وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٦٥ کەسی دیكه بەهۆی ویرووسی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئه‌م ویرووسه‌وه لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووه‌تە ٦ هەزارو ١٥٦ کەس.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ویرووسی کۆرۆنا بە خراپترین شێوە کاری تێکردووە. لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ئه‌م ویرووسه بوون گەیشتووه‌تە ٩٦ هەزار و ٤٤٦ کەس و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٨٠٢ حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە کە ئەمەش کەمترین ژمارەیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا. هاوكات کیانوش جەهانپوور ڕایگه‌یاند كه ٢ هەزار و ٧٨٧ کەس ڕەوشی تەندروستیان ناجێگیره، بەڵام هەتا ئێستا ٧٧ هەزار و ٣٥٠ کەس چاکبوونەتەوە. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه له ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌ندێك له نوێنه‌رانی به‌ناو نوێنه‌ری خه‌ڵك له مه‌جلیس، ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیان ڕه‌ت كردبووه و ڕایاگه‌یاندبوو كه ڕێژه‌ی قوربانییانی ئه‌م ویرووسه چه‌ندین قات زیاتره له‌و ژماره‌یه كه له لایه‌ن ئه‌م ناوه‌نده‌وه ڕاگه‌یه‌ندراوه.