سەلام قادری
رەنگە لە ناو هیچ حیزبێكی سیاسیدا بە قەدەر حیزبە چەپەكان و، لەناو ئەوانیشدا هیچ دەستەو تاقمێ بەقەدەر ئەو كەسانەی خۆیان پێ رادیكاڵترە قسە لە زانست نەكەن. دیارە هەموو حیزبێ بۆی هەیە هەر ئیدعا و دیعایەیەک بکات و کەسانی ناو حیزبەکانیش بۆیان هەیە خۆیان بە راو بۆچون و تێگەیشتن و خوێندەواریانەوە بناسێنن،تا ئێرە کەس کێشەی نیە؛بەڵام ئەگەر ئەوەی دەیڵێت و ئەوەی دەیکەیت یەک نەگرێتەوە،ئەگەر وشەکان و دەستەواژەکان لە شوێنی خۆیاندا بە کار نەهێنی لە باشترین حاڵەتدا و دەکەویتە ناو گێژاووی نەزانین و نەزانکاری خۆتەوە و چارەنووسی سیاسی خۆت و ئەو بزووتنەوەیەیش کە خۆتی پێوە دەناسێنی نادیار دەبێت.ئەم جۆرە کەسانە گەر بە ئەنقەست و بەمەبەست و بۆ چەواشەکاری زمان بگۆڕن و کردە و وتەیان یەکنەگرێت ئەوە ئیتر وەک دەوترێ «درۆ مەنزڵی کۆتایە» زۆر زوو بە درۆ دەکەونەوە و شکست دەخۆن و باری لاریان قەد ناگاتە مەقسەد. ئەگەر سەرەتاییترین هۆکاری دروست بوونی حیزبی سیاسی وڵامدانەوە بە پیویستەیە مێژووی و کۆمەڵایەتیە کانی وڵاتێک و رێکخستنی چین و توێژی دیاریکراو بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دیاریکراو بێت؛ چاوروانی ئەوەت لێدەکرێت کە لێت روون بێت چ پێناسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە پێناسی خۆت دەزانی، وە چ جۆرێک لە سەرکەوتن بە سەرکەوتن پێناسە دەکەیت و چۆن دەتەوێت هەنگاو بە هەنگاو بەو خاڵە کۆتاییەی سەرکەوتن بگەیت؟
لە نزیك بە بیست ساڵ لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتیم لە ریزی كۆمەڵەدا، كۆمەڵێك وانە فێر بووم، یەكەم خەڵك رێكخراو دەناسن نەوەك كەسەكان، دووە م خەڵك رێكخراو بە سەركردەو كاریزماكانیەوە دەناسن و تاكاتێ رێكخراوێكی سیاسی بە لاڕێدا نەڕوات و لە ماوەیەكی زەمەنیدا بە لاڕێدا چوونی ئەو رێكخراوە نەبینن،چارەنووسی سەرکردەی رێگە لێگۆڕاو، بە رێکخراوەکەوە نابەسنەوە،سێهەم و لە هەمویشی گرینگتر کەسایەتی و حیزبی سیاسی جەمئاوەری و کۆمەڵایەتی یەک جار و بۆ هەمیشە جوابی بەڵێ لە کۆمەڵگا ناگرێتەوە،بەڵکوو ئەو متمانە لە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی و لە تاقیکردنەوەی گەورەی مێژووییدا دروست دەبێت و لە گەڵ سووڕی زەمەندا و لە سەردەمی جۆراوجۆردا مەحک بخواتەوەو تازە ببێتەوە. کۆمەڵانی خەڵک چاو لە حاڵ و ئایندەت ناپۆشن بە هۆی متمانەیە کەوە کە دوێنێ بوویانە پێت؛دەبێت بە کردەوە پیشانی بدەی کە رۆڵەی ئەمڕۆیشی. لە سەرەتای جیا بوونەوەی رەوتێکی ناسیۆناڵیستی لە کۆمەڵە،بە نسبەتی چارەنووسی کۆمەڵەوە تووشی دڵە ڕاوکێ بووم و نگەرانی بووم. ئەو رۆژانە تەمەنم تەنیا ٢١ ساڵ بوو و کۆمەڵەم لە رێگەی ئەو حیماسانەی لە شەو نشینیەکان سەبارەت بە بوێری و دادپەروەری و پێشرەو بوون و دژە زوڵم و زۆر بوونی کۆمەڵەوە بیستبوو،دەناسی. هەڵبەت ئەوەی کە بیستبووم کۆمەڵە رێکخراوێکی کۆمۆنیستیە وایکردبوو کە چەن کتێبێک سەبارەت بە کۆمۆنیزم و چینە کۆمەڵایەتیەکان و سەرمایەداری بخوێنمەوە. سەکردە دیار و گیانبەختکردوەکانیم دەناسی و نە مدەزای کێ دەبیر ئەوەڵی فعلی کۆمەڵەیە.کاتێک یەکەم نووسراوەکانی بازسازی کۆمەڵەم خوێندەوە کە بە ئیمزای کەسێک بوو بە ناو عبدوڵای موهتەدی. بەراستی لەو تەمەنەداو تا ئەو کاتە بەڕێزیانم نەدەناسی.ئەوەی کە روون بوو لێم ئەو کۆمەڵەیە و بەو شێوازە بەڕێزیان دەیانویست بیژیەننەوە لە و کۆمەڵەیە نە دەچوو کە لە دڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و لە منداڵییەوە ناسیبووم.ئەو ئینشعابە بووە هۆی دڵە راوکێی ئەوەی ئەو کۆمەڵەیەی کە وەکوو هیوا و ئومێدو خاڵی دروشاوەی ناو کۆمەڵگای کوردستان ناسیبووم، وەکوو خۆی نەمێنێ. دواتر بابەتی زیاترم لە نووسراوەی خودی کۆمەڵەو، ئەم کۆمەڵە تازەیەم خوێندەوەو رابەرانی هەردوو لام لە نزیکەوە بینی و زۆر زوو بۆم دەرکەوت کە کۆمەڵە تازەکە وەکوو سەردەشتی دەڵێن( هەو نیە)،بەڵام گنج بووم و هێندە بێ ئەزموون بووم کە پێم وابوو و هەوڵم دا بۆچوونی وەحدەت خوازانەی خۆم بە کۆمەڵە تازەکە بگەیەنم؛ بەڵکوو بزانن کە ئەم جیابوونەوە هەڵەیە و دووبارە کۆمەڵە یەک ریز بێت. دواتر فێر بووم کە بەرژەوەندی، یان گۆڕینی بۆچوون و بڕوا وادەکات مرۆڤەکان بە رێگای جیاوازی سیاسیدا بڕۆن،بە ڵام خەڵکی سەر بە رەوتە سیاسیەکان بەو ئاسانیە بەرژەوەندی و باوڕیان ناگۆڕێ و کەسەکان و حیزبەکان لە مەحەک دەدەنەوە و ئەگەر یەکی نەگرتەوە، رێگایان لە یەکتر جیا دەبێتەوە. من وەکوو گەنجێک نگەران بووم و هەوڵم دا لەو ساڵانەدا چیم پێدەکرێ لە پێناو پارێزگاری کردن لە پێگەو،پێناسی کۆمەڵە دریغی نەکەم. نگەران بووم پێم وابوا ساڵانێکی زۆر دووری حیزبەکان لە ناوەوەی وڵات، رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک چەواشە بکرێن و سەریان لێبشێوێ،بەڵام بینیم کە کۆمەڵە لە مەیانێکی لە لحاز ئیمکاناتەوە نابەرابەردا سەرکەوت و لە چەن قۆناغی دیاردا وڵامی ئەرێنی لە کۆمەڵگای کوردستان وەرگرتەوە. پیمان نوێ کردنەوەی کۆمەڵە لە گەڵ کۆمەڵگای کوردستان هاوکات بوو لەگەڵ پەیوەست بوونی جیلێکی تازە رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە ناوەوەی وڵات . ساڵانی دواتر مەسئلەی رەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە پێش هات،کۆمەڵێ کەسی خۆشەویست و خۆشناو کە داوایان ئەوە بوو کۆمەڵە بە ناوی کۆمەڵەوە درێژە بە هەڵسورانی کۆمۆنیستی خۆی بدات،نەوەک وەکوو رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. لەم دەورەیەدا و لە کۆنگرەی سیانزەدا من ئیتر ئەزموونی چەن ساڵ کاری سیاسیم بوو و، کەسانی وەک کاک مینەی حیسامی و کاک جعفر ئەمین زادەم لە نزیکیشەوە بینیبوو.ئەو سەردەم، ئەوەی کە دوای ماوەیەکی کورت لە ئینشعابی سازمانی زەحمەتکێشان ئەم بەرێزانە ئەم باسەیان هاوردبووە پێشەوە و، زیاتر لە وتن تا ئاستێک تشکیلات سازیشی بۆ کرابوو هەڵە دەهاتە بەرچاو،سەرفە نەزەر لەوەی لە خودی داواکەیاندا چەن حەقدار بوون،شێوازی بە دواچوونی واتە(تشکیلات سازی) هەڵە دەهاتە بەرچاو و، کاردانەوەی لایەنی بەرانبەری لێکەوتەوە و بە داخەوە بووە هۆی چوونە دەرەوەی ئەو ئازیزانە لە ریزەکانی کۆمەڵە.من قەزاوەت لە سەر ئەو بەرێزانەو بۆ چوونەکەیان ناکەم،بەڵام چونکا بەو بۆچنەیشەوە هێشتا پێداگریان لە سۆسیالیزم دەکرد خۆشەویستی جەمئاوەریان هەر نە گۆڕاو بەرەی سەر بە کۆمەڵەی ناو کۆمەڵگای کوردستان هەر بە دیدەی ئیحترام و ئیعتبار سەیریان دەکات. داوی ئازادبوونم لە زیندان کە هەر بەهۆی چالاکی سیاسیەوە گیرابووم، لە ساڵی ٢٠١٢ زایینیەداهاتمە دەرەوە و نزیکەی ١٨ لە ئۆردوگای زرگوێز درێژەم بەو خەباتە دا. لەو ساڵانەدا هەستم بە کۆمەڵێ رەفتار لە لایەن جمعێک لە کادرەکانەوە کرد و، دەمدیت کەسانێک لە سەر سەر دادەنرێن و کەسانێ پەراوێز دەخرێن. ئەو کەسانەی خەڵکی تریان پەراوێز دەخست لە کاک سەلاحی مازوجی نزیک بوون بۆیە هەر لەو ساڵانەدا کە کاک سەلاحم بینی ئەو بابەتەم لەگەڵ باس کرد. وڵامەکانی بەڕێزیان زۆر قەناعەت و بۆچونی نەگۆڕیم و بە داخەوە هەستێکی ناخۆشی پێدام.کە دەڵێم هەستی ناخۆشی پێدام مەبەستم ئەوەیە هەستم کرد گاڵتە بە شعورم کرا،بەڵام هەرگیز بە خەونیش نەمدەبینی کە ئەو جۆرە بۆچوون و رەفتارە بگات بە کەلێن و جیایی.ناوەرۆکی جیاوازیەکان زۆر کاڵ و ناروون و لە ئاستی لێک تێنەگەیشتن ئەولاتر نەدەچوو،بەڵام هەوڵ و ئیرادەی ئیش نەکردن لەگەڵ کەسانێک هەستی پێدەکرا. هاوینی ٢٠١٤ زایینی من سەفەرم کرد بۆ دەرەوەی وڵات و بۆ کنگرەی شانزدە نەمتوانی بەشداری کۆمنگرە بم. کە باس و خواای کنگرە دەماو دەم کەوت بیستم لە کۆنگرەی شانزدە هەر ئەو کۆمەڵە کەسە و لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز کاک سەلاحی مازووجی خۆیان کاندید نەکردوەو و جۆرێک لە لیستەی فیکس لە لایەن کاک سەلاحەوە بە سەر کۆنگرەکەدا سەپاوە. ئەم ریز جیاکردنەوە لە سەر ئەساسی هیچ و،لە خۆڕایی تا دەهات زیاتر درێژەی دەکێشاو کۆمەڵێک گەنجی لە خۆم کەم تەمەنەتر یان هاوتەمەنم بۆ نوکتە و ویگول دەگەڕان لە نووسینی چەن کەسایەتی دیار لە رێبەرانی کۆمەڵەداو بۆ ئەوەی هەرای لێ ساز بکەن. ئەوە هەستی پێدەکراو کە کاک سەلاح و برادەرانی لیستەی فیکس لە پشتی ئەم نوکتە گیرانەوە بن. کاک سەلاح رەسمەن دەیگووت:«سوخەنرانی فلان کەس عەلەنی بووە و با عەلەنی رەخنەی لێبگیرێ» ئەم شەڕە نیابەتیە درێژەی کێشا تا لە کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە ئەم جەماعەتەی لیستەی فیکس خۆیان کاندید نەکرد و کەسیش لەبەریان نەپاڕایەوە کە خۆیان کاندید بکەن. بیانوویان ئەوە بوو کە دەنگ نەهێنانیان بە هۆی موهەندسی کردنی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە بووە( واتە کەسانێ کە قدیمین و نفوزێکیان هەیە وتوویانە دەنگ مەدە بە فلانە کەس ناوێ) بە هەر بیانوویەک ئەوەی کە رێبەر نابێ بیکات کردیان،واتە ناز و فیز و تەمەناخوازی. رێبەر، یان رێبەران و کادری رێبەرایەتی مناڵ نیە ناز بکات و لەبەری بپاڕنەوە،پێی بڵێن دەی ئەم جارەیش بۆ خاتری ئێمە بیکە. نەیانکرد و کە وردە وردە کات تێپەڕی دیتیان کە