به هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی ئیسڕائیل ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٨ی جۆزه‌ردان، له ناڕه‌زایه‌تیی به بڕیاری “بێنیامین نێتانیاهوو” سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته بۆ په‌ره‌پێدان به ڕه‌وتی ساخت و ساز له ناوچه‌كانی لێواری ڕۆژئاوا، خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.
خۆپیشانده‌ران كه به‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن به بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به لێدانی ماسك و ڕه‌چاوكردنی مه‌ودای كۆمه‌ڵایه‌تیی هاتبوونه سه‌ر شه‌قام، به به‌ده‌سته‌وه گرتنی چه‌ندین پلاكارد به ناوه‌ڕۆكی “نا بۆ گه‌شه‌پێدان”، “نا بۆ داگیركردن”، “به‌ڵێ بۆ ئاشتی” و “خه‌ڵك سالاری” له‌ئاست ئه‌م بڕیاره ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ئه‌م خۆپیشاندانه له لایه‌ن گرووپه چه‌په‌كانی ئیسڕائیله‌وه ڕێكخرابوو. نێتانیاهوو به‌نیازه له ڕێكه‌وتی ١١ی پووشپه‌ڕ، ته‌رحی نوێی خۆی بۆ په‌ره‌پێدان به ساخت و ساز له لێواری ڕۆژئاوا و ئۆردۆن ده‌ست پێ بكات.