کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە ژینگە

final 2 360

 

  1. قازانج پەرەستی سیستەم و نیزامی سەرمایەداری هیچ سنوورێکی بۆ نییە، نەتەنیا گەلێک ژیانی مرۆڤەکان لەم ڕێگایەی قازانج پەرەستیدا بەرەو لەناوچوون دەبرێت بەڵکوو ڕەوتی ڕوو لەناوچوونی ژینگە تا ئاستێک پەرەی سەندووە کە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆسەر داهاتووی مرۆڤایەتی لەسەر ئەم گۆی زەوییە.کۆماری ئیسلامیش هەروەک هیزێکی پارێزەری ئەم سیستمە لەم ڕێیەدا رێخۆشکەرە و ئاسانکاری بۆ لەناوبردنی سرووشت و ژینگەی ئێران کردووە. کۆمەڵیك لە لێکۆڵەران و پسپۆڕانی بواری تەندرووستی ئیشارەیان بە پەیوەندی نێوان پیس بوونی ژینگە و تەندرووستی مرۆڤەکان کردووە. وەک نموونە دەکرێت ئاماژە بە زیاد بوونی کەسانی تووش بوو بە شێرپەنجە بکرێت بە هۆکاری بەکارهێنانی نابەجێی ژەهرەکان و پەینە “کود” کیمیاییەکان، یان زیاد بوونی ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی پیس بوونی هەواوە.

بەڵام هەروەک لە پرۆسەی سیاسی قازانج پەرەستی ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیەدا سەبارەت بە ژینگە و سرووشت چاوەڕوان دەکرێت تەنانەت ئەم جۆرە هۆشداری و ئاگاداریانەش لەلایەن ئەم ڕژێمەوە بە هەند وەرناگیرێت. لێکۆڵینەوە لە ئامارەکان لەم چەند دەیەی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ژینگە و سرووشتی ئێران تەنانەت ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە تەندرووستی و لەشساخی هاوڵاتیانیشەوە هەیە جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانی دەسەڵات نەبووە. بەپێی ژمارەی هاوڵاتیان ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠ میلیۆن تۆن زبڵ و خاشاک بەرهەم دێت کە تەنیا و زۆر بەزەحمەت لەسەدا ٥ی دەگەڕێتەوە بازنەی دووبارە بەکار هێنان و “بازیافت”، وە ٩٥ لەسەدی ئەو زبڵ و خاشاکەی ماوەتەوە لە زەویدا دەخرێنە ژێر خۆڵ یان لە سرووشتدا بڵاو دەبێتەوە. ساڵانە ١٢٥ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لەناو دەچن. بە پێی پێشبینیەکان هەتا ٥٠ ساڵی داهاتوو ئاسەوارێک لە دارستانەکانی ئێران نامێنێت، بە ئەو جۆرەی پێشبینیەکان ئەگەر ئەم پرۆسەیەی لەناوبردنی ژینگە بەردەوام بێت، لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا پێدەچیت ئێران ببێتە وڵاتێکی بێ بەرهەم و ئاو و دارستان، و هەروەها ببێت بە ناوچەیەکی بیابانی و ڕووتەڵی بێ گژ و گیا.

 

  1. ئەم پرۆسەیە لە کوردستانیش بەردەوامە کە؛ زیادەڕۆیی لە بڕینەوەی دارەکان، ئاورتێبەردانی دارستانەکان بە بیانووی دابینکردنی ئاسایش بۆ هێزە سەرکوتگەرەکان، فڕێدانی ناتەندرووستی پاشماوە شارییەکان، درووست کردنی بەنداوی نابەجێ و ناپسپۆڕانە، بیناسازی، درووست کردنی جادە و بەنداو بە نییەت و مەبەستی نیزامی و قازانج پەرستانە، پیس بوونی یەکجار زۆری هەوا بەهۆی پەرەسەندنی بەشێک لە هۆکارەکانی ئالوودە کردنی هەوا و ژینگە،کە دەکرێت پێشیان پێ بگیرێت، وشک بوونی بەردەوامی دەریاچەی ورمێ و زرێبار و هەروەها وشک بوونی گۆماوەکان و هیتر … نموونەگەلێکن کە دەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت.

 

  1. بە تێگەیشتن لە وەها کارەساتێک کە ئەمڕۆ و داهاتووی ژینگە بەرەو لەناوچوون دەبات. پارێزەران و هەڵسوڕاوانی ژینگەیی لە کوردستان بە مەبەستی پاراستنی سرووشت لە بەرانبەر ئەم داڕوخاندنانە دەستبەکار بوون. خەڵکی کوردستان فیداکاری و لەخۆبوردەیی بێ وێنەی شەریف باجوەر و هاوکارەکانی لەبیر ناکەن. ئەم هەڵسوڕاوانە هەوڵیان داوە و بەردەوامیشن کە سەرنجی هەمووان سەبارەت بەم بابەتە گرنگە ڕابکێشن و ئەرکی خۆیان بۆ بردنە سەرەوەی فەرهەنگ و کلتووری پێشڕەو لەم بوارەدا بەجێ بگەیەنن. ئەگەرچی ڕەنگدانەوەی مەترسیەکانی سەر سرووشت و ژینگەی کوردستان زۆر لە بازنەی هەڵسوڕان و تێکۆشانی ئەوان گەورەترە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لەهەمان کاتدا یارمەتیدەر بووە و برەو دەدات بە کلتوور و فەرهەنگی پێشڕەو و هەڵوێستی بەرپرسانە لە ئاست ژینگە و سرووشتدا.

 

  1. کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە وێڕای رێز گرتن لە یادی گیانبەختکردوانی هەڵسوڕاوانی ژینگەپارێز و بەرز نرخاندنی لەخۆبردوویی و خەباتی ئەوان بۆ پاراستنی ژینگە، خۆی بە پشتیوانی هەڵوێست و هەنگاوەکانی ئەوان دەزانێت و داوا لە کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی خۆی دەکات لە ڕێگای پەیوەندی لەگەڵ ئەم هەڵسوڕاوانە ڕێگە خۆشکەر بن بۆ هاوکاری و هاوفکری لەگەڵ ئەوان بۆ ئەوەی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە بۆ بەرگری و پارێزگاری لە ژینگە و سرووشت بکاتە کلتوور و فەرهەنگێکی گشتی کۆمەڵایەتی.

 

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