له ماوهی رۆژانی رابردوودا، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی “هاشم مورادی” و “ئیسماعیل محەممەدپوور” خەڵکی گوندی “شیناوێ”ی شاری پیرانشار، لەلایەن دادگای ئەمشارە، هەر یهكهو بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
به پێی راپۆرتهكان، دادگا ئەو دوو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە نهیارهكانی ڕژیم” تاوانبار کردووە. شایانی باسه، “هاشم مورادی” کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ پاش بانگهیشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەز، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی وهسیقه بە شێوەی کاتی لە گرتووخانه، ئازاد کرابوو. ههروهها، “ئیسماعیل محەممەدپوور” (حاجی عەبدوڵڵا) شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی وهسێقه بە شێوەی کاتی لە گرتووخانه ئازاد کرابوو.