سیستمی وه‌لایه‌تی فه‌قیهی شیعه له ئێران له‌گه‌ڵ ئیماراتی ئیسلامیی تاڵه‌بانی سوننی له ئه‌فغانستان، به فكر و به‌كرده‌وه گه‌لێك خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه كه یه‌كجار زیاتر له جیاوازییهكانیانن. تاڵه‌بان نزیك به ٢٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ قۆناغێكی پێنج ساڵه ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه بوو و مۆدێلی دهسهڵاتدارییهكهیان وه‌ك یه‌كێك له كۆنه‌په‌رستترین و دیكتاتۆرترین سیستمه سیاسییه‌كانی جیهان ناسراوه. ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌رچی ده‌زگا تهبلیغاتییهكانی سه‌ر به ئه‌مریكا و باقیی زلهێزه‌كانی ڕۆژئاوا هه‌وڵ ده‌ده‌ن وێنه‌یه‌كی ناڕاست و ئاوه‌ژوو له تاڵه‌بانی ئێستا به خه‌ڵكی جیهان نیشان بده‌ن، تا شكست و هه‌زیمه‌تی سه‌رشۆڕانه‌ی خۆیانی پێداپۆشن، به‌ڵام ئیماراتی ئیسلامیی ئه‌فغانستان ده‌ڵێی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی خۆی له ڕووی حاكمانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه كۆپی كردووه.
تاڵه‌بانی كابۆل و تاران، هه‌ردووكیان جبه‌خانه‌ی چه‌كوچۆڵیان له ئه‌فغانستان و ئێران له ئه‌رته‌شی سه‌ر به ئه‌مریكا ته‌حویل وه‌رگرت. له ئه‌فغانستان به هاوكاریی و پشتیوانیی ئاشكرای ئه‌مریكا، پاكستان، قه‌ته‌ر، توركییه، عه‌ره‌بستان و به‌تایبه‌ت پاكستان، تاڵه‌بان هاته سه‌ر كار. له ئێران، له كۆنفڕانسی گوادێلوپدا سه‌رانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری بڕیاریان دا چیتر له ڕژیمی پاشایه‌تی پشتیوانی نه‌كه‌ن و یارمه‌تیده‌ری هاتنه‌سه‌ركاری ڕه‌وتی ئیسلامی بن. ئه‌رته‌ش بێ لایه‌نیی خۆی ڕاگه‌یاند و خومه‌ینییان به فڕۆكه‌ی فه‌ڕانسه‌وی ڕه‌وانه‌ی ئێران كرد.
هاوشێوهییهكان حاشاهه‌ڵنه‌گرن: ئهمیرهلمۆئمێنینی تاڵه‌بان و وه‌لیی فه‌قیهی كۆماری ئیسلامی، شۆرای ڕێبه‌ریی تاڵه‌بان و مه‌جلیسی خۆبرێگانی ئیسلامی، یاساكانی سه‌رچاوه‌گرتوو له شه‌رعی ئیسلام له هه‌ردووك لا، توندوتیژیی نهێنی و ئاشكرای ناو هه‌ر دوو سیستمه‌كه، سیستمی قه‌زایی له‌سه‌ر بنه‌مای قه‌ساس، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی مرۆڤ و هه‌ر دیارده‌یه‌ك كه نیشانه‌یه‌كی له مۆدێرنیته و فیكری نوێ پێوه‌دیاربێت، هاوسه‌رگیریی منداڵان و ئاپارتاید و هه‌ڵاواردنی ڕگه‌زی دژبه ژنان، دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ مووزیك و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات، داخستنی زانكۆكان و كردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژێی مزگه‌وتێكی تازه، ته‌نیا چه‌ند نموونه له هاوشێوه‌یی فیكری و كرده‌وه‌یی تاڵه‌بان له كابۆل و له تارانه.
له ماوه‌ی هه‌ر ئه‌م دوو حه‌فته‌یه‌ی سه‌قامگیربوونی ده‌وڵه‌تی تاڵه‌بان، زانكۆكان داخران، مۆسیقا حه‌رام و قه‌ده‌غه ڕاگه‌یه‌ندرا، موزیسیه‌ن و كۆمێدیهن ئێعدام كرا، خه‌ڵك له‌به‌رچاوی خه‌ڵك درانه به‌ر شهللاق و ڕفێندران، ئینتێرنێت خاو كراوه و پچڕێندرا، ژنان له هه‌موو ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌كان و له كه‌رتی تایبه‌ت ده‌ركران و خانه‌نشین كران، مه‌شرووب و ته‌نانه‌ت فرۆشتنی سیگار قه‌ده‌غه ڕاگه‌یه‌ندرا. ئایا هه‌مووی ئه‌وانه به‌شێك له‌و ڕه‌وته نین كه كۆماری ئیسلامی پێیدا ڕۆیشتووه یان پێیدا ده‌ڕوات؟
ڕێبه‌ریی تاڵه‌بان به وردی مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و باقیی كۆنه‌په‌رستانی ناوچه‌كه‌ی داوه‌ته به‌ر توێژینه‌وه و له ئه‌زموونه‌كانیان كه‌ڵكی وه‌رگرتووه و به متمانهبهخۆییهكی یه‌كجار زیاتر له‌وان، مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی خۆی داڕشتووه و هه‌نگاو به هه‌نگاو خه‌ریكه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
كۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌شرووبی حرام و مادده‌ی هۆشبه‌ری به‌كرده‌وه ئازاد كرد و له ئێستادا چه‌ند ملیۆن كه‌س له جه‌معییه‌تی ئێران گیرۆده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌رن و ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌ڵكۆڵ له ئێران یه‌كجار زیاتر له‌و وڵاتانه‌یه كه فرۆشی مه‌شرووب تێیاندا ئازاده. له ئه‌فغانستان به‌شێكی گه‌وره له ئابووری و هه‌زینه‌ی شه‌ڕی چه‌ند ده‌یه‌ی تاڵه‌بان له قاچاغی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه دابین ده‌كرێت و ئاماری گیرۆده‌بووانی ئه‌فغانی به مادده‌ی هۆشبه‌ر یه‌كێك له كێشه جیددییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئه‌فغانستانه.
