ڕووداوه‌كانی شوێنی كار به‌رده‌وام له حاڵی زیادبوون دان. ئاماری بڵاوكراوه‌ی ته‌نیا سایتی هه‌واڵنێریی په‌یام نیشانی ده‌دات كه له ماوه‌ی دوو حه‌وتووی ڕابردوودا ٦٣ كرێكار به‌هۆی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار گیانیان له‌ده‌ست داوه و بریندار بوون. ئاماری بڵاوكراوه له سایته جۆراوجۆره‌كان نیشانی ده‌دات كه له مانگی گوڵانی ١٣٩٩وه تا گوڵانی ١٤٠٠ نزیك به هه‌زار و ٩٠٠ كرێكار به‌هۆی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار گیانیان له‌ده‌ست داوه و نزیك به ١٠ هه‌زار كرێكار بریندار بوون و هێندێكیشیان به ته‌واوی له كار كه‌وتوون. كه‌وابوو ڕۆژانه به شێوه‌ی مامناوه‌ند پتر له ٥ كرێكار له شوێنی كار گیانی له‌ده‌ست ده‌دات و ٢٧ كرێكار بریندار ده‌بێت و هێندێكیشیان بۆ هه‌میشه له كار ده‌كه‌ون. به‌ڵام ئاشكرایه كه ئه‌م ئاماره سه‌ره‌ڕای كاره‌ساتبار بوونه‌كه‌ی هێشتا ته‌واوی واقعییه‌ته‌كه نییه. له‌و ئاماره‌دا زیان دیتوویی و یان مه‌رگی به شێنه‌یی به‌هۆی ناسالم بوونی شوێنی كار جێگایه‌كی نییه. خاوهنكاران به مه‌به‌ستی خۆدزینه‌وه له ژێر باری به‌رپرسایه‌تی، زۆرێك له حاڵه‌ته‌كان په‌رده‌پۆشی ده‌كه‌ن و زۆر جار ده‌نگی كرێكار و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به هیچ كوێ ڕاناگات.
له‌و نێوه‌دا كرێكارانی بیناسازی زیاتر له به‌شه‌كانی دیكه‌ی چینی كرێكار له‌به‌رده‌م ئه‌م مه‌ترسییه دان. به ێپی ئاماره بڵاوكراوه‌كان، به‌شی بیناسازی ساڵانه نزیك به ٥٠٠ هه‌زار ڕووداوی شوێنی كاری لێده‌كه‌وێته‌وه. ئاماره‌كانی “سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی و ناوه‌ندی ئاماری ئێران” باس له‌وه ده‌كه‌ن كه، له هه‌ر سێ كرێكارێكی بیناسازی، ته‌نیا یه‌ك كرێكار به ته‌مه‌نی خانه‌نشینی ده‌گات و ئه‌و دوو كرێكاره‌ی دیكه‌ش ئه‌گه‌ر شانسیان بێت و تا ئه‌وكات گیانیان له‌ده‌ست نه‌دابێت، كه‌م ئه‌ندام بوون و یاخود له‌كاركه‌وتوون.
نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی ئیمه‌نی و له‌خوارێ بوونی ستاندارده‌كان له‌م بواره‌دا، ماندوویه‌تیی سه‌رچاوه‌گرتوو له سه‌ختی و ساعاتی دورودرێژی كار، شێوه‌ی هه‌ڵسووكه‌وتی خاوه‌نكار و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی له كارخانه و كارگه و خستنه ژێر گوشاری كرێكاران، هه‌مووی ئه‌م فاكتۆرانه ده‌بنه هۆی لێكه‌وتنه‌وه‌ی ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كانی شوێنی كار. هه‌روه‌ها له زۆر حاڵه‌تدا نه‌بوونی ستانداردی ئیمه‌نی، به‌تایبه‌ت له بواری پیس بوونی هه‌وای ناو كارخانه به بێ ئه‌وه‌یكه به‌ڕواڵه‌ت ڕووداوێكی تایبه‌تیش ڕووی دابێت، ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشییه جۆراوجۆره‌كان، په‌ك كه‌وتن و سه‌ره‌نجام مه‌رگی پێشوه‌ختی كرێكاران.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كرێكاران، به‌تایبه‌ت كرێكارانی ڕۆژمزد و په‌یمانی له خزمه‌تگوزاریی بیمه‌ی “ته‌ئمینی ئیجتماعی” بێبه‌رین. زۆرێك له خاوه‌نكاره ده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌شی ده‌وڵه‌تیش له بیمه كردنی هێزی مرۆیی‌یان خۆده‌بوێرن. هه‌ربۆیه گیان له‌ده‌ست دانی كرێكارێك له ئێران سه‌ره‌ڕای گوشاری عاتفی و ده‌روونیی له ده‌ست دانی ئازیزێك، به‌مانای بێ نان و نه‌وا مانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كرێكارییه.
