میدیاکانی عێراق ڕایانگهیاندووه: لە پارێزگای زیقار پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبر و لایەنگرانی سەدر لە مەیدانی “حەبوبی” لە ناوەڕاستی ئەمشارە روویدا و بەوهۆیەوە سێ كهس گیانی لەدەستدا و ٤٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕۆژی هەینی ٧ی سهرماوهز، چالاکوانانی تۆڕه کۆمەڵایەتییهكان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوكردووهتهوه كه تێدا دەرکەوتووە پاش هەڵکوتانە سەر چادرگەکانی خۆپیشاندەران لە لایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدرەوە، بە فیشەک چەند کەسێک برینداربوون. شایانی باسه، لایەنگرانی سەدر بە فیشەک و بەرد و چەقۆ و دارەوە پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوە. ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، دەیان خۆپیشاندەر کە کەسوکاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئۆكتۆبر بوون رژانە سەر پردی زەیتون لەناوەڕاستی ناسرییە و چەندین تایەیان سوتاندووه و داوایان كردووه كه لێپێچینەوە له بکوژانی خۆپیشاندەران بكهن. جێگهی ئاماژهیه، ساڵی رابردوو بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لەو شارە نزیکەی ٤٦ کەس کوژرابوون.