کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

مەڕاسمەکانی ئەوەڵی مەی لە دنیا و ئێران و جەوهەری دژی سەرمایەدارانەیان

رۆیتێرز لە یەکەمی مەی دا نووسی کە مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی کرێکار بازاڕە گەورەکانی بۆڕسی لە دنیادا سست کردوە. ئەم هەواڵنێریە بەتایبەت ئاماژەی بە داخرانی بازاڕەکان لە ئاڵمان، فەرانسە، ئیتالیا، ئیسپانیا، پورتقال، ئوتریش، سوئیس، بلژیک، هولەند، دانکارک، سوئێد، فەنلاند، نۆروێژ، ئیسلەند و هەموو ولاتانی ئوروپای شەرقی کردوە. لە ڕاستیدا رۆژی جیهانی کرێکار نەتەنیا بەشی ماڵی لە ئوروپا، بەڵکو بەشەکانی پێشەسازی، مەعادن و خزمەتگوزاری دەوڵەتی و خوسوسی لە ٨٠ وڵاتی داخست کە ئەوەڵی مەی تێیاندا ڕەسمی و سەرتاسەریە. لە هێندێک لە وڵاتانیشدا کە ئەم رۆژە تەنیا بۆ کرێکاران رۆژی پشوە کۆمەڵگەی کرێکاری بە دەست لەکار کێشانەوە و ڕژانەسەر شەقامەکان توانایی خۆیان بە وەجولە خستنی چەخی کۆمەڵگا و یان ڕاگرتنی بەرووی باقی چینەکان و دەوڵەتدا کێشا. بەپێی راپۆرتی بڵاو کراوە ڕێوڕەسمەکانی ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ زیاتر لە ڕابردو جەوهەری سیاسی، دژی سەرمایەدارانە، دژی دەوڵەتی، ڕەزمەندە و هێرش بەرانەیان هەبووە. لە هێندێک لە وڵاتەکاندا کە بۆرژوازی لە ڕێگای ئەحزابی سۆسیال دیموکراتیکەوە توانیبوی ئەم مەڕاسمانە بکاتە جێژن و هەڵپەکێ کرێکاران بە داواکاری کرێکاری و دژی سەرمایەدارانەوە هاتنە سەر شەقامەکان و لە هێندێک حاڵەتدا لەگەڵ پۆلیسیش تێکهەڵچون. بۆ نمونە لە شارەکانی ئاڵمان کرێکاران نەفرەتی خۆیان لە پشتیوانی دەوڵەت لە خاوەنانی سەرمایە و ئەحزابی دەستە ڕاستی و ڕەگەز پەرست پیشاندا و داواکاری کۆتایی هاتن بە ڕیازەتی ئابووری، وەرگرتنی ماڵیاتی تەساعودی لە سەرمایەداران و پشتیوانی لە پەنابەران بوون.یەکێک لە سوخەنرانانی یەکێک لە مەڕاسمەکان بەشێک لە هەڵوێستی کرێکارانی پێشڕەوی لە ئاڵمان بەم شێوەیە دەربڕی:422

“هەژاری و داماوی کارەساتی ئاسمانی نین. هەژاری و داماوی بەرهەمی نیزامی سەرمایەداریە. قەیرانەکان شێلاقی چارەنووس نین. قەیران ئەوەیە کە ئینسانەکان لە پاڵ کارخانەی چالاک و کارادا بێکار دەبن، قەیران ئەوەیە کە خەڵک لە برسان دەمرن لەحاڵێکدا کە لە پاڵ ئەواندا هەزاران تۆن مادەی خۆراکی درێژێنە زبڵ دانەکانەوە. ئەمە سۆنامی نییە، ئەمە قەیرانە، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانمان لە ئابووری سەرمایەداریدا بەرهەمێکە دوور لە عەقڵ و بیردنەوە. لەبەر ئەوەی ئامانجی نیزامی سەرمایەداری ئەوە نییە کە نیازی ئینسانەکان بە باشترین شێوە فەراهەم بکرێت، بەڵکو ئەوەیە کە چلۆن پارە لەسەر پارە کەڵەکە بکرێت. چون ئامانجی سەرمایەداری خزمەت بە ئینسان نییە، ئامانجی ئەم ئابووریە خزمەت کردن بە ئابووریە.”