بۆ پێشوازی لە رۆژی ٢٥ ی نوامبر
ن: سەعید ئەمانی
٢٥ ی نۆوامبری ساڵی١٩٦٠، لە بەشی باکووری ” کۆماری دومینیکەن”، تهرمی سێ خوشک بە ناوەکانی ” پاتریا”، “مینرۆوا”، ” ماریاترێزا” میرابل، لە پاڵ زۆنگاوێکدا دۆزرانەوە. ئەم سێ خۆشکە کە خەباتکارانێکی چالاک بوون لەدژی دیکتاتۆریی “ڕافائیل تراخیلۆ”، حكومەتی ژێر پشتیوانی دەوڵەتی ئامریکا، دوای دەستدرێژیکرانەسەر و ئەشکەنجەدرانێكی زۆر، بە دەستی جەنایەتکارانی ئەم حکوومەتە بە شێوەیەکی دزێو و دڕدانە کوژران. هەرچی حکومەت دەیویست کوژرانی ئەمان وەک ڕووداوێکی شۆفێری پیشان بدات، بەڵام زۆر زوو جۆری دهستدرێژییه جنسییهكه و پاشان کوشتنیان، بووه هۆی ڕسواییەکی ئاشکرای حکومەت، خوشکانی میرابێلیش وەک سهمبۆل و هێمای “خەبات لە ڕێگای ئازادی”، نازناوی “پەپولە لەبیرنەکراوەکانیان” پێدرا. ئەشکەنجە و توندوتیژی ئەنجامدراو بەرانبەر بەم سێ خوشکە و ڕۆڵێک کە لە خەبات لەدژی دیکتاتۆڕیی حکومەتی تراخیلۆ گێڕابوویان، بوو بە هۆی ئەوەی كه لە یەکەم کۆبوونەوەی ڕێكخراوی ژنانی ئامریکای لاتین و دوڕگهكانی دەریای کارائیبدا لە “بۆگۆتا”ی کۆلۆمبییا، لە ساڵی ١٩٨١، ژنان، ڕۆژی ٢٥ی نۆوامبر وەک “رۆژی جیهانیی خەبات لەدژی توندوتیژیی” ڕابگهیهنن. ژنان، لەم کۆبوونەوەیەدا، نەك ههر تووندوتیژیی لەسەر بنەمای جنسییەتیان مەحکووم کرد، بەڵکوو هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەدژی ژنان، ههر له کوشتن و دەستدرێژیكردنهسهر لە لایەن حکومەتەکان و زیندانەوە گرتوویهتی، ههتا تووندوتیژیی دەرونی و فیزیکی لە بنەماڵەدا و ئازار و ئەزییەتدان و هەڵاواردن لە شوێنی کار و کۆمەڵگهشیان مەحکوم کرد.
توندوتیژی لەسەر ژنان دیاردەیەکی جیهانییە. لە پێشکەوتو ترین کۆمەڵگاکانی سەرمایەداریەوە تا دواکەوتو ترین کۆمەڵگاکان، ژنان لەگەڵ سیمای دزێوی ئەم توندوتیژیانەدا بەرەو روون. ئەمەش واوەتر لە سنوری جوغڕافیایی و فەرهەنگیەکاندا بەڕێوە دەچێت و لە هەموو جێگایەک لە ماڵەوە تا قوتابخانە، لە شوێنی کارەوە تا کەمپەکانی پەنابەری، واتە هەم لە مەیدانی گشتی و هەم لە بواری خوسوسیدا دەبیندرێت. لە عەینی حاڵدا توندتیژی لەسەر ژنان دیاردەیەکی گەلێک پان و بەرینە، دەستدرێژی بۆسەر ژنان، لەش فرۆشی، هاوسەرگیری بە زۆرەملی، دستدرێژی مەحرەمەکان، لێدان و ئازاردان، هاوسەر گیری منداڵان، پرنۆگرافی، ئەسید پاشی، دووگیان بوونی ئیجباری، ئەزیەت و ئازاری جنسی و کەلامی، قەتڵی ناموسی و هیتر دەرخەری جۆراو بوون و بەرین بوونی ئەم دەیاردەیە. دیارە کە نایەکسانی چینایەتی و نایەکسانی ڕەگەزی بابەتێکی سروشتی نین. لە هەر دووی ئەم نابەرابەریانەدا هەموو ئامرازەکانی کۆمەڵگا لە دەوڵەت، یاسا، سوننەت، مەزهەب، فەرهەنگ و بنەماڵەوە به حەرەکەت دەکەون تا ئەم نایەکسانیانە وەک بابەتێکی سروشتی دەرکەون. لەگەڵ ئەمەشدا نابێ لەبیر بکرێت کە لە پەیڕەوکرانی ئەم توندتیژیانەدا بە تایبەت دەوڵەت ئاڵقەی ناوەندی پێکدێنێت. دەوڵەت لە ڕێگای پاراستنی مناسباتی چینایەتی، پاراستنی پێوەندی و سوننەتە پیاو سالارانەکان و دیسان بەرهەمهێنانەوە و پتەو کردنی هەموو ئەم مناسبات و پێوەندیانە، توندوتیژی لەدژی ژنان و پاراستنی ژێر دەستەیی ئەوان نیهادینە دەکات. ئەگەرچی بەهۆی خەباتی بێ وچانی ژنانەوە و بەتایبەت لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکاندا دەوڵەتەکان ناچار بوون کە کۆمەڵێک یاسا بۆ بەرتەسک کردنەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان پەسند بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوێوە کە دەوڵەت ئۆرگانی پارێزەری مناسباتی نایەکسانی چینایەتی، ئۆرگانی پاراستن و پتەو کردنی مالیکیەتی خوسوسییە و لەوێوە کە ژنان وەک کاڵا بەردەوام دەبنە قوربانی ئەم موناسباتە، لەبەر ئەوە سڕینەوەی بە تەواوەتی توندتیژی پێویستی بە کۆمەڵگایەک هەیە کە تێیدا جیاوازیە چینایەتیەکان و پێوەندی سەرچاوە گرتو لەم جیاوازیانەی لەبەین بردبێت.
*****
» ژوان»
تا ئاسمانی
ئەفغانستانی بیری تۆ
بەوردە داوی بۆچوونی
بڕوایەكی كۆن تەنرابێ
تا كابولی خوشەویستیت
تالیبانی
ترسێكی تۆخ
دەوری دابێ
ئەفسانەیە چاوەڕوانی
هەڵفڕین و
هاتنە ژوانت.
تا بروسكەی پەنجەكانمان
یەك بكەوێ و
هەوری تاوانێك دابكا
تا تۆماری خۆشەویستی
بە ماچ مۆركەین
سێدارەیەك
هەڵخراوە
كێلە سیپانی مێژومان
قەتڵگای عەشقی ناكامە و
جەستەی هەزاران سیامەندی
بە سینەوە
هەڵواسراوە!!