کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چوار ساڵی بەرجام و ئەو هیوایانەی لەسەر باهۆز گریدرابوون

161

161

دوێنێ یەکشەممە ٢٣ی مانگی پوشپەڕ به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ چواری ژوئییە، چوار ساڵ بەسەر تەمەنی” بەرجام”دا تێپەڕی. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم ڕێككه‌وتنه‌ لە ٢٣ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ لە نێوان کۆماری ئیسلامیی و گرووپی پێنج كۆ یه‌ك له‌وانه‌، ئەمریکا، فەرانسە، ئینگلس، ڕووسییە، چین و ئاڵمان مۆر کرا، بەڵام نزیک بە ٦ مانگ دواتر واتە لە سەره‌تای ساڵی ٢٠١٦ دا کەوتە قۆناغی کرداریەوە. دەوڵەتی ڕووحانی کە بەرپرسیاری بەرەوپێش بردنی گفتوگۆكانی لە ئەستۆ بوو، ئیمزای قەراردادەکەی بە دەست که‌وتێکی گرنگی دیپلۆماسی کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند و ئەوی بە سەرمایەیەک بۆ هەڵبژاردنی دەورەی داهاتووی سەرۆک کۆماری بۆخۆی تۆمار کرد. هەڵبەت نابێ لەبیر بچێتەوە کە وتووێژە نهێنیەکانی نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی ئەمریکا لە کاتی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نیژاد لە سوڵتان نشینی عومان بە چرا سەوز و هیدایەتی خامنەیی دەستی پێکردبوو وە بەم جۆرە بێجگە لەو هێرشانەی کە باندەکانی ڕژیم دوای شکست هینانی دەیانکردە سەر یەکتری، هیچ شتێک نەبوو جگە لە پاراستنی ڕواڵەت، چونکە هەردوو باڵەکە لە بەستنی ئەم قەراردادەدا دەوریان هەبووە. لەگەڵ ئەوەدا هەر کۆسپیک کە لەسەر ڕێگای بەرەو پێشچوونی بەرجامدا ده‌هاته‌ بەرەوە، هەردو لا یەکتریان بە کارشکێنی و یان ڕەچاو نەکردنی ڕێنماییەکانی خامنەیی تۆمەتبار دەکرد.

