پۆلیسی هۆله‌ند ڕۆژی شه‌ممه ٢٠ی ڕه‌زبه‌ر، نزیكه‌ی ١٣٠ كه‌س له چالاكانی ژینگه‌پارێزی ئه‌ندامی كارزاری ناسراو به “ڕاپه‌ڕین دژبه له‌ناچوون”ی له‌م وڵاته ده‌ستبه‌سه‌ر كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌م كه‌سانه وێڕای ژماره‌یه‌كی دیكه له ناڕازییان به گۆڕینی كه‌شوهه‌وا و گه‌رم بوونی زه‌وی له جیهان، ڕۆژی شه‌ممه به كۆبوونه‌وه له “ئامێستێردام” پێته‌ختی هۆله‌ند، چه‌ند جێگایان له‌مشاره به‌ستبوو. ناڕازییان به كۆبوونه‌وه له ناوه‌ندی شاری ئامێستێردام، داوایان له كاربه‌ده‌ستان كردووه كه پێش به له‌ناوچوونی هه‌رچی زیاتری ژینگه بگرن. شایانی باسه، ناڕازییان له شاری ئامێستێردام، به‌له‌مێكیان كه به چه‌ندین درووشم به ناوه‌ڕۆكی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وایی ڕازا بوو، به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌م به‌له‌مه‌یان له‌سه‌ر پردی “بلاوبروگ” له به‌رامبه‌ر بینای شاره‌داریی ئه‌مشاره دانا. پێویسته ئاماژه بكرێت كه به هه‌ژماركردنی ئه‌م ژماره‌یه له ناڕازییان، له سه‌ره‌تای حه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه هه‌تا ئێستا زیاتر له ٢٠٠ كه‌س ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.