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی نزیک بوونەتەوە.

*****

کۆمەڵە وەک جەریانێکی چەپ و سوسیالیست کە لە پێناو دامەزراندنی حاکمیەتی جەماوەری، سڕینەوەی هەموو ئاسەوارە کارەساتبارەکانی حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامیی لەسەر ڕواڵەتی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران، بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوه‌کانی دانیشتووی ئێران و یەکێتی دڵخوازانەیان و هەروەها هاوژیانیی خەڵکی هاوچارەنووس، خەبات دەکات، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە قەبوڵکردنی مافە ئینسانی و دیموکراتیکەکانی خەڵکی کوردستان و باقی نەتەوە و ناسنامەکانی دانیشتووی ئێران و بەشداری لە چوارچێوەیەکی ئازاد، یەکسان و سێکولاردا، کەم ئازارترین و ئینسانی ترین ڕێگاچارەیە بۆ ژیانی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران لە پەنای یەکتریدا.
ئێمە وەک هێزێکی چەپ و سوسیالیست، وێڕای هەوڵدان بۆ لێک نزیک کردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە چەپ و ئازادیخوازەکانی کوردستان و ئێران و، هەروەها هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە دێموکراتیک و ئازادیخوازەکانی کوردستان، تێدەکۆشین کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەم دیتوو، لەوە دڵنیا بکەینەوە کە، هەروەک خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاوە لەم شۆڕشە دەزانین، هاوکات بەهێز کردن و پاراستنی یەکێتی و یەکگرتوویی و هاوخەباتی ئەوان لەم بارودۆخەدا، بە ئەرک و ئەولەوییەتی سەرەکی خۆمان دەزانین، لەبەر ئەوەی، تەنیا لەسەر ئاوا بەستێنێک، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستان و سەرجەم ناوچەکانی ئێران، ئیمکانی ئەوەیان دەبێت کە بیر لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی بکەنەوە کە تێیدا ئاسەوارێک لە چەوساندنەوە و ستەم و هەڵاواردن، بوونی نەبێت.

لە کۆتاییدا پێویستە، یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەرز و پیرۆز ڕابگرین و، سەری ڕێز و نەوازش دابنەوێنین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو ئازیزانە و، هیوای چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان و ئازادی دەستبەسەرکراوەکان بخواین.