کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

یەکەم هەنگاو بۆ ڕیشەکێش کردنی گەندەڵی، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە

unnamed

زەبیحوڵڵا خوداییان، وتەبێژی دەزگای قەزایی، ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەز لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێریدا باسی لە ئیختلاسی ١٠ ملیارد دۆلاری لە بازاڕی دراوی تاران کرد و وتی:

“پەروەندەکانی دراوی ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی سێ دەستەن؛ دەستەیەک کە دراویان وەرگرت و کاڵایان هاوردەی ئێران نەکرد یان کاڵای پێویست هاوردە نەکرابوو کە پتر لە هەزار و ٢٥٠ پەروەندە تەنیا لە تاران پێکهاتووە و ٦٠٠ پەروەندە بە ئیددیعانامەوە بۆ دادسەرا ناردراون و نزیکەی ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس مەحکووم کراون، بڕی ئەم پەروەندانە نزیکەی ١٠ ملیارد دۆلار بوو.”

ئەم ئیختلاسە تەنیا یەک نموونەیە کە بەهۆی ناکۆکیی نێوان دەسەڵاتداران ئاشکرا بووە. لەناو کۆماری ئیسلامیدا بە ئابووریی مافیاییەوە، هەموو کردەوە و هەوڵی بەرپرسانی بواری ماڵی و ئابووری کە هەر هەموویان خاوەن دەسەڵات و هێزن، لە فەزایەکی پڕ لە گەندەڵیدا لەئارا دیە. ئیختلاسی سێ ملیارد دۆلاریی خاوەری، سەرۆکی پێشووی بانکی میللی، بە یارمەتیی بەرپرسانی پلە یەکی ڕژیم و لە ماوەی چەند ساڵدا ئەنجام درا. کاتێک نەیارانی توانییان پشتیوانانی وەلا بنێن و دزییەکانیان لێ ئاشکرا کرد و بە ناوەندەکانی بەناو یاسایی و بەڕێوەبەری ناساندیان، کە ئەوانیش لەژێر فەرمانی دزانێکی تر دان، هەر ئەم پشتیوانانە ناوبراویان بە ئاسانی ڕەوانەی کانەدا کرد تا خەریکی کار و ژیانی شاهانەی بێت.

لەقاودانی دزی و گەندەڵییە بەرینەکان، کە ئەنجامدانیان تەنیا لە لایەن سەرۆکان و ئەندامانی بەهێزی باندە دەسەڵاتدارەکانەوە مومکینە، لەناو کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ مەترسیدار بێت. هەر بۆیە “شۆرای باڵای پێشگیری لە ڕوودانی تاوان” چەند ماددەیەکی بۆ پاراستنی “لەقاودەران” پەسند کردووە کە قەرارە لە لایەن دەزگاکانی بەڕێوەبەرییەوە بەکردەوە دەربێت. لەم بارەوە ڕەزا مەسعوودیفەر قایم مقامی کۆمەڵایەتی و پێشگیری لە ڕوودانی تاوانی دەزگای قەزایی لە ڕێکەوتی ٣٠ی مانگی سەرماوەز لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا وتی:

“تەوەری دووهەم باسی پشتیوانی کردن لە لەقاودەرانی گەندەڵییە. لەناو یاسای بەهێزکردنی نیزامی سڵامەتی ئیداری بە چەند نموونەیەک لەم بوارەدا ئاماژە کراوە لەوانە دانی پاداش بە کەسانی لەقاودەر”.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: “هەروەها لەم یاسایەدا هاتووە کە ئەگەر کەسێک گەندەڵی لەقاو بدات و پێویستی بە پیشە یان پشتیوانی و ئاگالێبوون بێت، یاسا دەبێ پشتیوانیی پێویست لەم کەسە بکات”.

گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامیدا ڕیشەی داکوتاوە و هەموو کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی گرتووەتەوە. کەوابوو هەرجۆرە لەقاودان، کردەوەی ئیداری، پۆلیسی و قەزایی دژبە گەندەڵی لەم ڕژیمەدا بێ فایدەیە و تەنیا بۆ تۆڵە کردنەوە و پاشەکشە پێکردن بە ڕەقیب ئەنجام دەدرێت. هەڵبەت تەنبێ کردنی لەقاودەرانیش لەم ڕژیمەدا ئاستێکی هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە دزییە گەورەکانی کەسانێکی وەک محەممەدڕەزا ڕەحیمی، جێگری یەکەمی ئەحمەدی نەژاد و سەعید مۆرتەزەوی، بابەک زەنجانی، مەحموود ڕەزا خاوەری، ئەمیر خوسرەوی لەقاو درا، بەڵام لە نێوان خاوەنانی سەرەکیی دەسەڵاتدا کە پشتیوانی ئەم یان ئەو دز بوون شەڕێکی ئاشکرا ڕووی نەدا.

