له پێنجه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وامی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تیی به ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ڕێبه‌رانی جیایی خوازی ئیسپانیا، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٨ی ڕه‌زبه‌ر، ژماره‌ی برینداربووانی كاتالۆنیا بۆ ١٨٢ كه‌س به‌رزبوویه‌وه.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، دیوانی باڵای ئیسپانیا ٩ ڕێبه‌ری جیایی خوازی كاتالۆنیای ڕۆژی دووشه‌ممه ١٤ی ئۆكتۆبر به ٩ تا ١٣ ساڵ زیندان مه‌حكووم كرد. چه‌ند كاتژمێر دوای مه‌حكووم كردنی ئه‌م ٩ كه‌سه، شه‌پۆلێكی گه‌وره له ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندان له‌دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئیسپانیا كه‌وتووه‌ته ڕێ و جیایی خوازانی كاتالۆنیا، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژه ده‌ستیانداوه‌ته به‌ڕێوه‌بردنی خۆپیشاندانی به‌ربڵاو. شایانی باسه، له یه‌كه‌م ڕۆژدا زیاتر له ٥٠٠ هه‌زار كه‌س له پێنج شاری كاتالۆنیا هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌ستیاندایه خۆپیشاندان. پاشان پۆلیسی ئیسپانیا به ده‌خاڵه‌ت كردن له خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی جیایی خوازان، ئه‌م خۆپیشاندانانه به‌ره‌و توندووتیژی كێشا. ئاڵۆزییه‌كان له كاتێكدا هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه كه دووهه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ری ئیسپانیا بڕیاره، ڕۆژی ١٠ی نۆوامبر به‌ڕێوه‌بچێت. به پێی ده‌ستووری ئیسپانیا، ناوچه‌ی كاتالۆنیا به به‌شێك له خاكی ئه‌م وڵاته هه‌ژمار ده‌كرێت و وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ به ڕه‌سمییه‌ت ناناسرێت.