ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٣ی سێپتا‌مبر، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ڵی مانگی ڕه‌زبه‌ر، بیروڕای گشتی جیهان له میدیاكانه‌وه دوو وێنه‌ی جیاوازیان له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نیشان دا. له وێنهیهكیاندا، لاوان به هه‌موو توانایانه‌وه سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی جیهانیان هێنابووه گۆڕه‌پانی موحاكمه و ئیدعانامهكانیان ڕوو به هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه جیهانیه‌كان بوو كه به‌رده‌وام خه‌ریكی له‌ناوبردنی گۆی زه‌وین، واته ته‌نیا شوێنی نیشته‌جێ بوونی ٧ ملیارد مرۆڤ. قسه پڕ گڕوتینهكانی “گرێتا تۆنبرگ” كه له‌گه‌ڵ كوڵی گریان تێكه‌ڵ بوو، هه‌ناسه‌ی هه‌مووانی له سینگدا ڕاگرت، كاتێك كه وتی: “په‌یامی من ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئاگامان لێتانه، من نه‌ده‌بووایه لێره بوایه‌م. من ده‌بوو ئێستا له‌و په‌ڕی ئۆقیانووس له مه‌دره‌سه ده‌رسم خوێندبا. به‌ڵام ئێوه ئێستا چاوی هیواتان له ئێمه‌یه، چۆنتان له‌ڕوو هه‌ڵدێت، ئێوه ئاواته‌كان و منداڵیی ئێمه‌تان به قسه‌ی بێ ناوه‌رۆك له‌ناوبرد. ڕۆژانه خه‌ڵك له به‌رده‌م مه‌رگ دان، هه‌موو ئێكۆ سیسته‌می جیهان خه‌ریكه له‌ناو ده‌چێت. ئێمه به‌ره‌و نابوودی ده‌ڕۆین به‌ڵام هه‌موو قسه‌وباسی ئێوه، بووه‌ته پووڵ و ئه‌فسانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به گه‌شه‌ی ئابووری. چۆنتان له ڕوو هه‌ڵدێ، لێتان خۆش نابین.” له ڕاستی دا ئه‌م وشانه هاواری به‌ژانی ملیۆنان ئینسان بوو كه له باشووری جیهان ده‌بێ باری قورسی گۆڕانكاریی ئیقلیمی بگرنه ئه‌ستۆ. ئه‌وان ده‌بێ ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ ویشكه ساڵی به‌ره‌وڕوو ببنه‌وه و له به‌ر چاویان ئاژه‌ڵه‌كانیان وه‌ك سه‌رچاوه‌ی بژیویان، دوایین هه‌ناسه‌كانیان هه‌ڵبكێشن و زه‌وی گیر بن. له ڕاستیدا ئه‌م قسانه‌ی “گرێتا تۆنبرگ” ده‌نگی ئیعتراز و ناڕه‌زایه‌تی ملیۆنان كه‌س بوو.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بڕیاری دانیشتنێكی یه‌ك ڕۆژه‌ی ئیقلیمی ده‌ركرد و داوای كرد كه ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌ن ئیده و پلانن بڕۆنه پشت تریبوونی ئه‌م ڕێكخراوه. ئه‌گه‌ر “گرێتا” و هاوسه‌نگه‌رانی وێڕای قووڵترین هه‌ستی ئینسانییه‌وه بۆ ڕزگاری جیهان دادخوازییان كرد، له لایه‌كی دیكه‌وه ته‌نیا به ئیختلافی چه‌ند سه‌عات، مێركێل سه‌دری ئه‌عزه‌می ئاڵمان هاته پشت تریبوون و ئیدعای كرد كه گۆیا گه‌ڵاڵه‌یه‌كی بۆ ڕزگاری جیهان هه‌یه. گه‌ڵاڵه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ڕۆژی