سەرچاوە ئەمنییهکان باس لەوە دهكهن کە دەوروبەری باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا جارێکی دیکە کراوەتە ئامانجی هێرش به کاتیۆشا.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی گوڵان هێرشی ڕاکێتی کراوەتە سەر باڵویزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا. هاوكات کۆمیتەی زانیاری گەیاندنی ئەمنییەتیی عێراق بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک ڕایگەیاندووە: کاتیۆشایەک لە ماڵە چۆڵەکانی نێو ناوچەی سەوزی داوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو ڕاکێتە لە شارەکی “ئەلادریسی” لە شەقامی ” فەلەستینـ”ـەوە هاویشتراوە و پاش کەوتنە خوارەوە خەسارەتێکی کەمی بە ماڵەکان گەیاندووە. شایانی باسه، هەندێک لە زانیارییە نافەرمییەکان باس لە برینداربوونی چەند کەس بەهۆی ئەو هێرشانەوە دهكهن. جێگهی ئاماژهیه، ئەمە ٢٨مین حاڵەتی هێرشی لەو چەشنەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە عێراق.