كه‌مال كڵچدارئۆغڵو، سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆماری ناسراو به “جه‌هه‌په” ره‌خنه‌ی توندی له ره‌جه‌ب ته‌یێب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک كۆماری توركییه گرتووه و ڕایگه‌یاندووه كه به‌هۆی پاڵپشتییه‌كانی ئه‌ردوغان بۆ گروپه تیرۆرستییه‌كان، ٣ ملیۆن په‌نابه‌ری دیكه‌ی سوری روو له توركییه ده‌كه‌ن.
ناوبراو جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه كه، ئه‌ردۆغان به‌رده‌وام باسی هاتنی شه‌پۆڵێكی نوێی په‌نابه‌رانی سووری بۆ توركییه ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسته‌تی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توركییهیه به‌رامبه‌ر سوورییه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، ئێستا نزیكه‌ی ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار په‌نابه‌ری سووری له توركییه جێگیرن و ئه‌گه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ش كه سه‌رۆكی جه‌هه‌په ئاماژه‌ی پێ ده‌كات روو له‌و وڵاته بكه‌ن، ئه‌وا ژماره‌ی په‌نابه‌رانی سووری له توركییه ده‌گاته زیاتر له ٦ ملیۆن په‌نابه‌ر.