حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی خەڵکی سەوڵاوا کە بە تۆمەتی “کوشتنی بهئەنقەست” به ئێعدام مهحكووم كرابوو، لە زیندانی ناوهندی سنە جێبەجێ کرا.
به پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار، حوکمی ئێعدامی “مستەفا سەیفی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی وێژنانی سەوڵاوا لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوویەوە. شایانی باسه، بنەماڵەی کوژراوەکە داوای بڕی ٣ میلیارد تمەن پارەیان وەک دیە کردبوو، بهڵام بنەماڵەی سەیفی نەیانتوانیوە ئەو بڕە پارەیە دابین بکەن. جێگهی ئاماژهیه، مستهفا سهیفی ڕێکەوتی ٥ی گوڵانی ساڵی ٩٥ لە سەر کێشەی بنهماڵهیی یەکێک لە نزیکانی خۆی کوشتبووە و هەر ئەو کات دەستبەسەر و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەی دوو ساڵ دواتر لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابوویهوه.