ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانی ڕۆژی شه‌ممه ڕایگه‌یاند كه له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا زیاتر له ٢٨٩ هه‌زار كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهان به ویرووسی كۆرۆنا گیرۆده بوون.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر له ٩ هه‌زار و ٧٠٠ كه‌س به‌م ویرووسه گیانیان له‌ده‌ستداوه و ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م ویرووسه له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان گه‌یشتووه‌ته ٦٢٩ هه‌زار كه‌س. ڕێكخراوی بێهداشتی جیهانی ڕۆژی هه‌ینی له ڕاپۆرتێكدا ڕایگه‌یاند كه ژماره‌ی تووشبوان به ویرووسی كۆرۆنا له ئاستی جیهاندا بۆ زیاتر له ١٥ ملیۆن و ٢٩٦ هه‌زار كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه. وڵاتی ئه‌مریكا كه ڕۆژی ڕابردوو سنووری ٤ ملیۆن تووشبوی تێپه‌ڕاند، زیاتر له هه‌ر وڵاتێكی دیكه به‌هۆی سیاسه‌تی ناكارامه‌ی ده‌وڵه‌تی ترامپ له به‌رامبه‌ر ویرووسی كۆرۆنا، زۆرترین زیانی پێگه‌یشتووه. له دوای ئه‌مریكاش وڵاتانی به‌ڕازیل به ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار تووشبو، هێند به یه‌ك ملیۆن و ٢٨ هه‌زار تووشبو دێن كه جه‌مسه‌ره‌كانی دیكه‌ی سێ گۆشه‌ی ملیۆنی جیهان پێك دێنن. هاوكات وه‌زاره‌تی بێهداشتی كۆماری ئیسلامیی ڕایگه‌یاندووه كه له ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، ٢١٥ كه‌س به‌هۆی ئه‌م ویرووسه گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه به‌هۆی ئاماری وه‌زاره‌تی بێهداشتی ڕژیم، كۆی قوربانییانی ئه‌م ویرووسه له ئێران گه‌یشتووه‌ته ١٥ هه‌زار و ٢٨٩ كه‌س و كۆی تووشبوانیش به هه‌ژمار كردنی ٢ هه‌زار و ٤٨٩ كه‌سی دیكه له ڕۆژی هه‌ینی، بۆ ٢٨٦ هه‌زار و ٥٢٣ كه‌س به‌رزبووه‌ته‌وه.