ناڕازیان شه‌وی هه‌ینی ٨ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، له شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران ڕژانه سه‌ر شه‌قام و به وتنه‌وه‌ی دروشم دژبه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی“یان به‌رز كرده‌وه.
به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، شه‌وی ڕابردوو خه‌ڵكی شاری سه‌قز به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو و سه‌ره‌ڕای كه‌ش و هه‌وای ئه‌منییه‌تی بۆ جارێكی دیكه ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه به‌رپرسانی باڵای ڕژیم دروشمیان وته‌وه، له‌شاری ئه‌رده‌بیل خۆپێشانده‌ران به دروشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم تێكهه‌ڵچوون، خه‌ڵكی ناڕازی له شاره‌كانی مه‌شهه‌د، دزفوول، ئابادان، تاران، گه‌وهه‌رده‌شتی كه‌ره‌ج و بۆكان به داخستنی ڕێگاكان و لێدانی بۆقی به‌رده‌وام ڕێگه‌یان له هاتووچۆی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم گرت، له ئوستانی سیستان و به‌لووچستان له‌وانه شاری میرجاوه، شه‌ش منداڵ به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم برینداربوون كه دۆخی ته‌ندرووستی به‌شێكیان ناجێگیره، له شاری زاهیدانیش هێزه ئینتزامییه‌كانی ڕژیم خۆپێشانده‌رانیان دایه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و به ده‌یان كه‌س كوژراو برینداربوون. له هه‌مان كاتدا بانگه‌واز بۆ مانگرتن له‌لایه‌ن ناڕازیانه‌وه له نێو شه‌قامی شاره‌كاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه.