به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، شه‌وی دووشه‌ممه ١٨ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، چه‌ندین شاری ئێران گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان خه‌ڵكی شۆڕشگێڕ و هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم بوو.
له شاری جوانڕۆ و سه‌لاسی باوه‌جانی هێزه لیباس شه‌خسییه‌كانی ڕژیم هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خۆپێشانده‌ران و چه‌ندین كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ركردووه و ماڵ به ماڵ به دوای لاوانی ناڕازی دا گه‌ڕاون و ئازاری خه‌ڵكیان داوه، له‌شاری سنه لاوانی بوێڕی ئه‌و شاره تا دره‌نگانی شه‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوونیان بووه و له شارۆچكه‌ی به‌هاران و نایسه‌ر هێزه‌كانی ڕژیم ته‌قه‌یان له په‌نجه‌ره‌ی خه‌ڵك كردووه وگاز فرمێسكڕێژیان بۆ ترساندنی خه‌ڵك به‌كار هێناوه، له دووشان و كارامووزی چه‌ندین كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ركراون و به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه زیندانه‌كانی پڕ بوون ئه‌نباره‌كانی كارامووزیان بۆ ڕاگرتنی خۆپێشانده‌ران به‌كار هێناوه، له شاری كرماشان لاوانی ئه‌و شاره تا كاتی نیوه‌شه‌و له سه‌ر شه‌قام بوون و ڕێگه‌ی هاتووچۆیان به‌سه‌ر هێزه‌كانی ڕژیم دا داخست، به‌پێی زانیارییه‌كان منداڵێكی ٧ ساڵان له باوه‌شی دایكی دا له شاری سنه دراوه‌ته به‌ر ده‌سڕێژی گولله و گیانی له‌ده‌ست داوه، لاوانی مه‌روده‌شت شه‌وی ڕابردوو شه‌قامه‌كانیان چۆڵ نه‌كرد و دژبه به‌رپرسانی باڵای ڕژیم دروشمیان وته‌وه و وێنه‌كانی خامنه‌یی و قاسم سڵێمانیان ئاگردا، له یه‌زدانشاری ئیسفه‌هان خه‌ڵكی ناڕازی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون و له‌شاری تاران له چه‌ند ناوچه خۆپێشان به دروشمی مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر به‌رده‌وام بووه و له شاره‌كانی مه‌ریوان و سه‌قز به ئاگردانی لاستیك شه‌قامه‌كان داخرا و لاوانی سه‌قز له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان بووه. دوایین زانیارییه‌كان باس هێنانی هێزێكی زۆری نیزامی له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سنه ده‌كه‌ن.
