له درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی موعه‌لیمانی سه‌رجه‌م شاره‌كانی ئێران و كوردستان، ڕۆژی سێشه‌ممه ٣ی مانگی ڕه‌شه‌مه له زۆربه‌ی شاره‌كانی وه‌ك كرماشان، سنه، دیوانده‌ره، سه‌قز، سونقر و كولیایی، جوانڕۆ، مه‌ریوان، كامیاران، ئیلام و…هتد ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به وتنه‌وه‌ی دروشم خوازیاری جێبه‌جێ بوونی سه‌رجه‌م خواسته‌كانیان و ئازاد بوونی سه‌رجه‌م موعه‌لیمانی به‌ندكراو بوون. وه‌ك نموونه‌یه‌ك له شاری مه‌ریوان موعه‌لیمان به وتنه‌وه‌ی درووشم پشتیوانی خۆیان بۆ موعه‌لیمی ده‌ستبه‌سه‌كراو “شه‌عبان محه‌مه‌دی” دووپات كرده‌وه.
سه‌ره‌ڕای ده‌ستبه‌سه‌ركرانی زیاتر له ٢٠ موعه‌لیم له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوو به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه، له زیاتر له سه‌د شاری ئێران كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی موعه‌لیمان له به‌رانبه‌ر ئیداره‌ی ئامووزش و په‌روه‌رشی شاره‌كان به‌ڕێوه‌چوو. به‌پێی وته‌ی “محه‌مه‌د حه‌بیبی” وته‌بێژی شۆرای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوه‌كانی سنفی فه‌رهه‌نگیانی ئێران، له ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا “سوڵماز فه‌یزۆڵڵا-زاده” ئه‌ندامی به‌ڕێوبه‌ری كانوونی سنفی موعه‌لیمانی ئه‌لبۆرز و “عه‌لی-حه‌سه‌ن به‌هامین” موعه‌لیم و چالاكی سنفی له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی ڕژیمه‌وه له شاری شیراز ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. شۆرای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوه‌كانی سنفی فه‌رهه‌نگیانی ئێران شێوازی هه‌لسوكه‌وت له گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی به‌توندی شه‌رمه‌زار كرد و خوازیاری ئازادی بێ مه‌رجی هه‌موو موعه‌لیمانی به‌ندكراو بوون.