کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی دەرس ئاموزی و پشتیوانی لە خەباتی یەکپارچە و سەرتاسەری موعەلیمان

شورای ناوەندیی تەشەکولە سینفیەکانی فەرهەنگیانی سەرتاسەری ئێران بە بڵاو کردنەوەی راگەیاندنێک، موعەلیمان و فەرهەنگیانی بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە رۆژی پێنجشەممە ١٧ ی مانگی گوڵان بانگهێشت کردووە. لەم بەیانیەدا جەخت کراوەتەوە کە دەوڵەتی رۆحانی دوای بیست مانگ هێشتا بەڵێنەکانی رووبە موعه‌لیمانی جێبەجێ نەکردوە و سەرۆک کۆمار تەنانەت کاردانەوەی ئاشکراشی بە ناڕەزایەتی موعەلیمان پیشان نەداوە. ئەو داواکاریانەی کە لەم بەیانیەدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە بریتین لە: زیاد بوونی حەقدەستی بانتر لە هێڵی هەژاری، گێڕانەوە بۆسەر کاری ئەو موعەلیم و فەرهەنگیانەی کە به‌ بۆنه‌ی دیفاع لە مافی موعەلیمان گیراون، دامەزراندنی بیمەی تەکمیلی کاریگەر، پارێزگاری کردن لە قوتابیان لەبەرانبەر ئاسیبە کۆمەڵایەتیەکان و دروست کردنی میکانیزمی بەرگەرتن لە په‌ره‌سه‌ندن و پەرەگرتنی توندوتیژی لە مەدرەسەکاندا. ئەگەرچی دەقی ئەم بەیانیە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەتی سیاسی ئامادەکارانیدا، محافزەکارانە نووسراوە و لە راستیدا لە ئاستی خەباتی تا ئێستای موعەلیمان و فەرهەنگیانی ئێران لەدواترە، بەڵام بێگومان لە باری دەربڕینی بە روونی ئەو ویست و داواکاریانەی کە جێگای پشتیوانی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەی مەعەلیمان و فەرهەنگیانی ئێرانە، هەنگاوێک بەرەوپێشە.لە هەمانحاڵدا ئاشکرایە کە ئامادەکارانی ئەم بەیانیە بە روونی لە هەوڵدان، کە خەباتی موعەلیمانی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی رۆحانی و یان لە باشترین حاڵەتدا لە ئاستی ناڕەزایەتی ئیسلاح خوازانی حکومەتی واوەتر نەچێت.وەک نمونە لە حاڵێکدا کەمتر کەسێک هەیە کە نەزانێ سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێک لە دەستی دەوڵەتی رۆحانیدا، چلۆن حەرەکەتی موعه‌لیمان بایکۆتی خەبەریی دەکات و بە شگردی فریوکارانە لەدژی بزوتنەوەی رەوای موعه‌لیمان تەبلیغاتی ژاراوی دەکات، بەڵام ئامادەکارانی بەیانیەکە دەنووسن کە گوایا سەدا و سیما ئاڕاستیەکی جیاواز لەگەڵ دەوڵەت لە پێوەند لەگەڵ کۆمەڵگای فەرهەنگی ئێران پەیڕەو دەکەن و یان لە کۆتایی بەیانیەکەدا، تەجروبەی عەینی ئەو بیست مانگەی کە بەسەر دەورەی سەرۆک کۆماری رۆحانیدا تێدەپەڕێت، لەبەرچاو ناگرن و لە زمان موعەلیمانی ئێرانەوە بەڵێنی پشتیوانی “بەگیان و بە دڵ” لە دەوڵەت ئەدەن کە لەماوەی حکومەتەکەیدا بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی موعەلیمانی تەنانەت لە رابردوش خراپتر کردووە. ئامادەکارانی ئەم بەیانیە لە هەمانحاڵدا کە لەژێر گوشاری رای گشتی کۆمەڵگای فەرهەنگی و موعەلیماندا، داواکاریی موعەلیمانی ئێرانیان دەربڕیوە، بەڵام هەرلەو حاڵەشدا نەیانتوانیوە نیگەرانی خۆیان لە هەر جۆرە رادیکاڵ بوونەوەیەکی خەباتی موعەلیمان و پێوەندی لەگەڵ مەیدانەکانی دیکەی خەباتی کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران بشارنەوە.424

جەماوەری موعەلیمانی ئێران بە دروستی بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم رژیمە بە تەرح کردنی شکایەت و داواکاری لە رێگای رەسمیەوە، بە ناڕەزایەتی پڕژوبڵاو و بەبێ هێنانی گوشارێکی بەهێز و سەرتاسەری ناکرێ ناچار بە پاشەکشە بکرێت. ئەو حەرەکەتە سەرتاسەریانەی کە بەتایبەت لە مانگی رەشەمەی رابردوەوە بینیومانه‌، نیشانەیەکی روونی ئەم تەجروبە و وشیاریە گشتیەیە کە شکڵی گرتوە. موعەلیمانی ئێران ئیستدلالە فریوکارانەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی کە دەیانەوێ بە بیانوی کەم بوونی بودجە باری قەیرانی ئابووری بخەنە سەرشانی کرێکاران و موعەلیمان و توێژی هەژاری کۆمەڵگا، قەبوڵ ناکەن. لەبەر ئەوەی بە بەرچاوی خۆیەوە شاهیدی دزی ملیاردی سەروەتە گشتیەکانی وڵاتن. ئەوان دەبینن کە سەرەڕای قەیرانی مەوجود و دەقیقەن بەهۆی ئەم قەیرانەوە، بودجەی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی رژیمیان لە ساڵی ١٣٩٤ دا زیاد کردووە.وڵامی رژیم بە ناڕەزایەتی ئارامی موعەلیمان تا ئێستا بەردەوام هەڕەشە و سەرکوت بووە. هەموو رۆژێک هەواڵێکی گرتن، هەڕەشە و لێدانی موعەلیمان لە شوێنە جۆراوجۆرەکان ده‌بیسترێت. ساڵانێکە کە کۆمەڵێک موعەلیمی وەک “رەسول بوداغی و مەحمود باقری” و دەیان کەسی تر لەبەر دیفاع لە داواکاریە رەواکانی موعەلیمان خراونەتە زیندانەوە.زۆربەی هەرە زۆری موعەلیمانی ئێران و بەتایبەت فەرهەنگیانی خانەنشین کراو، لە زومرەی توێژی هەژار و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەن کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری رژیم و کەم بوونەوەی داهاتە نەوتییەکان یەکەم مەیدانێک کە لە پاڵ باقی مەیدانەکانی خزمەتگوزاریدا کەوتۆتە بەر هێرش، ئاموزش و پەروەرشە. رژیم لەحاڵێکدا کە بەردەوام ئاستی هەزینە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی دەباتە سەرێ، ناچێتە ژێر باری دابین کردنی لانیکەمی ژیان بۆ بەملیۆن موعەلیم و بنەماڵەکانیان. کار گەیشتۆتە جێگایەک كه‌ دەوڵەت، بەرپرسانی مەدرەسەکانی ناچار کردوە بۆ دابین کردنی ئیمکاناتی جێی پێداویستی مەدرەسەکان دەستبکەن بە گیرفانی بنەماڵەی خوێندكاراندا.رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە ٣ دەیە لە حاکمەیەتیدا ئەگەر لە لایەکەوە بە ده‌خاڵەتدانی مەزهەب لە کاروباری ئاموزش و پەروەرشدا هەوڵیداوە تا مەدرەسە و دانیشگاكان بکاتە ناوەندی تەرویجی جەهل و خورافەی مەزهەبی، لە لایەکی دیکەوە بە ده‌خاڵەتی پۆلیسی لە دامەزراوەی ئاموزش و پەروەرشدا و پاکسازییە سیاسی و ئیدئۆلۆژێکیەکان و گوشار خستنه‌سه‌ر ژیان و بەڕێچونی موعەلیمانی ئێران گەلێک زەربەی قەرەبوو نەکراوی لە کاروباری ئاموزش و پەروەرش لەم کۆمەڵگایە داوە. لە روانگەی کۆماری ئیسلامیەوە موعەلیمانی دڵسۆز و چالاک، خۆشنێو، سیکۆلار و تێکۆشەر، وەک دوژمن بە حیساب دێن. تا ئێستا رژیم ژمارەیەکی زۆر لەوانی بەم تاوانە تەسفیە کردوە و لە کار و چەرخەی ئاموزش وەلای ناون و راپێچی گۆشەی زیندانی كردوون.کۆماری ئیسلامی بە جێگای پێڕاگەیشتن بە داواکاری و بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی موعەلیمانی زەحمەتکێش، دەستیداوەتە کاری بەسیج گیری و جاسوسی کردن لەنێو دانش ئاموزاندا و دروست کردنی ته‌فره‌قه‌ و دوبەرەکێ لەنێوان دانش ئاموزان و هه‌روه‌ها لەبەینی خوێندكاران و موعه‌لیماندا. بەجێگای فەراهەم کردنی بارودۆخێکی لەبار بۆ ئاموزشدانی بەرەی لاوی ئەم وڵاتە، لەبیری توند کردنەوەی بەندەکانی کۆنەپەرستی لە مەدرەسەکان، داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر خوێندكاران، گوشار خستنه‌سه‌ریان بۆ ئەنجامدانی ئوموراتی مەزهەبی، زیندوو کردنەوەی خاتراتی تاڵی شەڕی کۆنەپەرستانەی ٨ ساڵە و ناردنیان بەرەو بەرەکانی پێشوی ئەم شەڕە و دەیان تەرح و نەخشەی کۆنەپەرستانەی تری لەم جۆرە، دایە.بانگەواز بۆ مانگرتن و کۆبونەوەکانی رۆژی پێنجشەممە ١٧ی مانگی گوڵان، بەشێک لە ناڕەزایەتیەکی کۆمەڵایەتی بەرینە کە بەهۆی، سیاسەتەکانی زاڵ بەسەر نیزامی ئاموزش و پەروەرش لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا و بارودۆخێکی نابەسامانی ئابووری کە بەسەر موعەلیمان و فەرهەنگیاندا سەپاوە، شکڵی گرتووە. داواکاری ئەم حەرەکەتە لە ناوەرۆکی راستەقینەی خۆیدا، داواکاری کرێکاران و سەرجەم توێژی هەژار و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەشە. ناڕەزایەتی موعەلیمان و فەرهەنگیانی ئێران، بەهۆی بارودۆخی عەینی ژیان و بەڕێچونیان و ئەو گوشارە چەند لایەنەیەی کە لە لایەن رژیمەوە دەخرێتە سەریان، بەردەوام بەشێک لە بزوتنەوەی متالباتی خەڵک لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بووە. لەم روەوە هەم دەبێ لە سەراسەری بوونەوە و یەکپارچە بوونی ئەم حەرەکەتە دەرس فێربین و هەم موعەلیمان و فەرهەنگیان لە رێگای گەیشتن بە ویست و داواکارییە رەواکانیان پشتیوانی بکەین.