زۆر جار “ئیداره‌ی كار” و “ده‌زگای قه‌زایی” ڕژیمی دژه كرێكاری كۆماری ئیسلامی، بۆ ئه‌وه‌یكه خاوهنكاران بتوانن له پێدانی هه‌زینه به بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی شوێنی كار، له كه‌مته‌رخه‌می و كۆتایی له دابین كردنی ئیمه‌نیی شوێنه‌كانی كار خۆبدزنهوه، كرێكارانی قوربانیان به تاوانبار له قه‌ڵه‌م داوه. هه‌روه‌ها، لێكۆڵینه‌وه‌كان نیشانیان داوه كه زۆربه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی كه به‌هۆی ڕووداو كه‌م ئه‌ندام بوون و یان فه‌وتیان كردووه، له پشتیوانیی “سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی” به‌هره‌مه‌ند نه‌بوون.
خاوهنكاران به‌هۆی قازانج په‌ره‌ستی و ته‌ماعكاری، نه به‌نیازن ئاستی ئه‌منییه‌تی شوێنه‌كانی كار به‌رنه‌سه‌رێ و نه به‌خاتری نائه‌من بوونی شوێنه‌كانی كار، نیگه‌رانی گیان له‌ده‌ست دانی كرێكارانن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ئه‌وه‌ش نین كه كرێكاران له ترسی گیانیان پیشه‌كانیان به‌جێبێڵن. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه هه‌ركات بیانهه‌وێ، ده‌توانن له ناو له‌شكری ملیۆنیی ئه‌رته‌شی پاشكه‌وتی كاردا، كرێكارانی دیكه به‌كار بگرن و له هه‌مان شوێنه ناستاندارد و نائهمنهكهی جاران، هه‌موو جۆر كارێكی دژوار و زیانباریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.
سه‌رمایه‌داران بێجگه‌له وهسهریهكنانی قازانج بیر هیچ شتێكی‌تر ناكه‌نه‌وه. ئه‌وان نایانهه‌وێ هه‌زینه‌ی دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار بده‌ن. ئه‌گه‌ر زه‌بری خه‌باتی كرێكاران له‌سه‌ریان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌بیریان نامێنێ كه كرێكاریش مرۆڤه نه‌ك ئامرازی ده‌ستی ئه‌وان بۆ وه‌ده‌ست هێنانی قازانج. كوژرانی كرێكار له شوێنی كار و یان زیان دیتنی، چ به‌هۆی نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی ئیمه‌نی بێت و یان ماندوویه‌تی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری سه‌رچاوه‌گرتوو له ساعاتی دورودرێژی كار، چ به‌هۆی سه‌ختیی كار و چ به‌هۆی نه‌بوونی فێركاریی ئه‌منییه‌تی كه پێویسته له چه‌ندین قۆناغدا به كرێكار بوترێت، هه‌ر هه‌موویان له ڕیزی ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نایی دان. به‌خاتری هه‌ر ڕووداوێك كه سه‌رچاوه‌گرتوو له‌م هۆكارانه بێت، خاوه‌نكار پێویسته بكێشرێته پای مێزی موحاكمه. زیان دیتنی كرێكار تا كاتێك كه له دادگایه‌كی عادڵانه‌دا به به‌شداریی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی پێكهاتوو له كرێكاران، پێچه‌وانه‌كه‌ی نه‌سه‌لمێت، تاوانی جه‌نایی خاوه‌نكار به‌ئه‌ژمار دێت. له حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا كه له‌وانه‌یه ئه‌م هۆكارانه كاریگه‌ر نه‌بووبن، پێویسته بیمه به‌ته‌واوی كرێكاری زیان دیتوو و بنه‌ماڵه‌كه‌ی بگرێته‌وه.
تا كاتێك خرۆشی شۆڕشی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش دام و ده‌زگای ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و نیزامی سه‌رمایه‌داری تێكه‌وه نه‌پێچێت، كرێكاران خۆیانن كه ده‌بێ بیر له‌خۆیان بكه‌نه‌وه و به پشت به‌ستن به خه‌باتی ڕێكخراو و وشیارانه‌ی خۆیان، خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت ناچار به دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار بكه‌ن. كوشتاری كرێكاران له شوێنه‌كانی كار پێویسته قه‌تڵی به‌ئانقه‌ستی ده‌وڵه‌تی به‌ئه‌ژمار بێت. ڕووداوه‌كانی شوێنی كار چ له ڕووی ماندوویه‌تیی كرێكار و چ له ئاكامی ڕه‌چاو نه‌كردنی ستاندارده ئیمهنییهكانهوه بێت، پێویسته به پای خاوهنكاران بنووسرێت. بێ گۆمان، دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار وه‌ك هه‌ر خواستێكی ڕه‌وای دیكه، ته‌نیا به زه‌بری خه‌بات و هاوپشتی چینی كرێكار به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان دا ده‌سه‌پێت.