بەپیى راپۆرتێکى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، سیاسەتى بریتانیا لە روبەڕوبونەوى ویرووسی کۆرۆنادا مافەکانى مرۆڤى پێشێل کردووە و چەندین بڕیار دراوە کە “هیچ پاساوێک هەڵناگرێت”.
لە راپۆرتەکەى لێبوردنى نێودەوڵەتیدا کە لە سایتی دیلی میل بریتانى بڵاوکراوەتەوە، ئەو رێکارانەى بریتانیا گرتویانەتەبەر بە شێوەیەکى بەرچاو رێگرى کردووە لە گەیشتنى پێداویستى پزیشکى بۆ کەسانى بەتەمەن بە تایبەتى چارەسەرى ناو نەخۆشخانە و هەوڵى رزگارکردنى ژیانیان نەدراوە. ههروهها باس لەوەکراوە کە “بۆریس جانسۆن” سەرۆک وەزیران لە سەرەتاوە ئاگاداربووە کە ویرووسی کۆرۆنا زیانى زیاتر به کەسانى بەتەمەن دهگهیهنێت و جگە لەوەش زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەسى بەتەمەن لەو وڵاتە لە خانەى سەرپەرشتانى کەسانى بەتەمەندان و زۆرینەیشیان لە بارى تەندروستى خراپدان و کەسانى لاوازن. بەپێى راپۆرتەکە تهنیا لەماوەى سێ مانگى رابردوودا لە بریتانیا و لە خانەى سەرپەرشتانى کەسانى بەتەمەندا ٢٨ ههزار و ١٤٦ حاڵەتى گیان لەدەستدان تۆمارکراوە کە لەو ژمارەیە ١٨ ههزار و ٥٦٢ کەسیان بەهۆى کۆرۆناوە بوە و ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە زیاتر لە ١٠ ههزار حاڵەتى دیکەى گیان لەدەستدان بەهۆى کەمى پشکنینەوە تۆمار نەکراون.