کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخوندەکان هێمای هەموو جەنایات و گەندەڵیی دەسەڵاتی ئیسلامین

Capture 20

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ویدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆوە کە نیشانی دەدا ژنێک کە لە لایەن دوو کەسی مێزەر بەسەرەوە هێرشی کراوەتە سەر، لە کاردانەوە بە ڕەفتاری تێکەڵ بە توندوتیژیی ئەوان مێزەری یەکیان کە لە سەری بەرببۆوە، پێشێل دەکات. هەواڵنێریی حەوزە نیووز ڕایگەیاند کە ئەو ژنەی وا مێزەری یەکێک لە ئاخوندەکانی لە قۆم پێشێل کرد، دەستبەسەر کراوە.

دەرگیریی لەفزی و فیزیکیی ئاخوندەکان لەگەڵ خەڵک، تووڕەیی ژنان و پیاوانی لێکەوتووەتەوە و کەمتر ڕۆژ و حەفتەیەک هەیە کە مێزەری ئاخوندێک وەبەر پێ نەدرێت و ئاخوندەکان خۆشیان کەوتوونەتە بەر بێزاری و نەفرەتی جۆشانی خەڵکەوە. لە کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر ژنێک مێزەری ئاخوندێک وەبەر پێ بدات لە ماوەیەکی کورتدا دەستبەسەر دەکرێت. بەڵام ئەگەر ئاخوندێک فەرمانی پژاندنی ئەسید بە ڕوخساری هەمان ژن دەربکات، پەروەندەکەی تەواوبوو ڕادەگەیەندرێت. هەروەک  چون لەپێوەند لەگەڵ پەروەندەی ئەسیدپاشیی بە ڕوخساری ژنان لە ئیسفەهان ڕووی دا. لە کۆماری ئیسلامیدا “پەڕۆی سەر”ی ئاخوندەکان لە “گیان”ی ئینسانەکان بایەخی زیاترە. لە هەر کوێ ڕەخنە لە دەسەڵات و هێرش بۆسەر بنەماکانی بایەخ و کلتووری ئەم ڕژیمە بێتە گۆڕێ، هێزە ئەمنییەکان زۆر بەخێرایی دەکەونە جمووجۆڵ، بەڵام ئەگەر مافی خەڵک پێشێل بکرێت و زوڵم لە خەڵکی ئاسایی کۆمەڵ بکرێت، دەزگای ئەمنی کوێر و کەڕ دەبێت کە هەڵبەت خۆشی دەبێتە پایەکی زۆروێژی و ستەم. ئاخوندێک لە کۆماری ئیسلامیدا بەر بە هاوردەکردنی واکسێن دەگرێت و دەبێتە هۆی مەرگی هەزاران کەس، ژمارەیەک بڕیار دەدەن کە سکاڵا لەدژی تۆمار بکەن، هێستا سکاڵایان تۆمار نەکردووە، دەستبەسەر دەکرێن.

حکوومەتی ئیسلامی پتر لە هەموو ڕەوت و ئەندێشەیەک یارمەتیی توندبوونەوەی کۆنەپەرستیی ئسیلامی و دیکتاتۆری و گەندەڵیی دەسەڵاتی مەزهەبی داوە و ئاخوند هێما و سەمبۆلی گشت جەنایات، ڕیاکاری، گەندەڵی، بێرەحمی و شارلاتانیسمی دەسەڵاتدارانی ئیسلامییە. وەک جیددیترین و پێداگرترین داکۆکیکارانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران، خەڵک لە دژایەتی لەگەڵ ئاخوندەکان، ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە بەرامبەر ڕژیمەوە. نەفرەتی بەرحەقی خەڵک لە ئاخوندەکان لە هەر سووچێکی ئێران شەپۆل لێدەدات و خودی ئاخوندەکانی دەسەڵاتیش باش دەزانن کە لەگەڵ ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژگارێکی خۆشیان لە ئێران نابێت.

“سەنعەتی” ئاخوندسازی لە پڕ ڕەونەقترین تەجارەتەکانی ئێرانە و بوودجە ملیارد دۆلارییەکانی دەکرێنە خەرجی پەروەردەی سەدان هەزار ئاخوند و تەڵەبەی مفتەخۆر. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تەجارەت نیووزی چاپی تاران، لە چارتی حەوتەمی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٠ کە وردەکارییەکانی بوودجەی دەزگا سەرەکییەکان و ژێر لقەکانی تێدا نووسراوە، ٤٣ دەزگای مەزهەبی لە بوودجەی ئەمساڵدا ٧ هەزار و ٢٥٢ ملیارد و ٦٠٠ ملیۆن تمەن بوودجە وەردەگرن. کە لەچاو ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٧ لەسەد چوونەسەرەوە نیشان دەدات. بە واتایەکی تر بوودجەی هێندێک لەم ناوەندانە چەندین بەرابەری سەهمی وەزارەتخانەکان و ڕێکخراوە گەورەکانی ئێرانە و هێدێکیان لە ساڵی ١٤٠۱دا چەند بەرابەر نیسبەت بە سەهمی ئەمساڵی خۆیان پەرەپان سەندووە. لە ڕاپۆرتەکەی تەجارەت نیووزدا هاتووە: “دووهەمین دەزگایەک کە زۆرترین بوودجە وەردەگرێت، ناوەندی خزمەتگوزاریی حەوزەکانی عیلمییەیە. ئەم دەزگایە هەزار ملیارد تمەنی لە بوودجە بۆ تەرخان کراوە، واتە کەمێک زیاتر لە کۆی گشتیی بوودجەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و سازمانی ئۆرژانسی گشت ئێران. شۆرای باڵای حەوزەکانی عیلمییەش ٦٥١ هەزار ملیارد تمەن بوودجە وەردەگرێت.  ئەم بڕە نزیکەی دوو بەرابەری بوودجەی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان و پتر لە ٥ بەرابەری بوودجەی وەزارەتی زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ئێرانە. (جامعةالمصطفی العالمیه) و ڕێکخراوی تەبلیغاتی ئیسلامیش بە نۆرە چوارەمین و پێنجەمین ناوەندی بوودجەوەرگری ئەم لیستەن کە بووددجەی ناوەندی یەکەم بەرابەرە لەگەڵ بوودجەی گشت پەروەردە و بارهێنانی ئێران و بوودجەی ناوەندی دووهەمیش نزیکەی دوو بەرابەری بوودجەی کتێبخانەی نەتەوەیی و یان چوار بەرابەری دامەزراوەی نەتەوەیی نوخبەکانی ئێران بوودجە وەردەگرێت”.

لە وەها باروودۆخێکدا و لە حاڵێکدا کە هەژاریی بەرین و بێکاری سەرتاسەری ئێرانی داگرتووە، تووڕەیی خەڵک بەو دەلیلەیە کە بۆچی ئەو بوودجانەی کە پێویستە خەرجی باشتر کردنی ژیانیان بکرێت تەنیا لە ئیختیاری گرووپێکی تایبەت دایە. بۆچی وەها بوودجەیەک مەسەلەن بۆ باشتر کردنی ژیانی خانەنشینکراوان لەبەرچاو ناگیرێت؟ بۆچی گرووپێکی تایبەت مافی ئەوەیان هەیە کە بە بێ خوڵقاندنی زێدەبایی، لە وەها پشتیوانییەکی دەوڵەت، ئەویش لە سەهمی ٨٠ ملیۆن کەسی دیکە بەهرەمەند بن؟ خەڵکی ئێران لە ماوەی چل و سێ ساڵ دەسەڵاتی ئیسلامیدا پتر لە هەموو کاتێک لە ماهییەتی کۆنەپەرستانەی ئەم دەسەڵاتە و فریوکاری و شارلاتانیسمی ئاخوندی ئاگادار بوونەتەوە و بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران وەرزێکی نوێ بۆ ئاخوندە مفتەخۆر و گەندەڵەکان دەست پێدەکات و پێویستە وڵامدەرەوەی هەموو جەنایات و تاڵانکارییەکانیان بن.