هه‌ینی هاوكات له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانی ملیۆنان كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهان، له بیست و دوو لاپه‌ڕه‌دا په‌سند كرابوو. مێركێل به تام و چێژه‌وه باسی له بوودجه‌ی ٤٤ ملیارد یۆرۆیی كرد كه ده‌وڵه‌تی ئاڵمان بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ واته له ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٤ ته‌رخانی كردووه. گه‌ڵاڵه‌یه‌ك كه نه ته‌نیا پارته ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی ئاڵمان به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت دامه‌زاروه زانستییه‌كانیش ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یان له خزمه‌ت ئێنحسار و كۆمپانیه سهنعهتیهكاندا پێناسه كردووه. له‌بیرمان نه‌چێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه مێركێل خۆی به ڕزگاری به‌خشی جیهان ده‌نوێنێ و پاره‌ی ٤٤ ملیارد یۆرۆیی بۆ چوار ساڵ دێنێته گۆڕێ، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، بوودجه‌ی ٤٠ ملیارد یۆرۆیی ئه‌ویش ته‌نیا بۆ مه‌سره‌فی یه‌كساڵ درایه به‌شی دیفاعی یا به واتایه‌كی دیكه بۆ ماشێنی كوشتاری ئیمپریالیسمی ئاڵمان خرایه گه‌ڕ. ترامپ كه ته‌وه‌ری له‌ناوچوونی ژینگه به فێڵ و فریو و دژی گه‌شه‌ی ئابووری ناو لێده‌بات، دانیشتنی یه‌ك ڕۆژه‌ی ئیقلیمی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بۆ گرینگ بوو كه قسه‌كانی مێركێل ببیستێ و دواتر هۆڵه‌كه جێبهێڵێت. له‌خۆڕا نه‌بوو كه ترامپ به بێ چاولێكردن له “گرێتا” له په‌نایه‌وه تێپه‌ڕ بوو، چۆنكه “گرێتا” به ئاشكرا ئه‌وی به تاوانباری پله یه‌ك ناو لێبردبوو.
ئه‌گه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه بوو به مه‌یدان و مه‌كۆی ده‌ربڕینی هه‌ستی ئینسانیی لاوان، له ڕۆژی دووهه‌م به‌ملاوه بۆوه به مه‌یدانی تاوانبارانی جیهان له قالبی سه‌رانی ده‌وڵه‌تدا. مه‌یدانێك كه ڕه‌نگی فریو و به‌ند و به‌ست و كێبه‌ركێی ده‌وڵه‌ته‌كانی جیهانی پێوه دیار بوو. له یه‌مه‌نه‌وه تا سووریه، له ئێرانه‌وه تا عه‌ره‌بستان، له وتووێژی تاڵه‌بانه‌وه تا به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌وته تیرۆریسته ئیسلامیه‌كان، له شه‌ڕی بازرگانی ترامپ له دژی چین تا سووتانی دارستانه‌كانی ئامازۆن، هه‌موو ئه‌مانه مه‌یدانی شه‌ڕه‌قسه و كێبه‌ركێی زلهێزهكانن. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر دووی ئه‌م مه‌یدانانه، دوو دیمه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م جیهانه ئاواژوویه نیشان ده‌ده‌ن كه تێیدا چه‌ندین ملیارد ئینسان به‌ند كراون.