به‌ڵام تاڵه‌بان له كابۆل و حكوومه‌تی ئیسلامی له تاران، كێشه و گرفتێكی ئه‌ساسییان هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سیستمی دڵخوازی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گه‌شه‌سه‌ندنی مێژووی مرۆڤ ناته‌بایه. ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی كابۆل و تاران، هه‌زار و چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له بیابانه‌كانی عه‌ره‌بستاندا پێكهاتبایهن له‌وانه بوو ئه‌وكات تا ڕاده‌یه‌ك شانسی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی و هۆگرایهتییان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌ده‌ست هێنابوایه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زه‌مان و ڕه‌وتی گۆڕانكارییه‌كان و گه‌شه‌ی شارستانیه‌تیی مرۆڤایه‌تی به زیانی ئه‌وانه.
خه‌ڵكی ئێران و ئه‌فغانستان گۆڕدراون، ئه‌وان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ مافی ئینسانیی خۆیان ئاشنان، له دونیای ده‌ورووبه‌ری خۆیان ئاگادارن، پتر له ١٠ ملیۆن كه‌س له‌م جه‌معییه‌ته له وڵاتانی پێشكه‌وتووی ڕۆژئاوا ده‌ژین كه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رینیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دوو وڵاتی ئه‌فغانستان و ئێران هه‌یه. به‌شی پێشڕه‌وی خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ی جیهانیش به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له خه‌بات و خۆڕاگریی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر تاڵه‌بان له تاران و له كابۆل پشتیوانی ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیی میدیایی مۆدێرن، جه‌نایات و توندوتیژیی تاڵهبانیسم له كورتترین ماوه‌دا ده‌گه‌یه‌نێته دوورترین شوێنه‌كانی جیهان.
ژنان، كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان، چه‌پ و سێكۆلاره‌كان، كرێكارانی پێشڕه‌و و چالاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ڕۆژنامه‌وانان و هونه‌رمه‌ندان، دوژمنانی سه‌ره‌كیی تاڵه‌بانی كابۆل و تارانن. ئه‌م هێزه ملیۆنییه ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌رست و به‌ربه‌رییه‌تی تاڵه‌بان نابێت و دره‌نگ یان زوو ئه‌م دوو نیزامه نابه‌وه‌خت و نه‌خوازراوه له زبڵدانی مێژوو ده‌هاوێن.
ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئازاردیتوو و سه‌ركوتكراوی دوو وڵاتی ئه‌فغانستان و ئێران ده‌یانهه‌وێ یه‌كجار و بۆ هه‌میشه له چنگ تاڵه‌بانی كابۆل و تاران ڕزگاریان بێت، ته‌نیا نه‌فره‌ت له تاڵه‌بان و له ئاخوند به‌س نییه. پێویسته به‌ئاشكرا و لێبڕاوانه خوازیاری جیایی مه‌زهه‌ب له ده‌وڵه‌ت، له سیستمی په‌روه‌رده و بارهێنان و له ده‌زگای قه‌زایی وڵات بن. پێویسته خوازیاری ڕاگرتنی هه‌رجۆره یارمه‌تییه‌كی ماڵیی حكوومه‌ت به ده‌زگای مه‌زهه‌بی بن و گشت دارایی و داهاتی ناوه‌نده مه‌زهه‌بییه‌كان بڕواته ناو سیستمی ماڵیاتیی وڵاته‌وه و هیچ ڕێبه‌ر و ناوه‌ندێكی مه‌زهه‌بی به‌خاتری مه‌زهه‌بی بوونه‌كه‌ی له یارمه‌تیی ده‌وڵه‌تی به‌هره‌مه‌ند نه‌بێت.
ئه‌گه‌ر ئاستی تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی ڕه‌وای خه‌ڵك له ئاخوند و تاڵه‌بان له‌گه‌ڵ داخوازیی ڕوون و لێبڕاوانه و دیمۆكراتیك هاوسه‌نگ نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ژنان و پیاوان له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووریدا مافی یه‌كسانیان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیریی منداڵان قه‌ده‌غه نه‌كرێت و تاوان له‌قه‌ڵه‌م نه‌درێت، ئه‌گه‌ر ئازادیی سیاسی و مه‌ده‌نی زه‌مانه‌ت و دابین نه‌كرێت، له‌وانه‌یه تاڵه‌بانی كابۆل و تاران بڕووخێن به‌ڵام تاڵهبانیسم له پۆششێكی دیكه‌دا دێته‌وه سه‌ركار.
خه‌ڵكی ئه‌فغانستان و ئێران كه زۆرترین زه‌ربه‌یان له خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش و له ڕه‌وت و ده‌سه‌ڵاته ئیسلامییه‌كانی ناوچه‌كه به‌ركه‌وتووه، زیاتر له ڕابردوو هاوچاره‌نووسن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌شیان له ڕووخاندن و ڕاماڵینی یه‌كجاریی نیزامی سه‌رچاوه‌گرتوو له دیكتاتۆریی مه‌زهه‌بی هه‌یه. بێگومان هیچ جیاوازییه‌كی نییه كه ئه‌م نیزامه داعش بێت یان تاڵه‌بان یان ده‌سه‌ڵاته كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه كه له توندئاژۆیی مه‌زهه‌بی له ئێران و له ئه‌فغانستان پشتیوانی ده‌كه‌ن.