گەندەڵیی سیستماتیکی ناو کۆماری ئیسلامی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دووکەڵەکەی دەچێتە ناو چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە و چینی سەمایەدار و نوێنەرانی ئەوان بەهێز دەکات. زیان دیتنی خەڵک بەخاتری گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا زۆر بوار لەخۆ دەگرێت کە لێرەدا تەنیا دەتوانین ئاماژە بە هێدێکیان بکەین. ئەو پارە زۆرانەی کە لە لایەن بانک و ناوەندە ماڵییەکانەوە دەدزرێن لە گیرفانی خەڵک تاڵان کراون. ئەو ئیختلاسە بەرینانەی کە لە کاتی خسووسی سازیی کارخانەکان، مەعدەنەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دراون، هەر هەمووی بەزیانی کرێکاران بووە. سەبارەت بە ماڵیاتیش ئەوە تەنیا کرێکارانی پەیمانی و ڕەسمی و مووچەگرانن کە دەبێ ماڵیات بدەن و هیچ کام لە دەزگا ماڵییە گەورەکانی ژێر چاوەدێریی خامنەیی و سپا هیچ ماڵیاتێک نادەن. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لەناو دەزگای ئیداریی پان و بەرینی کۆماری ئیسلامیدا، بە بێ وەرگرتنی بەرتیل چکۆلەترین کار بۆ داواکاران ئەنجام نادرێت. سەبارەت بە تەندرووستیش، بێجگەلە پزیشکە بە ویژدانەکان، باقیی پزیشکانی تر بە بێ وەرگرتنی بەرتیل کارێک بۆ نەخۆش ئەنجام نادەن.

هەربۆیە پێویستە کرێکاران چاوەڕوانی ئەم یان ئەو ئۆرگان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی نەبن، بەڵکوو خۆیان پێویستە خەبات دژبە گەندەڵی بخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە و بەڕێوەی بەرن. نموونەی بەرچاوی ئەم کارە خەباتی لێبڕاوانەی ناوەندی سەنعەتیی نەیشەکەری هەفت تەپەیە دژبە خسووسی سازی لەناو ئەم شیرکەتەدا.

شیرکەتی نەیشەکەری هەفت تەپە لە ساڵی ١٣٩٣دا بە قیمەتی ٢٢٠ ملیارد تمەن بۆ موزایدە داندرا. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە تەنیا زەوییەکانی ئەم شیرکەتە بەقەد بەرینایی شاری شیرازە. ئەم شیرکەتە لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٤دا بە دوو لاوی ٢٨ و ٣١ ساڵ تەمەن سپێردرا کە یەکیان ئومێد ئەسەد بەیگی بوو. کاربەدەستان بە پێشەکیی ٦ ملیارد تمەنەوە ئەم ناوەندە گەورەیان خستە ئیختیار ناوبراو و شەریکەکەیەوە. هەر لە سەرەتاوە وێنەیەک لە ئەسەدبەیگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە کە تێیدا ناوبراوی لەناو سەرکوتگەرانی  ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ و لە پەنا یەکێک لە مۆرەکانی سپای قۆدس نیشان دەدا.

کرێکاران پاش خسووسی سازی بەهۆی دواکەوتنی حەقدەستەکان، نابەرپرس بوون و ناڕوون بوونی گرێبەستی کاری لەگەڵ کرێکارانی پەیمانی، قەراردادی و ڕۆژمزدی گەلێک جار دەستیان دایە ناڕەزایەتی و لە شاری شووش ڕێپێوانیان بەڕێوەبرد و خەڵکی ئەم شارەیان هاوڕێی خۆیان کرد. ئەوان بەسەرەنجدان بە ناکارامەیی خاوەنانی نوێ و هەروەها کەڵک نابەجێ وەرگرتنیان لە سەرچاوەکانی شیرکەت بۆ وەرگرتنی ئیمکاناتی بەرین، خوازیاری گەڕانەوەی ئەم شیرکەتە بۆ بەشی دەوڵەتی بوون. بەڵام کرێکاران کە لەئاست گەندەڵ بوونی خودی دەوڵەت ئاگادار بوون بەنیاز بوون شیرکەت لەژێر چاوەدێریی شۆرای هەڵبژێردراوی کرێکاراندا بەڕێوەبچێت.

خەبات دژبە خسووسی سازی بابەتی هەموو ئەو کرێکارانە بووە کە شوێنی کارەکەیان خسووسی کراوە. بەڵام تەنیا کرێکارانی هەفت تەپە، ئیحتمالەن بە یارمەتیی هێندێک خاوەنانی دەسەڵاتی نەیاری ئەسەدبەیگییەکان توانییان شیرکەت بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە. بەڵام کرێکارانی پێشڕەو دەزانن کە ئەم وەرگرتنەوانە، ئەگەرچی دەستکەوتێکی ئەرێنین بەڵام بەس نین.

هەروەک ئاماژەی پێکرا گەندەڵی لەناو کۆماری ئیسلامیی سەرمایەدا جێکەوتوو و  ڕیشەدارە. کەوابوو بێجگەلە ڕووخاندنی ئەم نیزامە تاوانبار و جەنایەتکارە و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی پشت بەستوو بە سۆسیالیسم، ڕیشەکێش کردنی گەندەڵی لە ئێران مومکین نییە.