له كاتێكدا كه پێشتوور ده‌زگای دادوه‌ری ئێران داوای سزای ئێعدامی بۆ هه‌ندێك له تۆمه‌تبارانی “جاسووسی له ناوه‌نده سه‌ربازییه‌كان” بڵاوكردبوویه‌وه، وه‌زاره‌تی ئیتلاعات ژماره‌ی ده‌ستگیركراوه‌كانی له ناوه‌نده هه‌ستیاره‌كان ١٧ كه‌س ڕاگه‌یاندووه و ڕاشیگه‌یاندووه كه كۆمه‌ڵێك له‌و كه‌سانه به ئێعدام مه‌حكووم كراون.
به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریی ئیسنا، به‌ڕێوه‌به‌ری دژه سیخوڕی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ڕژیم ڕۆژی دووشه‌ممه ٣١ی مانگی پووشپه‌ڕ باسی له ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ١٧ سیخوڕی ڕاهێنراوی ڕێكخراوی زانیاری ئه‌مریكا ناسراو به “سی ئای ئه‌ی” له ٢٨ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ كرد و وتی كه هه‌ندێكیان سزا دراون و هه‌ندێكیشیان وه‌ك “مفسد فی الارض” ناسێنراون. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دژه سیخوڕی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات كه ناوه‌كه‌ی له ڕاگه‌یاندنه‌كاندا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه وتی: ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان له پسپۆڕان و كارناسانی ئێرانی بوون كه له ناوه‌نده هه‌ستیاره‌كان له‌وانه، ئابووری، ئه‌تۆمی و سه‌ربازی و سایبێری ئێران كاریان كردووه.