کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

كرێكارانی هه‌فت ته‌په له‌ جه‌رگه‌ی مانگرتندا بارهاتوون

d9b96f3c 9eb9 4eaf aa98

d9b96f3c 9eb9 4eaf aa98 1adca7f74e84 16x9 600x338

شه‌پۆلی نوێی مانگرتنی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ كه‌ له‌ ڕۆژی ٢٦ی جۆزه‌ردانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌ حاڵێكدا كه‌ به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمیی “ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا“، ئۆستانی خووزستان له‌ بواری بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ باروودۆخێكی دژوار و مه‌ترسیدار دایه‌، كرێكارانی ناڕازیی هه‌فت ته‌په‌، به‌وهۆیه‌ی‌ كه‌ بۆ دابین كردنی سه‌ره‌كیترین پێداویستیی ڕۆژانه‌ی ژیانی خۆیان، ته‌نانه‌ت شیری ویشك بۆ منداڵه‌كانیان بۆ دابین نابێت، ڕێگایه‌كیان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بێجگه‌له‌ ئه‌وه‌یكه‌ به‌ هه‌موو مه‌ترسیه‌كانی تووش بوون به‌ كۆرۆنا ش، درێژه‌ به‌ مانگرتن و ڕێپێوان و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١١ی مانگی پووشپه‌ڕ، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیی یه‌كگرتووانه‌ی نزیك به‌ پێنج هه‌زار كرێكاری شیركه‌تی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌، پێی نایه‌ حه‌ڤده‌هومین ڕۆژی خۆیه‌وه‌. له‌م ڕۆژه‌دا سه‌دان كرێكاری مانگرتووی ئه‌م ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌، به‌ وتنه‌وه‌ی درووشمی وه‌ك “كرێكاری هه‌فت ته‌په‌، یه‌كگرتن، یه‌كگرتن“، “كرێكار ده‌مرێ، به‌ڵام سووكایه‌تی قه‌بووڵ ناكات“، “گه‌ر یه‌ك دزی كه‌م بێته‌وه‌، كێشه‌مان چاره‌سه‌ر ده‌بێت“، له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی شووش ده‌ستیان دایه‌ ڕێپێوان. كرێكاران پاش ڕپێێوانه‌كه‌، له‌ به‌رامبه‌ر بینای فه‌رمانداری شووش كۆبوونه‌وه‌ و بۆ جارێكی دیكه‌ ڕایانگه‌یاند كه‌ هه‌تا گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی درێژه‌ پێده‌ده‌ن. كرێكاران له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌سه‌ر داخوازیه‌كانی خۆیان، له‌وانه‌ پێدانی ده‌ستبه‌جێی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كان، دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌فته‌رچه‌كانی بیمه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ركاری ئیسماعیل به‌خشی، ئیمان خزری، محه‌ممه‌د خه‌نفه‌ر، سالار بیژه‌نی و هاوكارانی ده‌ركراویان، موحاكمه‌ی عادڵانه‌ی ئۆمێد ئه‌سه‌دبه‌یگی به‌ڕێوه‌به‌ری شیركه‌ت، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ته‌ دزراوه‌كان به‌ كرێكاران و لابردنی كه‌رتی تایبه‌ت پێداگریان كرد و خوازیاری پێڕاگه‌یشتنی به‌رپرسان به‌ خواسته‌كانیان بوون. له‌ حاڵێكدا كه‌ یه‌كێك له‌ خواسته‌كانی كرێكاران، موحاكمه‌ی ئۆمێد ئه‌سه‌دبه‌یگی خاوه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی شیركه‌ته‌، ناوبراو به‌ دانانی بارمته‌ ئازاد كراوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان به‌سه‌ر ده‌بات. سه‌رۆكی دادگوسته‌ریی شاری شووش له‌ كاردانه‌وه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ سه‌دا و سیمای ڕژیم ڕایگه‌یاند “به‌هۆی ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ی كه‌ كراوه،‌ هه‌تا حه‌فته‌ی داهاتوو، حه‌قده‌ستی یه‌ك مانگی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ ده‌درێت“. سه‌رۆكی ئیداره‌ی ته‌عاون، كار و ڕه‌فاهی ئیجتماعی شارستانی شووشیش باسی له‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌فته‌رچه‌ی بیمه‌ی كرێكارانی ئه‌م شیركه‌ته‌ له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زیری ته‌عاون، كار و ڕه‌فاهی ئیجتماعی كرد و وتی: “ده‌فته‌رچه‌كانی بیمه‌ی كرێكارانی ئه‌م شیركه‌ته‌ چوارشه‌ممه‌ ١١ی پووشپه‌ڕ دووباره‌ ده‌كرێنه‌وه‌” به‌ڵام كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ واده‌ و به‌ڵێنی درۆیینی خاوه‌نكار و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه‌، به‌ ناباوه‌ڕی و وشیاریه‌وه‌ سه‌رنج ده‌ده‌نه‌ ئه‌م واده‌ و به‌ڵێنیانه‌.

كرێكارانی مانگرتووی هه‌فت ته‌په‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا له‌ حه‌ساری كارخانه‌ و له‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خۆیان واته‌ له‌ “سه‌نگه‌ر” ده‌ستیان داوه‌ته‌‌ كۆبوونه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی درێژه‌ی مانگرتن ڕاوێژیان كردووه‌ و بڕیاریان داوه. كرێكارانی مانگرتوو هه‌تا ئێستا له‌سه‌ر پێویستیی پاراستنی یه‌كگرتوویی هه‌تا گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان پێداگریان كردووه‌ و له‌ ئاست واده‌ و به‌ڵێنیی درۆیینه‌ و ئاژاوه‌گێڕیی ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی خاوه‌نكار و ڕژیم له‌ناو كرێكاراندا، هۆشداریان داوه‌. كرێكاران كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی درێژه‌ی مانگرتن و ڕێكخستنه‌كه‌ی، پێداگریان كردووه‌، بێ گومان، به‌ پشت به‌ستن به‌ ئیراده‌ی به‌كۆمه‌ڵ و به‌ وشیاریه‌وه،‌ وڵامی به‌ڵێنیه‌كانی سه‌رۆكی دادگوسته‌ری و سه‌رۆكی ئیداره‌ی ته‌عاون، كار و ته‌ئمینی ئیجتماعی ده‌ده‌نه‌وه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن، ڕیزی یه‌كگرتووی كرێكاران له‌ كاردانه‌وه‌ به‌م به‌ڵێنیانه، له‌گه‌ڵ ناكۆكی به‌رڕوڕوو بێته‌وه‌. كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ ماوه‌ی ٥ ساڵی ڕابردوودا، پتر له‌ سه‌د مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕێوه‌بردووه‌. ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ جه‌رگه‌ی مانگرتندا بارهاتوون. مانگرتنی هه‌فت ته‌په‌، هه‌تا ئێستا، هێزی یه‌كگرتوو و هاوپشتیی خه‌باتكارانه‌ی له‌ناو ڕیزی مانگرتوواندا به‌هێز كردووه‌ و هه‌ستی هاوچاره‌نووس بوونی خستووه‌ته‌ ناو دڵی بنه‌ماڵه‌كانه‌وه‌. ئه‌م مانگرتنه‌ یاسای ملكه‌چبوونی ڕۆژانه‌ی كرێكاری له‌ خاوه‌نكار، له‌ناو په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رماداریدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاتیش بێت، هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و وره‌ی به‌خشیوه‌ به‌گشت كرێكاران. ئه‌م مانگرتنه‌، زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك له‌ناو ڕیزی كرێكاراندا، په‌ره‌ی به‌ وشیاربوون له‌ئاست ماهیه‌تی چینایه‌تی و كرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داران و میدیاكانیان داوه‌. كرێكاران تامی ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆ له‌ بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنی به‌كۆمه‌ڵیان له‌ جه‌رگه‌ی مانگرتندا چێشتووه‌. كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ جه‌ره‌یانی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنه‌كانی خۆیاندا، زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك پشتیان به‌ هێزی خۆیان به‌ستووه‌. ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ ئه‌م مانگرتنه،‌ به‌ لێبڕاوی و لێهاتوویی ڕێبه‌رانی، هه‌تا ئێستا توانیویه‌تی تاكتیكه‌كانی خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت به‌ ئامانجی تێكشكاندنی ئه‌م مانگرتنه‌ پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌ و له‌ درێژه‌شدا ده‌توانێ له‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی و خه‌باتكارانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا كاریگه‌ری دابنێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌ی مانگرتنی یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، هه‌ر له‌م حه‌فته‌یه‌دا، شایه‌دی به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ندین مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی خواسته‌كانیان بووین. درێژه‌ و هاوكات بوونی ئه‌م مانگرتنانه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بۆ وه‌دی هێنانی خواستی هاوشێوه‌، بوارێكی بابه‌تیی بۆ په‌یوه‌نددان و پێكهێنانی هاوئاهه‌نگی له‌ ڕێبه‌ریی ئه‌م خه‌باته‌دا دابین كردووه‌. له‌م بواره‌دا هێنانه‌ گۆڕی داخوازیی یه‌كده‌ست، ده‌بێته‌ هۆی یه‌كگرتوویی و سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌ی زیاتری خه‌باتی كرێكاران. هه‌ر ئه‌م ساده‌ترین شكڵی یه‌كگرتنه‌ له‌ ڕێگه‌ی داخوازیی و درووشمی واحده‌وه‌، ڕێگا بۆ هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری خۆش ده‌كات تا هاوپشتی و هاوڕێیه‌تیی كرێكاری، ڕێكخراوبوون و متمانه‌به‌خۆیی و باوه‌ڕ به‌ هێزی چینی كرێكار، به‌هێزتر بكه‌ن.

به‌ڵام هاوئاراسته‌ كردن، هاوئاهه‌نگیی و هاوكات بوونی خه‌باتی كرێكاران له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كاندا و هاوپشتی و پشتوانیی ناوه‌نده‌كان له‌ یه‌كتر، به‌ بێ بوونی په‌یوه‌ندیی نزیك له‌ نێوان ئه‌و ڕێبه‌ر و هه‌ڵسووڕاووه‌ كرێكارییه‌ پێشڕه‌وانه‌ی كه‌ سه‌رڕشته‌ی خه‌باتیان له‌ ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاریدا به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، مه‌یسه‌ر نابێت.  له‌ باروودۆخی نه‌بوونی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و چینایه‌تیی سه‌رتاسه‌ریی كرێكاران كه‌ بتوانێ له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا له‌ ڕێگه‌ی بانگه‌واز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مانگرتن، پێشڕه‌وی و سه‌ركه‌وتنی خه‌بات زه‌مانه‌ت كات و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری یه‌كگرتووانه‌ بێنێته‌ مه‌یدان، ئه‌وه‌ ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له‌ ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تی و خزمه‌تگوزاریه‌ جۆراوجۆره‌كاندان، كه له‌‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی گرتن و هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كتر و به‌ پێكهێنانی ڕێكخراو و ناوه‌ندی وه‌ك شۆرای هاوكاریی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، ده‌توانن تا ڕاده‌یه‌ك، بۆشایی نه‌بوونی ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ریه‌كان، پڕ بكه‌نه‌وه‌.