ئەوان نین و هیچ ئەمرێکی رێکخراوەیی پەکی نەکەوتوە، واتە بە کردەوە ئەوە سەلمێندرا کە تاک یان کۆمەڵێ تاک، کۆڵەکەی مێژوو و رێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک کۆمەڵە نین،یان لانیکەم کاک سەلاح ئەو رابەرە تاک و تاقانەیە نەبوو کە خۆ کێشانە دواوەی کۆڵەکە ئاسا ببێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵە. ئەوەی ئەو راستیانە لە جێگەی ئەوەی ئەم هاوڕێیانە دابچڵەکێنێ و وەخەبەریان بێنێتەوە، توڕەتری کردن و لەوەو دوا کەوتنە راست و چەپ کردن و،بۆلشویک و مۆنشویک کردن و دیعایە کردن و یارگیری دژی ئەو رێکخراوەی کە بۆ خۆیان هێشتا ئەندام بوون تێیدا.هەر هەڵەیەک دەیانکرد بە هەڵەیەکی تر پینەیان کرد. دواجار وەک فیلمی( گاو) کە گا کە نەما ئەم جارە ئینکیان لێکرد کە من کاگەی مەشتی عەلیم.هێندە بە شێوازی مالیخولیایی و زەینی چەپ و راستیان دابەشکرد و بێ باو ڕ و باوڕداریان شەن و کۆ کرد. دەس ئاخر وەکوو فارسی دەڵێ (علی موند و حوزش) لە کۆنگرەی ١٨ کۆمەڵە و لە حاڵێکدا نوێنەرانی کۆنگرە و بەشداربووان خەریک بوون دەنگمان بە قەتعنامەیەک دەدا بۆ دۆزیننەوەی رێگە چارە بۆ ئەم کێشە ناو خۆییانە،دیتمان رایانگەیاندوە کە ئێمە لە خۆمان جیابووینەتەوە. خۆیان،خودی رادیاکاڵی ناو خەیاڵی چەپی خۆیان، ناو نا کۆمەڵەو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران. بە خەیاڵی خۆیان، هێشتا دوای پێنج ساڵ هەر کۆمیتەی مەرکەزی حیزبن و هەروەها لە خەیاڵی خۆیشیاندا کۆمیتەی رهبرییان بۆ دیاریکردو و وەکوو کەسێک کە ( تایەی ماشینێکی دۆزیبوەوە و بۆ ماشینێک دەگەرا بیخاتە ژێری،وەیلان بوون بە شوێن ئۆردوگایەکدا بۆ کۆمەڵەکەی ناو خەێاڵیان).ئیستا ئیتر کێشە نیە بە کێ دەڵێن چەپ و بە کێ دەڵێن راست،ئیتر گرینگ نیە کە بڕوایان بە ئیش کردن بە ناوی کۆمەڵەوە هەیە یان نا بڕوایان بە ئیش کردن بە ناو حیزب کۆمۆنیستەوە هەیە،یان نا بڕوایان بە ئیشکردن بە هەردوو ناوەکەوە هەیە؛ ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە بە هەموو پێوەرێک ئەساسنامەیی و بە دەستی خۆیان،خۆیان خستوەتە دە رەوەی دایرەی رێکخراوێکی سیاسی کە ناوی کۆمەڵەیە و مقری ناوەندیەکەی لە زڕگوێزە.ئیستە ئیتر کەس نازانێ لە کوردستان موستەقەر دەبن یان نا؟ کەس نازانی ئەو ناوە کۆنە چۆن لەگەڵ ئەو پێگە لاوزە پێکەوە دەلکێنن؟ ئە مانە و دەیان پرسیاری تر بێ وڵامە و بەگشتی چارەنووسی سیاسیان نادیارە. ئەگەر چی جمعێک کەسی دیارو دەرکەوتوو بوون، بە ڵام نەزانکاری سیاسی چارەنووسێک ناررون و نادیاری بۆ دەستەبەر کردون.ئەوندەی من لەم تەمەنە کەمە سیاسیە دەرسم وەرگرتبێ،هیچ کەس و کەسایەتیەک سەنتەری دنیا و حیزب و مێژوو نیەو و هەر تاکە هەڵوێست و کردەیەکی سیاسی دەتوانێت بەرزت بکاتەوە یان بەروە نشست و تێکشکان بتبات. زۆر گرینگە کە قین و توندرەوی قوتبنەمای هەڵسوکەوت و هەڵوێستی کە سێکی سیاسی نەبێت،چونکا ئەگەر ئەو قینە بئاڵۆزێنی لە بەرگی هەزار بیرو بڕواو ئارمانەوە دیسان دەناسرێتەوە و بەتاڵە.