ناڕه‌زایه‌تی كاسبكارانی شه‌قامی لاله‌زاری تاران و كازروون ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٤ی مانگی جۆزه‌ردان، به‌هۆی وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ر و نه‌بوونی نرخێكی جێگیر بۆ كاڵاكان له بازاڕه‌كاندا، بۆ دووهه‌مین ڕۆژی خۆی به‌رده‌وام بوو.
به‌پێی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه له تۆڕهكۆمهڵایهتییهكاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كاسبكارانی ناڕازی شه‌قامی لاله‌زاری تاران به ڕێپێوان و وتنه‌وه‌ی درووشم و داخستنی دووكانه‌كانیان داویان له سه‌رجه‌م كاسبكارانی دیكه ئه‌و شه‌قامه كرد كه به‌شداری ئه‌و خۆپیشاندانه بن. هه‌روه‌ها به‌پێی چه‌ند گرته‌ڤیدیۆیه‌كی دیكه له شاری كازروون، دووكاندارانی چه‌ند شه‌قامێكی ئه‌و شاره‌ش به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیین سه‌رجه‌م دووكانه‌كانیان داخستووه. له لایه‌كی دیكه‌وه هێزه‌كانی ڕژیم بۆ كۆتایی هێنان به مانگرتنی كاسبكاران و بازاڕییانی ئه‌و شارانه هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستووه‌ته گڕ و ڕووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه.