کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیفاع لە خەڵکی خەباتکاری ئێران بۆتە جیهانی

Untitled 46

ڕاده‌ی به‌ڕبه‌ڕییەت و وەحشیگەری نیزامی ئیسلامیی ئێران،به‌ملیۆنان ژن وپیاوی له‌جیهانداتووشی داخ و خەم وپەژارەكردووه‌.  هاشتاگی بەرگریکردن لە ژینا گەیشتووەتە سەد ملیۆن کەس کە زۆر زیاترە لە کۆی ژمارەی دانیشتوانی ئێران.  ڕوونکردنەوەی ئەوەی لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕوودەدات کارێکی ئاسان نییە. زۆرێک لە گەنجان و نەوەی نوێ بە بێباوەڕیەوە دەپرسن چۆن لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، ژینا ئەمینی و ژیناکان مەحکوم دەکەن بە کوشتنێکی کارەساتبار تەنیا بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵ لە موی سەری؟  زۆر زەحمەتە بۆ ملیاران کەس لە جیهاندا کە لەو ئاپارتایدە ڕەگەزییە لە ئێران و ئەو ئاستە لە دڕندەیی و بەڕبەڕیەتى ڕێژیمی ئیسلامی تێبگەن.

کێشەکە ئەوەیە کە چۆن لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا حکومەتەگەلێک هەن کە سەر بە سەدە ناوەڕاستییەکان و سەردەمی جەهل و تاریکین. لەم ڕۆژانەدا بە ملیۆنان ژن و پیاوی شەریف لە جیهاندا بەوپەڕی بێ باوەڕی و داخ و کەسەرەوە سەیری ئەو ئاستە لە بەڕبەڕییەت و دڕندەییەی کە حکوومەتی ئیسلامی ئێران نیشانی دەدات و لەم نابەوەختیە مێژووییەی کۆماری ئیسلامی دەڕوانن.

لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی ژینا، دوو هێز لە ڕەهەندێکی ناوچەیی و جیهانیدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. دوو هێز کە بەهای تەواو جیاواز و پێچەوانەیان هەیە، لایەنگرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە بزووتنەوە تیرۆریستی و کۆنەپەرستە شیعەکان و ئەو چین و توێژە ئایینیانەدا کە سوودی ماددییان لە حکوومەتی ئیسلامی بینیوە یان تێگەیشتنێکی زۆر نەریتی و توندڕەویان لە ئیسلام و جل و بەرگی ئیسلامی هەیە، بەرتەسک دەبێتەوە. تەنانەت هاوپەیمانانی سیاسی و هاوبەشە بازرگانییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕووسیا و چینەوە بگرە تا چەند وڵاتی ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانن تاوانەکانی حکوومەت دژ بە ژنان پشتڕاست بکەنەوە یان بێبەری بکەن.

بەپێچەوانەوە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی جیهان هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ بنەماڵەی ژینا دەربڕیوە. بە سەدان گردبوونەوە و خۆپێشاندان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەمەبەستی شەرمەزارکردنی ئەم تاوانە بەڕێوەچووە. ڕوماڵی میدیایی ناڕه‌زایه‌تییەکانی خه‌ڵكی ئێران له‌ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جیهاندا بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی بێ وێنەی بەخۆیەوەبینیوە. لایەنگرانی ژینا، ویژدانی مرۆڤایەتی وەخەبەرهاتووی ئەمڕۆی جیهانن و ڕێژیمی ئیسلامی و لایەنگرەکانی سەر بە سەدە ناوەڕاستییەکانی مێژووی مرۆڤایەتین و سەر بە زبڵدانی مێژوون.  هۆکاری بەجیهانی بوونی دۆزی ژینا ئەمینی و پاڵپشتی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز لە خەباتی خەڵکی ئێران لەدژی بەڕبەڕیزمی ئیسلامی، لە داخوازی و دروشمە پێشکەوتنخوازەکانی خەڵکی کوردستان و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.

حکوومەتی ئیسلامی لە مێژووی پڕ لە شەرمەزاری چل و چوار ساڵەی خۆیدا هەرگیز ئەوەند گۆشەگیر و پەراوێزخرا نەبووە و ئەوەند نەکەوتووتە بەر نەفرەت و بێزاری. بێ گومان لاوازبوون و رووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران گورزێكی قورسه له کۆنەپەرستیی ئایینی له ناوچەکه و جیهاندا. ڕەوتی تیرۆریستی و کۆنەپەرستی شیعە لە ناوچەکەدا، توێژی بەکرێگیراو و ڕانتخۆری حیزبە ئیسلامیەکان، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بە سەرەتای لەناوچوونی خۆیان دەزانن.

کۆمەڵانی خەڵکی شەریف و خەباتکاری کوردستان و ئێران لە تین و تەوژمی پشتیوانی و هاوسۆزی مەعنەوی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز تێدەگەن و هەستی پێدەکەن، هەروەک چۆن دەسەڵاتدارانی تاوانباری کۆماری ئیسلامی، هەست بە گوشار و توڕەیی و ڕق و کینەی جیهانی دژبە خۆی دەکات.