ئەم هەڵوێستە دژی سەرمادارانەیە کە لە ئاڵمان بەیان کرا لە یۆنان لە دروشمی ” یان ئێمە یان ئەوان” دا خۆی دەرخست کە ١٣ هەزار خۆپیشاندەر یەک دەنگ دەیانوتەوە. لە ئامریکا وتنەوەی دروشم لەدژی نایەکسانی، نەخشی سەرمایەداران لە روخاندنی ژینگە، تەماع و زێدەخوازی بانکەکان و بە تایبەت هێرش بۆسەر کرداری جەنایەتکارانەی پۆلیس لە کوشتنی لاوێکی ڕەش پێست لە ڕاستای ئەم هەڵوێستە دژی سەرمایەدارانەیەدا بوو. لە میلان، هەڵکەوتو لە وڵاتی ئیتالیا، پۆلیس بۆ بەرگرتن لە داگیر کرانی ناوەندێکی قومار کردن و خۆشگوزەرانی لەگەڵ خۆپیشاندەران تێکهەڵچون و ژمارەیەکی لێ گرتن. لە بریتانیا ئەوەڵین دوشنبەی مانگی مەی رۆژی پشوە و رۆژی هەینی ئەوەڵی مەی بانکەکان کراوە بوون. چالاکانی بزوتنەوەی ئیشغاڵ بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و بە نیشانەی دژایەتی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری شوعبەی بانکی جیهانی و گەورەی ” ئێچ ئێس بی سی” یان داگیر کرد. دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری و داواکاری وەرگیرانی ماڵیاتی تەساعودی لە خاوەنانی سەرمایەش، کە لە زۆربەی خۆپیشان، ڕێپێوان، کۆبونەوە و سوخەنڕانیەکاندا خۆی دەنواند، یەکێک لە نیشانەکانی دژایەتی لەگەڵ یارمەتی دەوڵەتەکان بە سەرمایەداران و بەتایبەت بانکە گەورەکان بوو. لە مانیل پێتەختی فیلیپین، ورەی دژی سەرمایەدارانەی خۆپیشاندەران لە ئاگر تێبەردانی داوەڵی سەرۆک کۆمار و داواکاریی دەست لەکارکێشانەوەیدا خۆی نواند. نەیارانی دەوڵەت ئەویان بە خزمەتگوزاری بێ شەرت و مەرجی ئیمپڕیالیزمی ئامریکا و سەرمایەدارانی نێوخۆیی و توشی هەژاری کردنی چینی کرێکار تاوانبار دەکرد.پشتیوانی کردن لە کرێکارانی کۆچبەر و کورت کردنەوەی دەستی ئەحزابی ڕاستی ئیفراتی، دەوڵەت و سەرمایەدارانی داکۆکیکار لە ڕەگەز پەرستی یەکێک لە داواکاری کرێکارانی خۆپیشاندەر بەتایبەت لە ئامریکا و چین بوو. لە ئامریکا ١١ ملیۆن کرێکاری کۆچبەر بە هۆی نەبوونی پێناسی یاسایی بە کەمترین حەقدەست و بێبەش لە هەموو یارمەتیەکی دەوڵەتی و مەزایای کاریی دەچەوسێنەوە. لە وڵاتی سەرمایەداری چین ئەو کرێکارانەی کە لە ویلایەت و بەتایبەت لە دێهاتەکانەوە روودەکەنە ناوچە پیشەسازیەکان بە کۆچبەر هەژمار دەکڕێن. دەوڵەت هەرکە زانی شیرکەتەکان و ناوەندە پیشەسازیەکان پێویستیان بەو کرێکارانە نییە، ئەوان بەزۆر ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیان دەکاتەوە تا لەوپەڕی بێبەشی و هەژاریدا ژیان بەسەر بەرەن.

لە رۆژهەڵاتی ئۆکڕاین خۆپیشاندەران ڕێورەسمەکانی ئەوەڵی مەی، کە بەشێوەی سوننەتی وەک چونەسەیران بەڕێوە دەچوو، کردە مەیدانی نەبەرد لەدژی حکومەتی شێوە فاشیستی و غەربگەرای ناوەند. دروشمی مەرگ بۆ فاشیسم لە زۆربەی خۆپیشاندانەکاندا بەرگوێ دەکەوت. لە تورکیە کرێکارانی پێشڕەو و هێزە سیاسیە تێکۆشەرەکان لە شاری ئیستانبول لەگەڵ دەیان هەزار پۆلیس تیکهەڵچون کە دەوڵەتی کۆنەپەرستی حیزبی داد و گەشەپێدان بۆ بەرگرتن لە خۆپیشاندەران بە مەیدانی تەقسیم داینابوون.بێجگە لە لایەنی دژی سەرمادارانە، سیاسی و دژی دەوڵەتی بوونی ئاکسیۆنەکانی رۆژی جیهانی کرێکار داواکاری زیاد کرانی حەقدەست لەنێو داخوازیە سینفیەکاندا لە زۆربەی وڵاتاندا پلەی یەکەمی هەبوو. خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئامریکا پشتیوانی خۆیان لە بزوتنەوەی ” ١٥ دۆلار هەر ئێستا” دوپات کردەوە. ئەم بزوتنەوەیە کە کرێکارانی کەم داهات و زۆرتر ژنان دایانمەزراند لە بەشی شارەداری هێندێک لە ویلایەتەکانی وەک سیاتل توانیویەتی لانیکەمی حەقدەستی بۆ کاتژمێرێک کار ١٥ دۆلار بۆ کرێکارانی ئەو بەشانە دابین بکات.چەند مەڕاسمی سەربەخۆی رۆژی جیهانی کرێکار لە شارەکانی ئێران لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچون کە حکومەت بە دەستدانە کرداری سەرکوتگەرانەی جۆراوجۆر بڕیاری لێبڕاوانەی خۆی بۆ بەرگرتن لە هەموو جۆرە ڕێوڕەسمێکی سەربەخۆ نیشاندا. هۆشداری دان لەڕێگای تەلەفون، بانگ کردن و ئێختار پێدان، گرتنی ڕێبەرانی کرێکاری چالاک و ناسراو، ڕاگەیاندنی ئەحکامی زیندان بە کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و دەستدانە ئێعدام کردنی زیندانیانی دادگا ئاساییەکان بە ئامانجی ئیجادی فەزای پڕ لە ترس و وەحشەت بەشێک لەم جۆرە کردارانە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕژیم دوای ٨ ساڵ ئیجازەی بە تەشەکەلە زەردەکانی خانەکارگەر و شوڕا ئیسلامیەکاندا تا خۆپیشاندانی خیابانی بە دروشمی دژی کرێکاری نا مەڕبوتەوە بخەنەڕێ و هێرش بۆسەر هەڵسوراوانی سەربەخۆی کرێکاری لەپاڵدا بشارێتەوە. سەرەڕای کۆمەڵێک کرداری وەحشیانەی حکومەتی ئیسلامی چەند ئاکسیۆنێک لەبەردەم مەجلیس، وەزارەتی کار لە تاران و یان لە شاری ئەندیمشک بەشێوەی ئاشکرا بەڕیوەچون. لە زۆربەی شارەکانی کوردستان هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە چەند گوڵگەشتێکدا لە دەرەوەی شارەکان ڕێزیان لە رۆژی جیهانی خۆیان گرت.