دانیشتنی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ساسی هاوسه‌نگی هێزی هه‌ر ده‌وره‌یه‌ك، كۆڕی شه‌ڕه‌قسه و خۆیه‌كلاكردنه‌وه‌ی زلهێزه‌كانی جیهانه. ئه‌وه‌یكه بایه‌خی پێده‌درێ نه‌ك بیرۆڕای ١٩٣ ئه‌ندامی ئه‌و ڕێكخراوه به‌ڵكوو ته‌نیا هێزی نیزامی و ئابوورییه كه له‌وێ قسه‌ی ئه‌وه‌ڵ ده‌كات. هه‌ر ئه‌وانیشن كه چاره‌نووسی به‌شێكی به‌رین له مرۆڤه‌كان به مۆری ته‌ییدی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یان بێ ئه‌و مۆره دیاری ده‌كه‌ن. هه‌مووان دیتیان كه له ساڵی ١٩٩٩ سه‌ره‌ڕای په‌سند كردنی گه‌ڵاڵه‌ی شورای ئه‌منیه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی ناتۆ، یۆگسلاوییان بۆمباران كرد. هه‌مووان له‌بیریانه كه خاكی عێراقیان به تووره‌كه كێشا و هه‌مووانیش دیتیان كه ساڵی ٢٠١١ كاتێك له‌سه‌ر ته‌وه‌ری لهسهركارلاچوونی ئه‌سه‌د له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به ڕێكه‌وتن نه‌گه‌یشتن، زل هێزه‌كانی غه‌رب خۆیان به یارمه‌تی هاوپه‌یمانانی ناوچه‌كه، سووریه‌یان كرد به مه‌یدانی خوێنیی شه‌ڕی نیابه‌تی. هه‌روه‌ك بینیمان ئه‌گه‌ر ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا نه‌پارێزیت، گه‌رووی ماڵی ئه‌و ڕێكخراوه به په‌نجه به‌هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گوشرێت. كه‌وابوو قسه له‌سه‌ر سازان و ڕێكه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كانی جیهان ته‌نیا قسه‌یه‌كی خاڵی له ناوه‌رۆك و كرده‌وه‌یه و هیچیتر. گۆیا قه‌رار بوو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، شوێنی ڕێكه‌وتن و كۆتایی هێنان یان لانیكه‌م هێور كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی جیهان بێت و به ڕواڵه‌ت هه‌موو وڵاتانی جیهان كورسیی نوێنه‌رایه‌تیان له‌وێ هه‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا، پاش كۆتایی دانیشتنه‌كان هه‌موو پله و پۆسته‌كان له نێوان چه‌ند وڵاتێكی به‌هێزدا دابه‌ش ده‌كرێت. ئه‌مساڵیش ئه‌گه‌ر ته‌وه‌ری ژینگه كه به هێمه‌تی هاتنه مه‌یدانی ملیۆنان ئینسان بوو به ته‌وه‌رێكی جیهانیی، لێدهركهین، چه‌ند دیمه‌ن و وێنه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه كه هه‌میشه بیندراون. وه‌ك هه‌میشه تریبوونی ئه‌م ڕێكخراوه شوێنی ناردنی په‌یامی هه‌ره‌شه یان په‌یامی ئاشتی بووه له نێوان ده‌وڵه‌تانی ده‌رگیری شه‌ڕ و ناكۆكی. له لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌رچی ترامپ له قسه‌وباسه‌كانیدا كۆماری ئیسلامیی وه‌ك “هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره” ناولێبرد و ڕایگه‌یاند كه “تا كاتێك ئێران هه‌ڵسووكه‌وتی نه‌گۆڕێت گه‌مارۆكان هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه”، به‌ڵام هاوكات ڕووبه سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی وتی: “ئێمه به شوێن شهریكهوهین، نه به شوێن ڕه‌قیب و حه‌ریف“، و به‌مجۆره خاڵی سه‌ره‌كیی و سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كانی ئێران و ئه‌مریكای خسته ڕوو. هه‌روه‌ها له به‌رامبه‌ردا په‌یامی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامیش بۆ وڵاتانی غه‌رب ئه‌وه‌یه كه “بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر به‌رجام“. ئه‌م قسه‌یه هه‌م خامنه‌یی ده‌یكات و هه‌م ڕووحانی. ڕووحانی له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێریی نیۆیۆرك ڕایگه‌یاند كه ئه‌گه‌ر گه‌مارۆكان له‌سه‌ر ئێران لاچێت، ئاماده‌یه سه‌باره‌ت به “گۆڕانكاری بچووك” له سه‌ر ڕێكه‌وتنی هه‌سته‌یی وتووێژ بكات. كه‌وابوو شه‌ڕ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی و سنووری ئه‌م ئاڵ و گۆڕانه‌یه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، داڕماوی ئابووری ئێران ڕێگا چاره‌یه‌كی دیكه‌ی جگه له “نه‌رمشی قاره‌مانانه” بۆ ڕژیم نه‌هێشتووه‌ته‌وه. ئاشكرایه كه شه‌ڕ و مشت و مڕی هه‌ر دوولا نه ته‌نیا هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه‌وه نییه، به‌ڵكوو ڕۆژ له دوای ڕۆژ سفره‌كانیان خاڵی‌تر ده‌كات.