هەرچەند کە کاربەدەستانی ڕژیم بۆ چوار دەیە دەهۆڵی مەرگ بەر ئەمریکایان کوتابوو، ئێستا باسیان لە نەرمشی قارەمانانە دەکرد. بەڵام به‌رگه‌كانی قەراردادی بەرجام نیشانی دەدات کە ئەم نەرمشە قارەمانانەیە هیچ شتێک نەبوو جگە لە تەسلیم بوونێکی داماوانە بۆ ڕزگار کردنی ڕژیم لە قەیرانی هەمە لایەنەی ئابووری و کۆماڵایەتی. دەوڵەتی ڕووحانی به‌ڵێنی گەشەی ئابووری ٨ لەسەدی دەدا کە گۆیا بە بەرەکەتی هاتنی سەرمایەی خاریجی قەراربوو رووبدات. دەوڵەتی ڕووحانی بۆ ئامادەکردنی بارودۆخیکی لەبار بۆ چوونی سەرمایەی دەرەکی، گەڵاڵەی یاسای کاری کە لە کاتی ئەحمەدی نیژاد دا لە دستوری کاری مەجلیس دەرهاتبوو، جاریکی تر بۆ تەرح کردنەوەی سەرلەنوێ ئامادە دەکرد. ئیسلاحی یاسای کار ده‌بوایه‌ ئەم ئیمکانەی فەراهەم بکردایە کە سەرمایەگوزاران بتوانن بەدەستی کراوە خەریکی تاڵان کردنی هێزی کاری کرێکاران بن و دەستبەر بوونی قازانجێکی زۆر بۆیان زەمانەت بکەن. ئەگەر لە کاتی تەحریمەکاندا ئەوە کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگا بوون کە دەبوو تاوانی ئاوسانی هەوسار پچڕاو و هەژاری بدەن، ئەمجار دەبێ بە قەراردادی بەرجام خۆیان بۆ توندترین بەهرەکێشی ئامادە بکەن. لەم نێوانەدا بەڵام پێکهاتەی سیاسی ڕژیم کۆسپی سەرەکی بوو لەسەر ڕێگای هاتنی سەرمایەی دەرەکی. بەر لە هەمووان سپای پاسداران کە سەرپەره‌شتی بەشێکی زۆری ئابووری کۆمەڵگا بوو، دەبوو خۆی لەگەڵ ئەم بارودۆخە نوێیە بگونجاندایە و ئەمە هەڵبەت کارێکی هاسان نەبوو. لەگەڵ ئەوەدا ئەمە لە بەستێنی لابردنی تەحریمەکاندا ڕژیم هەناردە کردنی نەوتی خۆی گەیاندە ئاستی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە داهاتێکی زیاتر لە ٥٥ میلیارد دۆلاری بوو کە خۆی ٤٥ لەسەدی زیاتر لە ساڵی پێشوو بوو. بەڵام بەشی زۆری ئەم داهاتە کەڵانە نەوتیانە یان سەرفی بورۆکراسی زۆری ڕژیم و پەره‌سەندنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و تەبلیغی خورافات و ئەفکاری پڕتوکاو یان ئێختلاسی نجومی و یان هەزینەی بەرزەفڕیەکانی ڕژیم لە دەرەوەی سنوورەکان کرا. و ئەمەی ئاخریان لەگەڵ ستراتێژی ئەمریکا کە لە ڕێگای قەراردادی بەرجامەوە بەشوێن دابین بوونیەوە بوو، نەدەهاتەوە. دەوڵەتی ئێمپریالیستی ئەمریکا قەت نەیشاردبۆوە کە ئامانجی تەنیا بەرتەسک کردنەوەی سیاسەتە هەستەییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبووە و تەنانەت قەراردادی بەرجام ئاڵقەیەک لە زنجیرەی ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا واتە هەوجیهەت بوونی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ سیاسەت و ستراتێژیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدایە. بە دەسەلات گەیشتنی ترامپ و ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام لە ڕاستیدا خاڵی کۆتایی لەسەر هەوڵەکانی ڕژیم بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بوو. هەر سێ وڵاتی ئۆرووپایی هەرچەند لەسەر بڕیاری ترامپ سەبارەت بە کشانەوە لە بەرجام ڕەخنەیان هەبوو و بەردەوام بە” پابەند بوون بە بەرجامەوە” جەختیان دەکردەوە، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە ڕزگار کردنی بەرجام لە گرەوی وتووێژی تەکمیلی سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکان و دەوری ئێران لە ناوچەکەدا بوو. پێبەند بوونی وڵاتانی سیانەی ئۆرووپا بە بەرجامەوە لە بەرانبەر تەحریمەکانی دواتری ئەمریکادا هیج شتێک نه‌بوو جگە لە کۆمەڵێک وشەی هێور کەرەوە بۆ نەخۆشێک کە لەسەر جێگای مەرگ کەوتبوو. ئاکام ئەوەی کە وێڕای بوونی هەموو قەول و قەرارەکان، تەرحی” ئینستکس” بۆ ئەنجامی معامەلاتی بازه‌رگانی نێوان شیرکەتە ئۆرووپاییەکان و ئێران هەروا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی گولانی ئەمساڵدا گەیشتە ژێر ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەڕەشەکانی ڕژیم بۆ دەست پیکردنەوەی چالاکییە هەستەییەکانی نەتەنیا کاراییەکی ئەتۆی نەبووە، بەڵکوو بۆتە هۆی کاردانەوەی توند لە لایەن وڵاتانی ئۆرووپاییەوە. و هەڵبەت هەموو ئەم بارودۆخە لە حاڵەتێک دایە کە هەوڵە ئابوورییه‌کانی کۆمەڵگا خێراییەکەی زیاتر بووە. بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئامار، تەوەڕومی خاڵ بە خاڵی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ گەیشتۆتە ٥١ لەسەد.

له‌ ڕاستی دا ڕژیم ئیمکان و توانایی بۆ کەم کردنەوەی ئەم قەیرانە زۆرە ئابوورییەی نییە. و ئەمەش هەڵبەت تەنیا کێشەی ڕژیم نییە. کێشەی گرنگ تری ڕژیم و ترسی ڕاستەقینەی لە پەره‌سەندنی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی، لە مانگرتنی کرێکاران، خانەنشین كراوان، مۆعه‌لیمان، خوێندکاران و توشی کێشە بوون لە لایەن ژنانەوەیە. لەم نێوانەدا توند بوونەوەی فەزای جەنگی لە ناوچەکەدا و ناکۆکییەکانی نیوان ئەمریکا و ڕژیم ئاڵقەی گەمارۆکانی بە دەوری ڕژیمدا تەنگتر کردووه‌تەوە.

بە دڵنیاییەوە دەکرێ بوترێت کە هەوڵی باندەکانی ڕژیم و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ هاتنە پشت یەکێک لە لایەنەکانی ئەم کێشەیە بەهرەیەکی نەبووە. له‌ ڕاستی دا نە دەورانی گه‌مارۆكان و نە لە دەورانی لاچوونی تەحریمەکاندا ئاڵوگۆڕێک لە ژیانی خەڵکدا بەدی نەهات. و سەرجەم وەعدە و بەڵینەکانی کە سەبارەت بە بوژانەوەی ئابووری دوای قەراردادی بەرجام و هاتنی سەرمایەی دەرەکی دەدرا، نانیکی بە سفرەی خەڵک زیاد نەکرد. بەم جۆرە هیچ هۆکارێک بوونی نییە کە خەڵک ببێته‌ پیادە نیزامی کێشەی کۆنەپەره‌ستانەی ئێمپڕیالیستەکان و ڕژیم. ڕیگا چارەی خەڵک بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخە تەنیا دەتوانێ پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی، دروست کردنی ڕێكخراوی سەربەخۆی سەرتاسەری و ئامادەکاری بۆ نەبەردی کۆتایی بێت.