ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوورییه، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٨ی مانگی گوڵان ڕایگه‌یاند كه له ئه‌نجامی هێرشی گرووپی ئیسلامیی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌ڕته‌شی سوورییه له بیابانێكی ئه‌م وڵاته، لانیكه‌م ١١ كه‌س له هێزه‌كانی سوورییه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌وته‌ی ئه‌م ڕێكخراوه‌یه، ئه‌م هێرشه ئۆتومبێلی هه‌ڵگری سه‌ربازانی ئه‌ڕته‌ش و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌شار ئه‌سه‌دی له نێوان شاره‌كانی سه‌حنه و حۆمس له ناوه‌ندی سوورییه و هه‌روه‌ها ئه‌لشۆلا له پارێزگای ده‌یره‌لزوور له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته كردووه‌ته ئامانج. چاودێری مافی مرۆڤ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه كه به‌هۆی ئه‌م هێرشه‌وه چه‌ندین كه‌سیش بریندرابوون كه دۆخی ته‌ندرووستی هه‌ندێكیان ناجێگیره. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك مانگ له‌مه‌وبه‌ریش، نزیكه‌ی ٢٧ كه‌س له هێزه‌كانی ئه‌ڕته‌شی سوورییه له شاری سه‌خنه كه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د دایه، له لایه‌ن داعشه‌وه كوژرابوون.