به هه‌زاران كه‌س له نه‌یارانی ڕێككه‌وتنی ئاشتی له نێوان ئه‌رمه‌نستان و كۆماری ئازه‌ربایجان، ڕۆژی چوارشه‌ممه بۆ جارێكی دیكه به له‌به‌ر چاونه‌گرتنی یاسای حكومه‌ت نیزامی له ئیره‌وان، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.
ڕاپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ناڕازییان به كۆبوونه‌وه له مه‌یدانی “ئازاد”ی شاری ئیره‌وان، به وتنه‌وه‌ی درووشم “نیكۆل پاشینیان” سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌رمه‌نستانیان به خیانه‌تكار ناوبردووه و خوازیاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی ناوبراو بوون. شایانی باسه، له نێوان ناڕازییان و هێزه‌كانی پۆلیس كه هه‌وڵیان ده‌دا پێش به به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه بگرن، تێكهه‌ڵچوون هاتووه‌ته ئاراوه و له ئه‌نجامیدا ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران ده‌ستبه‌سه‌ر كراون. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ناڕازیی خوازیاری ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی “نیكۆل پاشینیان” بوون و ناوبراو به به‌رپرسی “ڕێككه‌وتنی نادادپه‌روه‌رانه” له نێوان ئه‌رمه‌نستان و ئازه‌ربایجان ده‌زانن كه به‌هۆیه‌وه ئیمتیازێكی زۆر به لایه‌نی به‌رانبه‌ر دراوه.